ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید 17/08/2022 267 جار خوێنراوەتەوە

هەرێم و عێراق لە کوێی هاوکێشە ئابورییەکانی جیهاندان


لە راستیدا زۆر لە مێژە دەمەوێت لەسەردۆخی ئابووری بنووسم، تا بتوانم بەشدارییەک بکەم لە دروستکردنی لانی کەمی رۆشنبیرییەکی ئابووری، یان بەشداربم لە چارەسەری بەشێک لەگرفتەکان کە لەم ساڵانەی کەدێت ڕوبەڕومان دەبێتەوە، بەڵام نەمدەتوانم ئەویش هۆکاری سەرەکی ئەوە بوو کاربەدەستانی ئەم وڵاتە ئەوەی زۆر دژایەتی دەکەن زانست و رەخنەی زانستیە، خاڵی دووەمیش هاوڵاتی لەبەردەم هەزارو یەک کێشەدایە، بۆیە حەوسەڵەی ئەوەی نییە کە گوێ لە بابەتی ئابووری بگرێت، بەڵام دواجار بڕیای نووسینم دا چونکە وا دەزانم کەمتەرخەم دەبم، ئەگەر نەنووسم با هیچ بەرپرسێک گوێ نەگرێت یان هیچ هاوڵاتیەک نەیخوێنێتەوە.

لە کۆتایی مانگی تەموزی ٢٠٢٢ دا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، پێشبینیەکانی خۆی سەبارەت بەگەشەی ئابووری جیهان بۆ (6) مانگی داهاتوو، هەروەها ساڵی ئاییندە بڵاو دەکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشبینەکان بۆ ساڵی ٢٠٢١ گەشەی ئابووری وڵاتان گەشتبوە ٦.١٪ ، بەڵام لە ئێستادا شیکەرەوە ئابووریەکان سەرقاڵن بە خوێندنەوەو شیکردنەوەی داتاو زانیاریەکان سەبارەت بە گەشەی (6) مانگی ئایندەو، هەروەها پێشبینیەکانی گەشەی ئابووری بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کە چاوەروان دەکرێت گەشەی ئابووری پاشەکشە بکات بۆ رێژەی ٣.٦٪ کە دەکاتە نیوەی گەشەی ساڵی ٢٠٢١، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو رووداوانەی ئەم ساڵ روویانداوەو روودەدەن.

بۆیە (کرستالینا جورجیفیا) بەڕێوەبەری سندوقی دراو لە دوا لێدوانیدا ئاماژەی بەخراپبوونی دۆخی ئابووری کرد لە ئێستاو ساڵی ئایندەدا.
ئەو بەڕێوەبەرە بەدوری نازانێت کە کە ساڵی ٢٠٢٣  ئابووری جیهان دووچاری راوەستان (الرکود) بێت، کە ئەم زاراوەیە قۆناغی دووەمی گەشەی نێگەتیڤی ئابووریە کە خۆی لە سێ(٣) قۆناغدا دەبینێت کە ئەوانیش  بێبازاڕی - ڕاوەستان پاشەکشە (الکساد -الرکود- الانکماش).

تێبینی: هەوڵدەدەم بەزنجیرەیەک وتار باس لە قۆناغەکان ئەگەرەکان پێشبینییەکان پێشنیارەکان باس بکەم، بەڵکو مڵۆیەک بخینە سەر خەرمانی ڕۆشنبیری ئابووری.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا