سه‌ركۆ یونس 09/04/2024 364 جار خوێنراوەتەوە

بەرزکردنەوەی نرخ لە نێوان واقیع و ویژدانی فرۆشیاراندا

لە پاش چارەسەری کێشەی مووچە، لە نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها دابەشکردنی دوو مووچە لە ماوەیەکی کاتی کورتدا، کڕینی پێویستییەکانی رۆژانەی رەمەزان و پێداویستییەکانی جەژن، بەشێوەیەکی گەورەو فراوان، بازاڕیان گەرمکردووە و جمەی دێت لە کڕیاران، دابەشکردنی نزیکەی دوو ترلێۆن دینار، خواستی بەڕێژەیەکی گەورە زیادکردووە و لەبەرئەوەی ئارەزووی بەکاربردنی بەکاربەران بەرزە، لەگەڵ دەستکەوتنی پارە، خواستی کەسەکان زۆرو خێرا دەبێت.
بەداخەوە بەشێکی زۆری بازرگان و فرۆشیاران، ئەم دەرفەتەیان قۆستووەتەوە و نرخی شمەک و کاڵاکانیان لە بچوک تا گەورە گرانکردووە، لە کاتێکدا نرخەکان لە پێش دابەشکردنی دوو مووچەکە، جێگرو تاڕادەیەک نزمبوون.

بەرزکردنەوەی نرخەکان، هەمیشە و بەردەوام ترس و دڵەڕاوکێ ی هاوڵاتیان بووە
لە ڕاستیدا دیارکردنی نرخەکان، لە دەستەڵاتی حکومەتی هەرێمدا نییە، چونکە هەرێم وەک بەشێک لە عێراق لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە، پەیڕەوی سیاسەتی بازاڕی ئازاد و سەربەستیی بازرگانیی دەکات.
ئاشکرایە لە سیاسەتی بازاڕی ئازاددا، نرخەکان بەپێی میکانزمی نرخ (خواست و خستنەڕوو) دیاری دەکرێن، بەبێ دەستێوەردانی حکومەت.
هەرچی لیژنەکانی قائیمقامیەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی لەشاروشاروچکەکانی هەرێمدا، ئەرکەکەدانیان لە دەرەوەی دیاریکردنی نرخەکانەوەیە، تەنها لەڕووی نرخەوە، دەتوانن لێپرسینەوە بکەن ئەگەر جیاوازییەکی گەورە دروست ببێت لەنێوان نرخی کۆ(جملە) و نرخی تاکدا(مفرد)

ئامارەکان باس لەوە دەکەن، زیاتر 90%ی شمەک وکاڵاکان لەدەرەوە هاوردە دەکرێن، کەواتە دەتوانین بڵێین: ڕێژەیەکی بەرزی نرخەکان پەیوەستە بەهاوردەکردنەوە، بەهۆی هەڵاوسانی حیهانییەوە بەگشتی نرخی هاوردەکراو بەرزە.
بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت، بەرزبوونەوەی نرخ لەم چەند ڕۆژەی کۆتایی مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، تەنها پەیوەندارە بە خودی بازرگان و فرۆشیارانەوە، ڕاستەوخۆ لەدوای دابەشکردنی مووچە، بەبێ گوێدانە هیچ ڕێساو ویژدانێک نرخەکانیان بەرزکردووەتەوە.
هەر بۆیە پێویستە لەسەر بازرگانان و فرۆشیارانی بەڕێز، دوور بن لە بەرزکردنەوەی نرخی شمەک و کاڵاکان، لەلایەک وەک بەرپرسایەتی ئایینی و پابەندبوون بە بنەماکانی ئایینی ئیسلام، کەبەدڵنیاییەوە بنەماکانی ئابوری ئیسلامی، دژی قۆستنەوەو گرانفرۆشیە.
لە لایەکی ترەوە وەک بەرپرسیارییەتی نەتەوەیی و نیشتمانی و هەستی کوردبوونەوە، خۆیان بگرن لەم دیاردەیە.

پێویستە لەکاتی تۆمارکردنی سەرپێچی فرۆشیاراندا، لیژنەکانی قایمقامییەتەکان و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانیدا، پێویستە دەستکراوە بن لەسزادانی دارایی و تەنانەت داخستنی دوکان و مارکێتەکاندا.
ئەوەشمان لەبیرنەچێت، پێویستە سوپاس و دەستخۆشی تایبەت ببەخشرێت بەو بازرگان و فرۆشیارو مارکێتانە، کە نرخەکانیان دابەزاندووە.

بەئومێدی ئەوەی جەژنێکی پڕشادی وخۆشی و سەلامەت بۆ هەموو لایەک بەڕێبکەین.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا