ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید 08/11/2022 238 جار خوێنراوەتەوە

نامەکی کراوە بۆ محەمەد شیاع سودانی

نامەکی کراوە بۆ محەمەد شیاع سودانی و سەرکردەکانی چوار چێوەی هەماهەنگی

شاراوە نییە لای بەڕێزتان و شارەزایانی بواری ئابووری، بە هەردوو بەشی سیاسەتی دارایی و نەختێنەیی، کە بانکی ناوەندی سەرچاوەی هەموو بڕیارەکانی سیاسەتی نەختێنەییە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دام و دەزگا نێودەوڵەتیەکانی وەکو: سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی نێو دەوڵەتی، هەربۆیە هەر دەستێوەردانێک یان دەستخستنە ناو کاروباری بانکی ناوەندی، کاریگەری نەگەتیڤی دەبێت لەسەر دراوی عێراقی، دەرئەنجام بازاڕ ئاڵۆز دەبێت و دراوی وڵاتیش متمانەی کەمدەبێتەوە لای هاوڵاتیان، هەربۆیە ئەو بارودۆخە سەردەکێشێت بۆ لەرزۆکی ئابووری وڵات، لەبەرانبەر ئابووری وڵاتانی ناوچەکەو جیهان، سەرئەنجام دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان بە تەدریجی و هەڵایسانێکی گەورە روودەدات، ئەمە لە روانگەی کاریگەریەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی .

سەبارەت بەکاریگەرییەکانی لەسەر ئاستی دەرەوە، بەدوری نازانم کە کۆمەڵەی دارایی نێونەتەوەیی و سندوقی دراوی نێونەتەوەی و بانکی نێونەتەوەیی، هەوڵ بدەن کە بانکی ناوەندی عێراق لە ناوچەی خۆڵەمێشی دووربخەنەوە بۆ ئاستی نزیک ناوچەی ڕەش و نیشانەی پرسیار دابنێن لەسەر ئەم هەڵوێستەی بانکی ناوەندی و گرفت دروست بکەن بۆ عێراق لە ناوەندە نێودەوڵەتەیەکاندا، بەتایبەت پۆلێنی قەرزکردن، کە ئەمەش پاشەڕۆژێکی ناهەمواری دەبێت .

لە میانی ئەم سەردە کورت و سادەیەدا، داواکارم لە بری ئاڵۆزکردنی بازاڕو پێشنیاری نالۆژیکی و بەڵێنی پەمەیی دان بەهاوڵاتیان، وەرن چارەسەری ئەودۆخە بکەن کە تەواوی هێزە سیاسیەکانی عێراق ڕازی بوون لەسەر ئەو گۆڕانکارییەی کە لەساڵی پاردا ئەنجامتاندا بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار لەبەرانبەر دیناری عێراقی .

چارەسەر:
لە داوای ئەوەی متمانەتان بەدەستهێناوە ڕاستەوخۆ وەزارەتی دارایی ڕابسپێرن بە ئامادەکردنی یاسای بودجە بۆ ساڵی ٢٠٢٣و یەک بڕگەی تیادا جێبکەنەوە کە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان بێت و چارەسەری ئەوگرانیەی دۆلار بکات، ئەویش لە ئەنجامی گۆڕانی نرخی دۆلار بەدینار حکومەت بڕی (٢٣) ترلیۆن دینار قازانجی کردووە، ئەمەش بووەتە بارگرانی بۆسەر هاوڵاتیان، هەربۆیە سیستمی داهاتی بنچینەیی (الدخل الاساس) پیادە بکەن بۆ ئەمساڵ و ئەو بڕە پارەی لە دۆلار قازانجتان کردووە، دابەشی بکەن بەسەر هاوڵاتیاندا لەڕێگەی کردنەوەی ژمارە بانکی بۆ هاوڵاتیان یان لەڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە، ئەمەش ڕاستەو خۆ کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر ژیانی کەمدەرامەت و هەژاران و ئابووری و دراوی وڵاتیش دووچاری نسکۆو داروخان نایەن و بانکی ناوەندیش دوچاری گرفتی نێوخۆیی و دەرەکی نایەت.

ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی چوار)

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا