سه‌ركۆ یونس 16/07/2022 413 جار خوێنراوەتەوە

هۆشیاری ئاو


ئاو، دەرامەتێکی گرنگ و ستراتیژی ئابووری وسیاسی وکۆمەڵایەتی، هەموو گەل و نەتەوەیە.
ئاو سەرچاوەی ژیانە، بەبێ ئاو ژیان مەحاڵە، ڕەگەزی سەرەکی ژینگەیە، پێکهاتەی زۆربەی کاڵاوشمەکەکانە، لە هەمووی گرنگتر، لەشی مرۆڤێکی ئاسایی، نزیکەی زیاتر لە(%65) ئاوە.
هەرێمی کوردستان، سەرچاوەی ئاوی شیرینی زۆرە، بەڵام بەداخەوە نەتوانراوە بەتەواوی سوودی لێوەربگیرێت، بەڵکو رێژەیەکی زۆری ئاوەکانی بەفیڕۆ دەڕوات، بەهۆی نەبوونی بەنداوی گونجاو لەسەر روبارەکان.
ساڵانە قەیرانی کەمئاوی لە شاروشارۆچکەکانی هەرێم سەرهەڵدەداتەوە، لە ئێستادا بەهۆی وشکەساڵییەوە بەشێکی زۆری گوندەکانیش تووشی کەمئاوی ونەمان و وشکبوونی کانی و کارێزەکانیان بوون، بەتایبەت دەڤەری گەرمیان و دەشتی هەولێر.
بەباشی بەکارهێنانی ئاو، لەبابەتەگرنگەکانی ئێستای ژیانە، بەرپرسیارییەتی هەموو لایەکە لە پێناو پاراستنی دەرامەتە سروشتییەکان، هەربۆیە پێویستە بەهەڵسوکەوتی شارستانییانە ئاو بەکاربهێنین، تا بتوانین بەکەمترین تێچوون، پێداویستی ئەم بارودۆخە بەدەستبهێنین.

دوورکەوتنەوە لە بەفیڕۆدانی ئاو، هەنگاوی یەکەمی هۆشیارییە، ئەم کارە زیاتر لە ئەستۆی کابانی ماڵەوەیە، چونکە زیاتر ئەوان پەیوەستن بەکاروباری ماڵەوە.
دابەشکردنی تۆڕەکامی ئاوی شیرین لە کوردستاندا، بەڕێگای بۆری دابینکراوە، دەرئەنجامی بەدواداچوون پێمانوایە، لەهەندێ شارو شارۆچکەو گەرەکەکاندا، نادادپەروەری دابەشکردن هەیە. هەروەها زیاد بەکاربردنی ئاوی شیرین بۆ پاککردنەوەی ماڵ وپێداویستییەکان و ئۆتۆمبیل، ناهۆشیارییە و دەچێتە خانەی بەفیڕۆدانەوە، بەداخەوە سەرەڕای بێ ئاوی، هێشتا بەشێک لە ژنان، ئاوی پاک و شیرین بەفیڕۆ دەدەن!

بەدەستهێنانی ئاوی شیرین بۆ خواردنەوە، لەئێستادا یەکێکە لەگەورەترین کێشەوئاستەنگەکانی بەردەم حکومەتەکان، بەتایبەتی ووڵاتانی قاڕەی ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. زۆربەی وڵاتان، بودجەی تایبەتیان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە مەترسیدارە تەرخانکردووە، بەڵام کێشەکە زۆر لەوە گەورەترە چونکە لەئێستادا و دەرئەنجامی ووشکەساڵی، ئاوی ژێرزەوی تاڕادەیەکی زۆر دابەزیوە و بەسەدان مەتر قووڵایی ئینجا ئاو دەستدەکەوێت و کەمیشە.
لەلایەکی ترەوە، سەرجەم کەرتەئابورییەکان، بەبێ ئاو نایەنە بەرهەم، ئاو پێویستی سەرەکی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزارو پیشەسازییە.

ئەرکی هەموولایەکە، هۆشیاری بەکاربردنی ئاو، بڵاوبکەینەوە بە نووسین و وتار و بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنی و کورتەڤیدیۆ بەتایبەت لەتۆرەکۆمەڵایەتیەکان.
بێ گومان، دەبێت لەوە تێ بگەین، کەدابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بەگشتی، پێداویستی ئاوی پاک بەتایبەتی هەروا کارێکی ئاسان نابێت لەئایندەدا، بگرە ساڵ لەدوای ساڵ، قورسترو گرانتر دەبێت.
هەربۆیە، پاراستنی سامانێکی گرنگ وستراتیژی نیشتیمانی وەک ئاو، ئەرک و ئەخلاقە.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا