عارف قوربانی
09/01/2024
171 جار خوێنراوەتەوە
چارەسەرێکى ناوەندى بۆ دۆخى چەقبەستووى کەرکووک
ئەگەر بڕیاربێت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی
عێراق، گیانێکی تازە بە بەر ئیدارە خۆجێییەکانی پارێزگاکاندا بکات و دەسەڵاتێکی
کارای خزمەتگوزار و دەزگایەکی چاودێری بێنێتە ئاراوە، بۆ کەرکووک تەواو پێچەوانەیە،
نەک چاوەڕوان ناکرێت ببێتە زادەی لەدایکبوونی ئیدارەیەکی نوێ، بەڵکو گریمانەی ئەوە
زاڵە کە هەڵبژاردنی کەرکووک، لەلایەک ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتە جیاوازەکان
قووڵتر بکاتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە حکومەتی خۆجێی شارەکە بەرێتە دۆخێکی چەقبەستووەوە.
هەرچەندە پارێزگای کەرکووک تاکە پارێزگا نییە کە
پێکهاتەی جیاوازی تێدایە، بەڵام ئەوەی کەرکووک لەو شارانەی دیکە جیادەکاتەوە خودی یاسای
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە، چونکە لە یاساکەدا کەرکووک تایبەتمەندیی ئەوەی
دراوەتێ کە (دەسەڵات بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش دەکرێت، بە جۆرێک هاوبەشیی پێکهاتەکانی
پارێزگاکە مسۆگەر بکات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان)
سەرباری ئەوەی یاساکە بە دەق ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان
لەبەرچاو ناگیرێن لە پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی پارێزگاکە، بەڵام دواجار ئەوەی بەشدار
دەبێت لە پێکهێنانی ئیدارەکە هەر دەبێت هێزە بەشدارەکان و براوەی پرۆسەی هەڵبژاردن
بن، بۆیە دەتوانرێت ئەو بڕگە یاساییە وەک جۆرێک لە پارێزبەندی بۆ مافی بەشداریی هەر
پێکهاتەیەک لێکبدرێتەوە، نەک ئەوەی هیچ تایبەتمەندییەک بە دەرئەنجامی هەڵبژاردن نەدرێت،
بەڵام دەتوانرێت ئەم بڕگە یاساییە بۆ ئەوە بەکارببرێت رێگری لەوە بکات لەسەر بنەمای
زۆرینە و کەمینەی چەند لایەنێک یاخود چەند پێکهاتەیەک، پێکهاتەیەکی دیکە فەرامۆش
بکرێت. ئەمەش ئەوە دەچەسپێنێت دەبێت حکومەتی خۆجێی کەرکووک نوێنەری براوەی هەڵبژاردنی
هەر چوار پێکهاتەکەی تێدابێت.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دابەشبوونی کورسییەکان بەسەر پێکهاتەکاندا،
لەگەڵ بوونی ئەم بڕگە یاساییە وەکو کۆتێک بۆ پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک، رێگە لەوە
دەگرێت بتوانرێت بە دروستکردنی هاوپەیمانیی سیاسی لەنێوان چەند لیستێکی براوەدا،
حکومەتی خۆجێی دروستبکرێت کە پێچەوانەی کەرکووک، هەموو پارێزگاکانی دیکە لەسەر ئەو
بنەمایە ئیدارەی نوێ پێکدەهێنن. لەکاتێکدا بە بوونی ئەم دەقە یاساییەوە دەتوانرا بە
هاوپەیمانێتیی زۆرینەی کورسییەکان، ئیدارەی کەرکووک پێکبهێندرایا، ئەگەر دابەشبوونەکە
بەم جۆرەی ئێستا نەبوایا، بۆ نموونە ئەگەر تورکمانێکی شیعی و عەرەبێکی شیعە کورسییان
بەدەستبهێنایە، کورد و مەسیحی و تورکمان و عەرەبە شیعەکە پێکەوە دەبوونە زۆرینە، ئەوکات
نە تورکمانەکەی دیکە و نە عەرەبەکانی تر مافی ئەوەیان نەبوو پەنا ببەنە بەر دادگەی
فیدراڵی و بڵێن مافی پێکهاتەکانمان فەرامۆش کراوە. یاخود ئەگەر بەربژێرە کریستیانەکە
لە بەرەی یەکێتی نەبوایا، ئەوکات عەرەب و تورکمان و پارتی و کورسیی کریستیانەکان،
دەیانتوانی ئیدارە دروست بکەن و یەکێتی کە زۆرینەی کورسییەکانیشی لەلابوو، ئەو شەرعییەتە
یاساییەی نەدەبوو پەنا بباتە بەر دادگە، بەڵام ئێستا دەتوانرێت کورسیی کریستیانەکان
وەک بارمتەیەک لەلایەن یەکێتییەوە بەکارببرێت کە بە زۆرینەی کورسیی عەرەب و
تورکمان و پارتیش نەتوانن حکومەت پێکبهێنن، چونکە لەو حاڵەتەدا بەربژێری کریستیانەکان
بەشداری ناکات و بە پەنابردنە بەر دادگە، دەتوانێت ئیدارەکە هەڵبوەشێنێتەوە. واتا
تاوەکو ئەندازەیەک هەموو لایەک جۆرێک لە حەسانەی ئەوەی هەیە کە نابێت فەرامۆش بکرێت.
جگە لەم کۆتە یاساییە، دابەشبوونێکی دیکەش تا ئەندازەیەک
کۆسپێکی دیکەیە بۆ کەرکووک، ئەویش ئەو دابەشبوونە سیاسییەیە کە لەدوای روخانی سەدامەوە
کورد و کریستیانەکان کەوتنە بەرەیەک و تورکمان و عەرەبیش لە بەرەیەکی دیکە. ئێستاش
دەرئەنجامی دابەشبوونی کورسییەکان جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان ئەم دوو بەرەیە
دروستکردووەتەوە، عەرەب و تورکمان نیوەی کورسییەکانیان بردووە و کورد و کریستیانیش
نیوەکەی دیکەی.
لەناو کوردیشدا وێڕای بوونی کێشە و ناکۆکیی قووڵی
پارتی و یەکێتی، کە هێشتا ئاماژەیەکی روون دیار نییە بەوەی دەتوانن وەک یەک فراکسیۆنی
کوردی خۆیان رێکبخەنەوە یاخود نا، هەروەها دابەشبوونی لایەنە سیاسییەکانی ناو پێکهاتەکانیش
بەسەر بەرەی تورکیا و ئێراندا بێ کاریگەر نابێت لەسەر دروستکردنی ئیدارەی کەرکووک،
بۆیە بە هەموو پێوەرێک ناتوانرێت لەو ماوە یاسایی و ئاساییەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی
خۆجێی پارێزگاکان دانراوە، لە کەرکووک حکومەت پێکبهێندرێت. لایەنی خراپی ئەم
دواخستنەش ئەوەیە تاوەکو ئیدارەی نوێ دروست نەکرێت، دەسەڵات لە دەستی ئەم ئیدارەیەی
ئێستا بەردەوام دەبێت کە ئێستا ئیدارە لەلایەن پێکهاتەی عەرەبییەوە بە خراپی بەڕێوەدەبرێت
و کورد و تورکمان نیگەرانن لەو جیاکارییانەی دەکرێن. تەنانەت پێشتریش کە ئیدارە بەدەست
کوردەوە بوو، ئەوکاتیش عەرەب و تورکمان نیگەران بوون. هۆکارەکەشی ئەوەیە نەتوانراوە
میکانیزمێک بدۆزرێتەوە کە بە کرداری هەموو پێکهاتەکان بەشداریی دەسەڵات بکەن، پارێزگار
لای کێ بووبێت دەسەڵاتی بەسەر شارەکەدا سەپاوە و ئەوانی دیکە فەرامۆش کراون.
بۆیە لەبری ئەوەی بیر لە سیناریۆی جیا جیا بکرێتەوە
بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک و گفتوگۆکان لەسەر بنەمای ئەوە بن کام لایەن
و کام پێکهاتە دەتوانن پێکەوە رێککەون، وەک ئەوەی ئێستا دەگوترێت عەرەب و تورکمان
لەناو خۆیان رێککەوتوون پۆستی پارێزگار بەشێوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ بەڕێوەبەرن، یام
ئەو هەوڵانەی لایەنی کوردی دەیدات بۆ دەستەبەرکردنی دڵنیایی لە وەرگرتنی پارێزگار
کە بە دەقی یاسای هەڵبژاردنەکان ئەم پۆستە بە دەنگدان و بردنەوە و دۆڕان یەکلانابێتەوە،
بۆیە لێرەدا چارەسەرێکی مامناوەندی و پێشوەختە دەخەمەڕوو لەلایەک بۆ جۆرێک لە
دروستکردنی هاوسەنگیی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی شارەکە لەلایەن پێکهاتەکانەوە و لەلایەکی
دیکەشەوە وەک یارمەتیدەرێک بۆ ئەوەی تەنها چاوەکان لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار
نەبێت و ئەم دۆخە چەقبەستووە چاوەڕوانکراوەی کەرکووک تێپەڕێندرێت. پێشنیاز دەکەم دەسەڵاتەکانی
کەرکووک بە رەچاوکردنی جۆرێک لە هاوسەنگی بکرێتە خشتەیەک و گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکرێت
هەر پێکهاتەیەک کام لیستە لەم خشتەیە وەردەگرێت.
بۆ نموونە پۆستی پارێزگاری کەرکووک و جێگری سەرۆکی
ئەنجوومەنی پارێزگا لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی و کشتوکاڵ لیستێک بێت، لە ئەگەری
ئەوەی بۆ پێکهاتەی کوردی بێت، لە بەرامبەردا پۆستی سێ قایمقام (ناوەندی کەرکووک و
دوبز و داقووق) و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و پەروەردە بۆ پێکهاتەی تورکمان
بێت، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگری پارێزگار و قایمقامی حەویجە و بەڕێوەبەری پۆلیسی
کەرکووک بۆ لایەنی عەرەبی بێت. پێکهاتەی کریستیانیش سەرۆکی شارەوانیی کەرکووک و یاریدەدەری
پارێزگا و بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگایان بدرێتێ. دابەشکارییەکی لەم شێوەیە وادەکات
تاوەکو ئەندازەیەک هیچ پێکهاتەیەک دەسەڵاتی تەواوی بەسەر کەرکووکدا نەبێت و هیچ پێکهاتەیەکیش
فەرامۆش نەکرابێت لە بەڕێوەبردنی حکومەتی خۆجێیی شارەکەیان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عارف قوربانی