سهركۆ یونس
            
           14/03/2022
            436 جار خوێنراوەتەوە
        
        
        هەڵەبجە، پاش 34 ساڵ لە کارەساتی کیمیاباران
            سی و چوار ساڵ، بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی
هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، هێشتا برینەکان ساڕێژ نەبوون، ساڵ لە دوای ساڵ، قوڵتردەکرێن.
تاکە ئومێدو هیوامان، بە پارێزگاربوونی هەڵەبجە
بوو، بەڵام وادەردەکەوێت ئەم ناونیشانە تەنها بەناو بێت، چونکە ناوەڕۆک گرنگترە وەک
کورد دەڵێت: ناوی گەورەو شاری وێران!
دوای 8 ساڵ بەسەر بەپارێزگابوونی ئەم قەزا دێرینەی
عێراق، هێشتا دەیان وسەدان کێشەو دیاردە، بەرۆکی دانیشتوانی ئەم شارەو سنوورە ئیدارییەکەی
گرتووە.
دەتوانین، بەچەند خاڵێک تیشک بخەینە سەر هەندێ
لەو کەموکورتیانە:
پارێزگا:
ئەنجومەنی پارێزگا پێکنەهاتووە، پارێزگارێک
ودوو جێگری هەیە!
هەڵنەبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، نەبوونی بودجەی
تایبەت بەپارێزگا، گەورەترین بەربەستە لە بەردەم بەرەوپێشچوونی کارگێڕی و ئابووری
سنووری  پارێزگاکەدا، نە لەبودجەی هەرێم و
نە لە بودجەی فیدراڵی و تەنانەت لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکاندا، هەڵەبجە وەک
پارێزگایەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت.
پێکهاتەی کارگێری پارێزگاکە، تەنها پێکهاتووە لە
قەزای ناوەند  و چوار ناحیە (خورماڵ، سیروان،
بیارە، بەمۆ) شارۆچکەی بەمۆ بە ڕێگای راستەوخۆ نەبەستراوەتەوە بە هەڵەبجەوە، بۆ گەیشتن
بە بەمۆو گوندەکانی، دەبێت بچینە سنووری پارێزگای سلێمانی و ماوەیەکی زۆری دەوێت،
تا بگەینە ناوەندی ناحیەکە.
هەروەها پێویستە ناحیەی خورماڵ بکرێتە قەزا،
چونکە نابێت پارێزگا قەزای نەبێت، ئەمە جگە لەوەی خورماڵ، یەکێکە لە ناحیە هەرە دێرینەکانی
هەرێم و عێراق.
لاوازی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سنوورەکەدا، جگە لە
چەند پڕۆژەیەک، کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن، پرۆژەی وەبەرهێنانی
ستراتیژی کە ببێتە هۆی رەخساندنی هەلی کارو خستنەڕووی بەرهەمی گرنگ، لە سنوورەکەدا
نییە.
 پێویستە
حکومەت و لایەنەپەیوەندیدارەکان، هانی وەبەرهێنانەران بدەن، بە ئاسانکاری کارگێری
و لێخۆشبوون لە باج و رسومات و پێدانی زەوی شیاو، بەکورتی دەبێت تایبەتمەندی بدرێت
بە پارێزگای هەڵەبجە.
کەمی میلاکی فەرمانبەرانی دامودەزگا حکومییەکانی
پارێزگاکە، یەکێکی ترە لە بەربەست و کەموکوڕییەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەیە، تەنها
بەڕێوەبەرو یەک یان دوو فەمانبەری هەیە، کە زۆربەیان راسپێراو و کاتین، فەرمانگەی
ژینگەو وەبەرهێنان و نەخشەکێشان و بەڕێوەبەرایەتی باجی خانوبەرەی میری و دەرامەت،
هتد.
بەشێکی زۆری فەرمانگە حکومییەکان، کرێنیشینن، سەرەڕای
خراپی و نەگونجانی بینای فەرمانگەکان، ساڵانە بەدەیان ملیۆن دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت،
وەک فەرمانگەی مافی مرۆڤ و ژینگە و وەبەرهێنان، هتد.
زۆربەی بەرپرس و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگاکە،
ماڵیان لە سلێمانییە رۆژانە هاتووچۆ دەکەن، ئەمەش کاریگەری نەرێنی هەیە لە رووی
کارگێری و بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی سنوورەکە و ناڕەزایی خەڵکی لێکەوتوەتەوە.
پشتگوێخستنی تەواوکردنی کارە فەرمیەکانی بەپارێزگاکردنی
هەڵەبجە، لە لایەن حکومەتی هەرێم و بێباکی دەسەڵاتدارانی بەغداش، بەداخەوە هێشتا وەک
پارێزگایەکی سەربەخۆ مامەڵەی لە گەڵ ناکرێت.
ناشارەزایی و ناپسپۆڕی بەشێکی زۆری بەرپرس و بەڕێوەبەرەگشتییەکانی
دامودەزگاکانی حکومی پارێزگاکە، نەبوونی پلان و ڕوئیایەکی پێشکەوتنخواز، لەزۆرێک لەفەرمانگەکاندا.
لاوازی کەرتی تایبەت لە سنوورەکە، کە بێگومان بە
هۆی چەندین هۆکاری سیاسی و ئابووری و کارگێری و هەندێجار کۆمەڵایەتی، چالاکی کەرتی
تایبەت سنووردارە و نەبووەتە سەرچاوەیەکی باش بۆ دەرفەتی کار و دەستکەوتنی داهات.
ژێرخانی ئابووری پارێزگا، کەموکوڕی زۆری پێوەدیارە
و لە زۆربەی گەڕەک و کۆڵانەکانی ناوشار، پاشماوەی کارەساتەکەو پشتگوێ خستنی پێوەدیارە،
رێگاوبانەکانی بەستنەوەی پارێزگاکە، بە دەرەوەی سنوورەکە تەنها یەک رێگایە، بەداخەوە
سەرەڕای فەرمانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی پردی تووەقووت، هێشتا نەچووەتە بواری جێ بەجێکردنەوە.
هەڵەبجە، بۆئەوەی پێشبکەوێت و لەم چەقبەستووییە
دەربازی ببێت، پێویستە پەرە بە بەرەوپێشبردنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزارو
بازرگانی و چەند کارێکی تر بدرێت.
لە رووی کشتوكاڵەوە، زەوی شارەزوور، لە باشترین
و بەپیترین زەوییە کشتوكاڵییەکانی ناوچەکەو بگرە جیهانیش ئەژمار دەکرێت، بەڵام بەداخەوە
نەتوانراوە کەڵکی تەواو و بەگەڕخستنی گشتگیر بۆ ئەم زەویانە بکرێت، لەلایەکی ترەوە
ناوبانگی هەناری سنوورەکە، خۆشبەختانە، سنووری هەرێمی بڕیوەو لە بازاڕەکانی ئەوروپاو
دوبەی خواستی بۆ پەیدا  بووە.
لە رووی کەرتی گەشتوگوزارەوە، یەکێک لەو نیعماتانەی
کە خوای گەورە بەخشیوەیەتی بەم سنوورە، بوونی دەیان شوێن و جێگای دڵڕفێنی گەشتیاری
هەرچوار وەرزەکەیە، لە نمونەی هاوینە هەواری زەڵم و ئاوێسەر، ساڵانە دەیان هەزار گەشتیاری
ناوخۆ وعێراق و تەنانەت بیانیش ڕووی تێدەکەن، بەڵام ئەم کەرتەش پشتگوێخراوە و گرنگی
تایبەتی پێنەدراوە، بەداخەوە شێوازی گەشتیاری لە سنوورەکە، بەشێوەی خۆرسکەو میوانخانەی
شیاو لەسنوورەکەدا نییە، پێویستە کۆلێژ یان پەیمانگای گەشتوگوزاری لە هەڵەبجەدا هەبێت.
ئەمە جگەلەوەی، سنوورەکە دەوڵەمەندە بە بوونی چەندین
شوێنی گەشتیاری ئاینی ئیسلام لە هەڵەبجە وهەورامان و ئاینی  یارسانەکان لە هاوار.
لە رووی بازرگانییەوە، لە سنووری هەڵەبجە، دوو
مەرزی لاوەکی بەناوەکانی مەرزی شۆشمێ لە هەورامان و مەرزی پشتە لە ناحیەی بەمۆ، کە
بەداخەوە مەرزی پشتە، هیچ سوودێکی دارایی بۆ خەڵک و پارێزگای هەڵەبجە نییە.
هەربۆیە، گرنگە لەساڵیادی ئەم کارەساتەگەورەدا،
بەپرۆژەو خزمەتگوزاری ئابوری وکۆمەڵایەتی ئاوڕی جدی بدرێتەوە، بۆئەوەی هەڵەبجە بکەوێتە
سەرپێ ی خۆی و چیتر باس لەنەهامەتی و دەردی سەرییەکانی دانیشتوانەکەی نەکرێتەوە.
هەروەها ئەم پڕۆژانە بۆ هەڵەبجە گرنگن، تا لە
بنبەستی وچەقبەستویی دەرباز ببێت:
دروستکردنی بەنداوی تووەقوت.
پردی تەنگی سەید محەمەد، لە ناوچەی نەوڕۆڵی و بەستنەوەی
هەڵەبجە بە سنووری دەربەندیخان و گەرمەسێر.
دروستکردنی جادەی نێوان (میرەدێ – هەڵەبجە) پردی
تووەقووت.
 دروستکردنی جادەی
سازان،  ٢١کم و بیناو و دامەزراوەکانی مەرزەکە،
بۆ ئەوەی لایەنی ئێرانی بخرێتە بەردەم ئەمری واقیع.
هاندانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی بواری گەشتیاری
و کشتوکاڵی و پیشەسازی بە ئاسانکاری زۆرەوە.
دروستکردنی جادەیەکی گەشتیاری لە هەڵەبجەوە بۆ
تەوێڵە بە شاخی شنروێ دا گوزەر بکات.
دروستکردنی جادەیەک بە درێژایی زنجیرە بەرزاییەکانی
چیای شنروێ و باڵامبۆ، لە گوندی عەنەبەوە تا گوندی هانەسوورە.
دروستکردنی جادەی بازنەیی بەدەوری هەڵەبجەدا.
 تەواوکردنی
پڕۆژە تەواونەکراوەکان، کە بەدەیان پڕۆژە دەخەمڵێرێن، بەهۆی قەیرانی دارایی و بێپشتیوانی
سیاسی، پشتگوێ خراون.
دروستکردنی چەند هۆڵێکی گەورەو شیاو بۆ ڕۆشنبیران
و چالاکی هونەری و وەزرشییەکانی هونەرمەندان و وەرزشکارانی سنوورەکە.
  فشار بۆ سەرحکومەتی
بەغداو هەولێر، بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەووتوانی شارەکەو سەرجەم سنووری پارێزگاکەو
ناوچە زیانلێکەوتوەکانی تری کوردستان.
بەئومێدین لە ساڵی داهاتوو، بەشێک لەم کەموکوڕیانە
تەواوکرابن، ئاهێک بەدڵی کەسوکاری شەهیدان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی و دانیشتوانی
هەڵەبجەدا بێتەوە، چیتر برینەکانیان بە وتارو ڕێوڕەسم و بەیاننامە، نوێنەکرێنەوە.
            
                لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
            
  
             
            
            هەموو وتارەکانی سهركۆ یونس