ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید 05/12/2020 3463 جار خوێنراوەتەوە

بوجەی ۲٠۲۱ و پشکی هەرێم

پڕۆژە یاسای بوجەی فیدراڵ دواخرا بۆ ڕۆژی سێ شەممە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری لەسەر دەدرێت و تا ئێستا وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەیانتوانیوە سەقفی خەرجییەکان دیاریبکەن و کورتهێنانێکی ئاسایی هەبێت، هەرچی پەیوەستە بە هەرێمەوە هیچ ڕێکەوتنێک نەکراوە جگە لە تاوتوێکردنی دوو پێشنیار:

یەکەم: ڕادەستکردنی ۲٥٠,٠٠٠ بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی گومرگەکان کە هەرێم خۆی خەرجیی کۆمپانیاکان لە ئەستۆ بگرێت.

دووەم: ڕادەستکردنی ٤٥٠,٠٠٠ بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی گومرگەکان بە مەرجێ عێراق خەرجی کۆمپانیاكان بدات.

بۆیە هەردوو بڕگەکە لە ناوپەرلەماندا مەرج نییە دەنگی لەسەر بدرێت بە هۆی بێبەڵێنییەکانی لەوەوپێشی حکومەتی هەرێم لە ڕێکەوتنەکانی پێشودا.

وەفدەکەش ڕێخۆشکەربوو بۆ گەڕانەوەی فڕاکسێۆنی پارتی بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان بە بێدەنگی، هەرچۆن بایکۆتیان کردبوو بەبێدەنگی.

ئەگەر ڕێکەوتنیش کراوە بەو ئاسانییە لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کورتدا کەواتە حکومەتی هەرێم ناپاکیی کردووە لەگەڵ هاوڵاتییانی خۆیدا کە چەند ساڵە دەڵێت عێراق ڕێکناکەوێت.

سەبارەت بە بڕگەکانی ڕێکەوتنەکەش ئەوەی شاره‌زایە بابگەڕێتەوە بۆ یاسای بوجەی ۲٠۱٥ کە هەمان بڕگەی ڕادەست کردنی نەوتی تێدایە.

لەکۆتاییدا لەدونیای سیاسەت و ئابوریدا هیچ ڕێکەوتنێک بە بێ بڕگەکانی ڕێکەوتنەکە و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ناگاتە ئەنجام.

کەواتە شاندەکەی هەرێم نامەیەکیان هێنا و نامەیه‌كیان بردەوە.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا