ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید 19/09/2019 862 جار خوێنراوەتەوە

کورد لە کوێی ئەو لاوازییەی عێراقدایە

بژاردەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان لەیاسای بوجەدا :نەخشە رێگای دانوستان
بۆ خوێندنه‌وه‌ی به‌شی یه‌كه‌م كلیك بكه‌
بەشی دووەم : کورد لە کوێی ئەو لاوازییەی عێراقدایە

عێراق لاوازە بەرانبەر زلهێزێکی وەک ئەمەریکا کە ماوەی ساڵێکە هیچ بەرپرسێکی عێراقی لەوەتی حکومەت پێک هاتوە سەردانی ئەمەریکای نەکردوە وپیشوازی نەکراوە لێرەدا مەبەستم حکومەتە ئەگینا سەرۆکی پەرلەمان سەردانی کردو بەباشیش پێش وازی لێکرا کە باسەکەمان لیرەدا بۆ ئەوە تەرخان ناکەین کە بۆ تەنها لەسەرۆکی پەرلەمان پیشوازی دەکەن، کاتێک سەرۆکی ئەمریکی دۆنالد ترامپ دێتە بنکەی عین الاسد و ئامادە نیە نەسەردانى بەرپرسان بکات نەسەردانیشی بکریت ئەوەشی من زانیومە تائیستا چەند جار لەئاستی بەرزی دەوڵەتی عێراق هەوڵدراوە سەردانی سەرۆی ئەمریکی بکریت لە ئەمریکا دۆناڵد ترامپ رازی نەبوون .

عێراق لاوازە بەرانبە بە وڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامی کە دەتوانێت لە شەوڕۆژێکدا حکومەت بگۆڕێت، ئەو ئێرانەی کەدەتوانیت رەسمی سیاسەتی عێراق داڕێژێت بەرانبەر بە دراوسێکان و وڵاتانی دیکەش.

عێراق لاوازە بەرانبەر بەوڵاتێکی وەک تورکیا کە (٤_٥) ڕێکەوتن نامەی نێوانیانی پێشیل کردوە لە نامەیەکیشدا وەزیری ووزەی تورکی بۆ حکومەتی عێراقی نوسیوە کە خۆتان فەشەلتان هیناوە لە پاراستنی سنورەکانتان، تا کار گەشتوەتە ئەوەی سەفیری تورکی خۆی دابەزێتە بازار و داوا لەبازرگانەکان بکات کە کاڵای تورکی هاوردە بکەن .

کەواتە ئەگەر عێراق لاواز بێت بەرانبەر ئەو وڵاتانەی کە باسمانکرد مانای وانیە عێراق لاوازە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان هەربۆ نمونە ئەگەر یەک مانگ پارەکەی عێراق دوا کەوتبێت هەرێم نەیتوانیوە موچەی فەرمانبەرانی بدات، بۆیە دەکرێت بەرپرسانی هەرێم بپرسن ئەگەر قەرار بێت هەریمیش بەشێکە لەم وڵاتە ئەوا لاوازیەکە هەرێمیشی گرتوەتەوە بەدیوەکەی تریشدا ئەگەر عێراق لاوازە لەبەرانبەر ئەو وڵاتانەدا ئایا دەکرێت ئەوە بپرسین کە عێراق لە دۆخێکدایە لاوازیەکەی وابکات بەهەموو مەرجێکی هەرێم رازی بێت، نا عێراق وڵاتێکی خاوەن پێگەی خۆیەتی ڕاستە پێگەی بەهێز نیە، عێراق دوێنی ئاشکرای کرد ئیحتیاتی نەختێنەی گەیشتە ۸۷ ملیار دۆلار بۆیە بەرپرسانی هەرێم لاوازی دەرەکی عێراق بەهەڵە لێکنەدەنەوە و تێنەکەون.

هەربۆیە زەرورە لە خۆمان بپرسین ئاخۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر ئەم گریمانەیە نەبوو کە عێراق لاوازە و تازە لە جەنگی دژ بەداعش هاتەوەتە دەرەوە و ماندوو شەکەتە هیچ بەرچەکرداریکی نابێت لەبەرانبەر ریفراندۆم لە دواییدا وا دەرنەچوو ٥۱٪ خاکیشمان لەدەست دا لەگەڵ چەند پۆستێکی گرنگ لەوانە پارێزگاری کەرکوک ۱٦ ئۆکتۆبەریش لاوازی هەرێمی سەلماند بەرانبەر بغداد و پیگەی هەرێم هێندەی تر لاواز بوو، فڕۆکەخانەکانی هەرێم وەستینران مەرزەکان گرفتیان بۆ دروست بوو.

بۆیە بەبڕوای من نابێت لەسەر پێش بینی نادروستی هەندێک کەس هەنگاو بنێن و بڕیاری ناتەندروست بدەین ئەم بەرپرسیاریتیەش لە ئەستۆی ئەو لایەنانایە کە لەڕوی پێگە و پیکهێنانی حکومەتەوە پلە بەندییان هەیە .

جێگەی خۆیەتی بڵێن لەئیستادا باس لە چارەسەری کێشەکانی هەرێم و بغداد دەکرێت یەکەم کەیسیش بابەتی بوجەی ساڵانەیە، دراسەنەکردنی وردی ئەم بابەتە هەرێم روبەڕوی قەیرانیکی گەورەدەکاتەوە. لەم سۆنگەیەوە دەبێت دراسەی هەموو ئەگەرەکان بکەین .

بەشی سێ هەم :ئەگەرەکان -  نەوت کلیلی گفتوگۆ

ئەگەری یەکەم :رادەست نەکردنی نەوت

ڕادەست نەکردنی نەوت ئەگەر لەسەر ئەوگریمانەیە کە ئاڵۆزیەکانی نێوان ئەمریکاو ئیران بەرەو قۆناغی دەست پێکردنی شەر دەڕوات و گەرووی هورمز دادەخرێت و پشێوی دروست دەبێت هەرێمیش بەو نەوتەی کەهەیەتی دەتوانێت خۆی بپارێزێت داهاتەکانی جێگیربکات و بازرگانی چالاک بێت لە دەروازەکانی هەرێم بە تایبەت ابراهیم خلیل، دواجاریش عێراق ناچار بێت پەنا بەرێت بۆ هەرێم بۆ ئەوەی نەوتەکەی لەڕێگەی بەندەری جیهانەوە هەناردە بکات لەراستیدا ئەم گریمانە لاوازیەکەی لەوەدایە کە ئەو بۆریە تەنها بەشی هەناردەی هەرێم دەکات وهەش یەکی نەوتی عێراق کە دادی داهاتی عێراق نادات و لە بنچینەشدا ئەگەری رودانی شەر لە نێوان ئەمریکاو ئیران زۆر دورە و لە بابەتیکی دیکەدا ئەوەمان رونکردەوە بۆیە خوازیارم گریمانەکان لەسەرچاوەکانی خۆیانەوە وەرگرین ئەو پەیوەندیانەی کەهەن ئیستسمار بکرێن.

بابینە سەربابەتی یاسای بوجە

ئەوەی لە یاسای بوجە لەساڵی ۲٠۱۹ تێپەڕی ئەستەمە لە بوجەی ۲٠۲٠ تێپەڕێت و دوبارە ببێتەوە چونکە زۆربەمان ئەوە دەزانین یان بیستومان کەبوجەی ۲٠۱۹ رێکوتنێکی سیاسی بۆ کرابوو بەسەرپەرشتی وڵاتێکی ئەقلیمی و پێدانی چانسێک بە هەرێمی کوردستان بە ڕادەست نەکردنی نەوت لەگەڵ ئەوەشدا موچەی فەرمانبەران بگاتە هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتاوە ڕامانگەیاند کە موچە بەردەوام دەبێت لەم ساڵەداو هەندێک بەرپرسیش پێیان سەیربوو کەئەم لێدوانە بەو رونیە دەدەین.

دەپرسین:

ئایا هەرێم یان ڕاسترە بڵێم هێزێکی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت قەناعەت بە عادل عبدالمهدی و هێزەکانی موالات بکات هەمان سیناریۆی ساڵی ۲٠۱۹ دوبارە بێتەوە لە بوجەی ۲٠۲٠، ئایا هەموو کورد دەتوانن یەک هەڵوێست بن لەسەر ئەوبابەتە لەکاتێکدا لەسەر پۆستی وەزیری داد (۳) مانگ کێشە هەبوو ولەئیستاشدا پارێزگاری کەرکوک یەکلانەبوەتەوە،ئایا هیزە سیاسیەکان ئامادەن ئەم سەرکەوتنە ببەخشن بەپارتی لەکاتێکدا وەزیر هەر بۆ پارتی بێت سەفیر هەربۆ پارتی بێت و سەرۆکایەکی لیژنە گرنگەکانیش هەربۆ پارتی بیت ئایا بەشی ئەوەی تیدا ماوەتەوە کە هێزەکان چاوپۆشی بکەن لەوەی کەرویدا، ئایا هەڵپەی دابەش کردنی پۆستەکان یەک هەڵویستی کوردی هێشتوەتەوە
بەراستی جوڵە سیاسیەکانی ئیستای هێزە کوردیەکان هەریەک بەتەنها ئەگەری یەکهەڵوێستی کوردی لاوازتر کردوە دەبیستریت کە هەوڵ هەیە بوجەی پاریزگا کوردستانیەکانیش جیابکرێتەوە.

لەلایەکی دیکە ئایا بەرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراق کەخۆیان لە هێزگەلێکی تێکەڵ لەسونەو شیعەو تورکمان هەتا کوردیش نمایش دەکەن ڕێگە دەدەن سیناریۆی رێکەوتنی ۲٠۱۹ دوبارەبێتەوە لە کاتێکدا بەرەو هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەچین هەموان سەرقاڵن بە نیشاندانی هاوخەمی هاوڵاتیان وکەم وکوڕیەکان دەخەنە ئەستۆی حکومەت.

یان عادل عبدالمهدی چیتر ڕازی دەبێت ئەوەندە لەژێر فشاردا بێت و هێزە کوردیەکان هاوکاری نەکەن .

ئایا شەقامی عێراق بەشیعەو سونە ئەوە قبوڵ دەکەن کە خزمەتگوزاریان نەبێت و پارە بگاتە هەرێم بەبێ ڕادەستکردنی نەوت.

ئایا پەرلەمان وئەندامپەرلەمانە پۆپۆلیستەکان چ لە لیژنەی مالی یان لەنێو پەرلەماندا دەیەڵن یاسای بوجە بەوشێوەی ۲٠۱۹ تێپەڕ بێت.

ئایا ئەندام پەرلەمانە کوردەکان چ بەگشتی یان ئەوانەی لێژنەی دارایی دەتوانن ئەو یاسایە تێپەڕێنن کە بەدەیانجار ساڵی پار وتومانە کەتەنها ئەم بابەتی رادەست نەکردنە بۆ ساڵی ۲٠۱۹یە وەک نیازپاکی با تێپەرێت.

ئایا عادل عبدالمهدی قوربانی دەدات بەکەمکردنەوەی نەوت لە بەرخاتری نەوتی هەرێم چونکە دەبێت پابەند بێت بەو ڕێژەی کە ئۆپێک دایناوە لەسەر عێراق کە کەمی بکاتەوە لەبەرانبەر چیدا یان کورد چ ئۆفەرێکی بەدەستەوەیە بۆ عادل عبدالمهدی.

ئایا عادل عبدالمهدی دەتوانیت بەردەوام بێت لە وەڵام نەداوەی دادگای فیدڕاڵی بۆ شاهیدی نەدانی لەسەر ئەو سکاڵایەی کە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لەدژی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان تۆماری کردوەلە ساڵی ۲٠۱۲ کەناسراوە بە کەیسی (٥۹) لە پێناو چیدا ئەوە بۆ هەرێم بکات.

ئایا دادگای نێوبژیوانی پاریس ناسراو بە ( ICC ) ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی کەقەرارە کۆتایی ئەمساڵ دۆسیەکە یەکلابکاتەوە یان سەرەتای ساڵی ۲٠۲٠ بابەتی نەوت و هەناردەی لەڕێگەی تورکیاوە یەکلاناکاتەوە کە لە ئیستادا جوڵەیەکی مەکۆکی هەیە لەنێوان تورکیا و عێراق بەتایبەت هەردوو وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لەهەردوو وڵات بابەتەکەش پەیوەندی بەو سکاڵاوە هەیە.

ئەمانە هەموو ئەو ئەگەرانەن کە دەبێت بەرپرسانی هەرێمی کوردستان (۱٠٠) جار بیربکەنەوە ئینجا یەک بڕیار بدەن چونکە موجازەفەکردن بەقوتی هاوڵاتیانەوە یاریەکی ئاسان نیە و نابیت مێژوش رەحم بەولایەنە ناکات کەدەبێتە ڕێگر لەبەرانبەر نەهاتنی قوتی هاوڵاتیان و دوریش نیە لایەنێک یان چەند لایەنێک ڕێگە بەخۆیان بدەن کە قوتی خەڵک بەلایانەوە گرنگ تر بێت لەهەموو بەرژەوەندیەکی تەسکی حیزبی و حکومی ڕاستوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بکەن و هاوڵاتیانی ئەوپارێزگانەش پشتگیرو دەست خۆشیان هەبێت لەو هەنگاوە و دیوەکەی تریشی شکست هێنان بێت بەحکومەتی هەرێم لەبەر ئەوەی شەراکەتی حەقیقی نەکردبێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا