سهركۆ یونس
12/04/2021
660 جار خوێنراوەتەوە
گازی سروشتی، گرنگتر لەنەوت
سەركۆ یونس
لەپاش نزیكەی دەساڵ، لە وەبەرهێنان و هەناردەكردن و بەفرۆشتنی نەوتی كوردستان، هەندێك پێیان وایە، هەنگاوێكی سەركەوتوو بووە، زۆرینەش پێیان وایە، ئەم هەنگاوەی حكومەت سەركەوتنی بەدەست نەهێناوە. دەرئەنجامی ئەم كارە، ئابوری هەرێم تووشی چەندین ئاستەنگ و هەورازونشێو بووە، دەرهاویشتەخراپەكانی ئەم پرۆسەیە، بەسەر كۆمەڵگاوە ڕەنگیداوەتەوە، هەربۆیە پێویستە بیر لە جێگرەوەی تر بكرێتەوە، كە ئەویش گازی سروشتییە ..
خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان، بێ بەش نی یە لەسامانی گازی سروشتی، چەند كێڵگەیەكی گازی سروشتیمان هەیە، كە هەم ڕێژەی بوونی گازەكە زۆر وگەورەیە، هەم لەجۆری باشە.
بەپێ ی بڵاوكراوەكان، لە(3%) گازی سروشتی جیهان لەهەرێمدایە، پلەی (8) لەیەدەگی گازی سروشتی جیهانی وەرگرتووە، بۆ ڕوبەرێكی بچوكی وەك هەرێم، ئەم ڕێژەیە بەبەراورد بەجیهان زۆر گەورەیە، پێویستە حكومەت ستراتیژیانە، لەم سامانە گرنگە بڕوانێت و پلانی تۆكمەی زانستی و واقعی ودوورمەودای هەبێت.
یەدەگی گازی سروشتی لەكوردستان (27) ترلیۆن پێ سێجایە، قەبارەیەكی گەورەیە، ئەم یەدەگە دابەشبووە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمداو سنوری پارێزگای سلێمانی، ڕێژەی (%80) ئەم سامانەستراتیژییەی لەخۆگرتوە، لەكێڵگەكانی كۆمۆر وچەمچەماڵ ومیرانە و تاووگێ وخۆرمەڵە و تەقتەق و سەرقەڵا وچەندینی تر پێكدێت.
زۆر گرنگە، حكومەتی هەرێم، بەووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم سەرچاوە ستراتیژییەدا بكات، كەبەردەوام خواستی زیاتری دەچێتە سەر و داواكاری وڵاتان و كۆمپانیا زەبەلاحەكانی لەسەرە.
دەستبەكاربونی وەزیری نوێ ی سامانە سروشتی یەكان، هەنگاوێكی گرنگە، بۆ بەرەوپێشچوونی ئیشوكاری وەزارەت و ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ، بەمەرجی شەفافیەت.
زۆر گرنگە، وەبەرهێنان بكرێت لەم سامانەستراتیژییەدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی نرخی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینی و هەمیشە مەترسی بەبازاڕكردنی لەسەرە، بەگشتی و بۆ نەوتی كوردستان بەتایبەتی كە بەكەمتر لەنرخی نەوتی جیهانی دەفرۆشرێت..
حكومەتی هەرێم، دەتوانێت بەپلانی درێژخایەن وستراتیژی، وەبەرهێنان لەگازی سروشتیدا بكات، بۆئەوەی ببێتە جێگرەوەی نەوت و ببێتە سەرچاوەیەكی تری داهات و بودجەی هەرێم.
زۆر گرنگە، حكومەتی هەرێم، دەرگای وەبەرهێنان بەڕووی كۆمپانیافرە ڕەگەزو جیهانییەكان بكاتەوە، بەتایبەت كۆمپانیانیاكانی هەر پێنج وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی ببێتە فاكتەرێكی گەورەی سیاسی و پاڵپشتی سەرەكی بێت بۆ ئارامی هەرێمی كوردستان و گەرەنتی داهاتووی سیاسی و ئابوری هەرێم.
لەپێناوی ئەوەی، وەبەرهێنان لەگازی سروشتیدا، وەك نەوتی لێ نەیەت، پێویستە حكومەتی هەرێم و لایەنەسەرەكیەسیاسییەكانی هەرێم، سەرجەمیان ئاگاداری بن و لەووردەكاری و شێوازی گرێبەست و وەبەرهێنانی ئەم سەرمایە گرنگە.
سەرەتا، زۆر گرنگە ئاگاداری ئەوە بین، وڵاتانی خاوەن گازی سروشتی جیهانی، نەكەین بە دوژمنی خۆمان، بەتایبەت ئێران و ڕوسیا، پێویست بەهەڵای ڕاگەیاندن ناكات، پرۆسەكە بە بچوكی بهێڵرێتەوە و بەشێوەیەك بڵاوبكرێتەوە كە بۆ پێویستی ناوخۆ ئەنجامدراوە، تائەو كاتەی كەژینگەی سیاسی و ئابوری هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێكەوتن و هەناردەكردن، هەندێ ڕاپۆرتی شیكاری نێودەوڵەتی، باس لەوە دەكەن، كەهەرێم دەتوانێت بەگازی سروشتی، پێگەی ئابوری وسیاسی، خۆی بەهێزتر بكات..
لەڕاستیدا شەڕی داهاتوو، شەڕی گازی سروشتی یە، پێویستە كوردیش خۆی بۆ ئەو قۆناغە ساز بكات، بەتایبەت هەوڵی جدی بدرێت بۆ چارەسەركردنی پرسە یاساییەكان بەگشتی و یاسای نەوت وغاز لەپەرلەمانی عێراقەوە، كەپێمان وایە ئەمە یەكێك دەبێت لەو كێشانەی لەئایندەدا بەڕۆكمان دەگرێت، زۆر گرنگە حكومەتی هەرێم، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەغدا گرنگی بەم پرسە بدات، بۆئەوەی تووشی هەمان كێشەی كەرتی نەوت نەبینەوە، كەتائێستاش بەهەڵپەستێراوی لەنێوان هەولێرو بەغدادا ماوەتەوە.
گازی سروشتی هەرێم، ئەو فریادرەسەیە، كەدەتوانێت ئاشتی و سەقامگیری سیاسی، نێوان هەولێر و بەغدا جێگیر بكات.
دەتوانرێت، ئەم سامانە ستراتیژە، وەك چەكێكی سیاسی و ئابوری بەرامبەر بەغدا، بەكاربهێنرێت، لەڕێگەیەوە داهات و بودجەی زیاتر مسۆگەرو دابین بكات، بەتایبەت پاش ئەوەی ئەمەریكا، دواین ئاگاداركردنەوەی پێشكەش بەبەغـــدا كردووە، بۆ وازهێنان لەكڕین وبەكارهێنانی گازی سروشتی ئێرانی، لەم نێوەندەدا، گازی سروشتی كوردستان، دەبێتە جێگرەوەیەكی گونجاو بۆ بەغدا و پێویستییەكانی ناوخۆی وڵــات بەگشتی و وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەتایبەتی پڕدەكاتەوە.
لەلایەكی ترەوە نزیكەی سێ دەیەیە، حكومەتی هەرێم، بەدەست قەیرانی كارەباوە، دەناڵێنێت و بەئێستایشەوە هێشتا هەرێم، خاوەنی بڕی پێویستی كارەبای ناوخۆیی نییە، زیاتر پشت بەكەرتی تایبەت دەبەستێت، هەربۆیە گرنگە، لەهەنگاوی یەكەمدا تەنها گازی پێویست بۆ وێستەگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابین بكرێت و پێویستی ناوخۆیی پڕ بكاتەوە.
لەهەنگاوی دووەمدا، هەوڵی دابینكردنی گازی سروشتی، بۆ بەكارهێنانی پێویستیەكانی ناوماڵ، بەسیستەمی سەردەمیانە بدرێت، هەوڵبدرێت هەموو ماڵێكی كوردستان، بۆری گازی سروشتی، بگاتە ماڵەكانیان و چیتر نەوتی سپی و كارەبا بەكارنەهێنرێت بۆ خۆگەرمكردنەوە و پێویستیەكانی تر.
پاشان، بەووریاییەوە كڕیاری گازی سروشتی، لەبازاڕەكانی جیهاندا، پەیدا بكات، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا، كەهەمیشە بەدوای جێگرەوەی گازی ڕووسیا، دەگەڕێن.
هەروەها توركیا، بەهەمان شێوە بیر لە جێگرەوەی گازی ئێران وڕووسیا دەكاتەوە، بۆیە گرنگە توركیا، وەك بەكارهێنەرو كڕیار، لەهەمانكاتدا خاكەكەی وەك ڕێڕەوی گواستنەوەی گازی سروشتی كوردستان بۆ ئەوروپا و جیهان، بەكاربهێنرێت.
بڕیارە توركیا بۆری گازی سروشتی كوردستان، لەڕێگەی پرۆژەی (تاناپ) ەوە ببەستێتەوە بە بۆری ئازربانجان-جۆرجیا بۆ بولگاریا و ئەوروپا،
ئەگەر پرۆژەكە سەركەوتوو بێت، ئەوا هەرێم دەتوانێت ڕۆژانە (30) ملیۆن مەتر سێجا، هەناردەی دەرەوە دەكات.
گازی سروشتی، دەتوانێت ببێتە فاكتەرێكی بەهێز بۆ دابینكردنی ئارامی وئاسایشی زیاتری هەرێم.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی سهركۆ یونس