ئهحمهد حاجی ڕهشید
24/03/2024
212 جار خوێنراوەتەوە
لە نێوان رادەستکردنی نەوت و لێسەندنەوەی دا
لە دوای دەرکردنی هەردوو بڕیاری دادگای فیدڕاڵی،
لە بەرواری (٢٠٢٢/٢/١٥) به هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم و بڕیاری دادگای
ناوبژیوانی ژوری بازرگانی پاریس، ناسراو بە (ICC) لە بەرواری (٢٠٢٣/٣/٢٥) کە هەردوو
سکاڵاکان لە ساڵەکانی (٢٠١٢) و (٢٠١٤) تۆمار کرابوون.
دواجار نەوت و پرۆسەی بەبازاڕکردنی نەوت، کەوتنە
ژێر دەسەڵات و هەژموونی حکومەتی عێراق و ئەم پرۆسەش بەویستی بەرپرسانی هەرێم نەبووەو
بەخۆشی خۆشیان نەیانکردووە و ئێستەشی لەگەڵ بێت، هەر خەریکی ملە جەڕەن و بە قاچاغی
لەناوخۆ و دەرەوە خەریکی فرۆشتنی نەوت و جەوتن .
بۆیە ئێوە نەوتان ڕادەست نەکردووە، بەڵکو بەزۆر
و بە بڕیاری دادگا لە دەستتان سەنراوەو کەسیش ناوێرێت بەئاشکرا لێتان بکڕێت، ئەگینا
نەک نەوتەکە بگرە بیرو ئەرزو ئامێرو شاخ و هەردوو و ئاوی وڵاتیشتان دەفرۆشت .
هەربۆیە کۆیلەکانتان لەوە تێبگەیەنن کاتێک ئێمە
دەمانوت نەوت ڕادەست بکەن، دەمانویست بە کەرامەتەوە دانوستانی لەسەر بکەن و بیکەنە
کارتی دانوستان، تا داهاتاکەی ببێتە خێرو خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان، نەک ببێتە بەڵاو
لەبری ئەوەی ببێتە نیعمەت، کردتان بە نیقمەت .
بەڵێ ئێمە دەمانوت و بە جورئەتیشەوە دەمانوت نەوت
ڕادەست بکەن، تاکار لەکار نەترازاوە و بەزۆر لێتان نەسەنراوە، بەڵگەشم بۆ ئەم قسەیەم
لەساڵی ٢٠١٩ بەنامەیەکی فەرمی سەرۆک کۆمار دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەوکات و سەرۆکی ئەنجومەنی
وەزیرانی ئێستەم ئاگادار کردبوو، کە نەوتەکەتان لەدەست دەسەنن و لە واڵەکەی خۆشمدا
نامەو (مذکرە) کەم بڵاو کردەوە بۆ بەردیدی خەڵک و هاوڵاتیان.
هەرئێمە نا:
برێت مەکگۆرک لەسەردانێکیدا بە سەرکردایەتی
کوردی وتبوو: ئێوە کێکێکی بچوکتان هەیە وەرن لەگەڵ کێکێکی گەورەی عێراقدا تێکەڵی
بکەن و زۆرترین داهات بەدەست بهێنن، کە مەبەستی نەوت بوو کە هەرێم نزیکەی (٥٠٠) هەزار
بەرمیلی هەناردە دەکرد لە رۆژێکدا کە بەنیوە قیمەتیش دەیفرۆشت، بەڵام عێراق زیاتر
لە (٣) ملێۆن بەرمیلی هەناردەکرد لەرۆژێکدا و بەنرخی بۆرسەی جیهانیی دەفرۆشرا .
بەڵێ بەقسەی ئەویشتان نەکرد، بۆیە لە ریفراندۆمدا
بەدەمتانەوە نەهات و سەرنجام ٥١٪ خاکی کوردستانتان لەقومارێکی گەورەدا دۆڕاند.
هەرئەویش نا:
دکتۆر عادل عەبدولمەهدی لە کابینەکەی خۆیدا لە
رێگەی سەرجەم فراکسیۆنانەوە تەکلیفی دەکردو دەیوت بە بەرسەکانی هەرێم بڵێن تەنها رۆژانە
(١٠) هەزار بەرمیل رادەست بکەن، با بەهانەی هێزە شیعیەکان نەمێنێت و توشی گرفتتان
نەکەن، بەڵام بەقسەی ئەو دڵسۆزەی کوردتان نەکرد .
بەڵێ نەوت بەدەستی ئێوە لە نیعمەتەوە کرا بەنیقمەت، ئەگینا پێش دەرهێنانی نەوت بودجە نەهاتن لە عێراقەوە هەرباسی نەبوو، بەڵکو
تا پێش هەناردەی نەوتەکەتان زیاتر لە (١٠٠) ملیار دۆلاری کاش هاتبووە هەرێم و خۆشگوزەرانی باڵی راکێشابوو بەسەر هەرێمدا.
بەڵێ، ئێمە بووین دەمانوت نەوت رادەست بکەن و بیکەنە
خاڵی شەراکەت و دانوستان لەگەڵ عێراقداو، هەراج فرۆشی مەکەن، بەخەیاڵتان بە هەرزان
بیفرۆشن بە ئیسرائیل و دەوڵەتە ئەقلیمیەکان و دەوڵەتە زلهێزەکان بۆ بەستهێنانی
پشتگیری سیاسی، کەبینیمان لە ڕیفراندۆمدا چەند بە هاناتانەوە هاتن .
بەڵێ ئێمە بووین دەمانوت نەوت ڕادەست بکەن،
چونکە ئێمە هەرێمێکن لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدڕاڵیدا، دەستورێکمان هەیەو دراوسێ خانوو نین، کە ئەگەر نەگونجاین خانوەکە
بەجێبهێڵین و بڕۆین، یان ئێوە وا بیرتان دەکردەوە کە دەیخۆن تا ئەوکاتەی زۆرتان بۆ
دێت و بارگەو بنەتان دەپێچنەوەو دەچن بۆلای پارە دزراوەکانتان، کە دڵنیا بن رۆژێک
دێت ئەو وڵاتانە بەهانەتان پێدەگرن و موڵک و ماڵتان حیجز دەکەن و موفلیس لێی دەردەچن .
بۆیە حەزم دەکرد خۆتان کۆیلەکانتان تێبگەیەنن،
با ئێمە بۆیان باس نەکەین، هەرچەندە کۆیلە حەزی لە خۆری ئازادی و دەوڵەتی دامەزراوەو
سوپای نیشتیمانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی نییە، بۆیە ئیوە بەقسەی ئێمەتان نەکرد کە
نەوت ڕادەست بکەن بە دانوستانێکی شەرەفمەندانەو
شەفافانەو داتای ورد، بەڵکو بە ……….. لێتان سەنراوە، ئەگینا ئێوە پیاوی ئیدارەدانی دەوڵەت و مەملەکەت نین،
ئێوە پیاوی دەست بەسەراگرتنی موچەو وسەرانەسەندن و ڕاو ڕوت و مەحاویلە تەقاندنەوەو
و سەد و بەنداو تەقاندنەوە و ئاودیوکردنی ئامێری کارکردن و ئاودیوکردنی کەرەستەی سەد
و بەنداو،هێنانی کچە مۆدێل و دەرمانی بەسەرچوو و هەڕاجفرۆشی نەوت و جەوت و، فەرزکردنی
شەراکەتی ٥١٪ پرۆژەکان و هێنانی دەستی داگیرکەرو چی و چین.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی ئهحمهد حاجی ڕهشید