ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید 05/03/2022 345 جار خوێنراوەتەوە

سیستەمی سوێفتی دارایی

گروپی مامەڵە بانکیە نێو دەوڵەتیەکان، یان سیستەمی ئاڵۆگۆری دارایی و مامەڵە بانکییەکان. 
ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی سیستەمی بازرگانی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینیوە، دەخوازێت ئامرازەکانیشی وەکو خۆی پێشکەوتن بەخۆیانەوە ببینن، چونکە ئەو ریسک و ترسناکیانەی دێنە بەردەم پرۆسەی بازرگانی، وادەکات بازرگان هەزارو یەک ئیحتمال دانێت بۆ زەرەرو زیانی لەناکاو، چونکە ئەوە بەڵگە نەویستە کە سەرمایە ترسنۆکەو خۆی لە هەموو ژینگەیەک نادات و هەمیشە لە هەوڵی گرەنتی وەرگرتنە بۆ پرۆسەی بازرگانییەکەی، یان کەمکردنەوەی ئەگەری زەرەو زیان ئەویش بە دانانی ئامرازو هۆکار گەلێک کە لەگەڵ ئاستی ترسناکی و زیانەکاندا گونجاو بن.

هەموان دەزانن کە بازرگانی لە قۆناغە سادەو ساکارەکەی کە قۆناغی بازرگانی ئاڵ و گۆڕ بووەو گەشتووە بە سیستەمی بۆرسە کە نەکڕیار و نەفرۆشیاریش کاڵا دەبینێت و نەیەکتریشیان دیوە ئەوەش دوای دروستکردنی فاکس و تەلەفون، بەڵام خیرایی فراوانبوونی بازرگانی هێشتا پێویستی بە تەکنۆلۆژیای خێراتری دەویست، بەرئەنجام سیستەمی سوێفت دروست بوو، بۆ چاککاری لە گەیاندن لە نێوان دەزگاو دامەزراوەو بانکەکاندا.

سوێفت : SWIFT چییە؟
 زاراوەی سوێفت بەزمانی بیانی، واتە خێرا  یان بەجۆرێک لە باڵندەی خێرا دەوترێت، بەڵام وەک بەکارهێنان: سوێفت بریتییە لە کۆمپانیایەک یان کۆمەڵەیەکی  هەماهەنگییە بەپێی یاساکانی بەلجیکا، کە بانکی نیشتمانی بەلجیکی سەرپەرشتیاری راستەوخۆیەتی.

لە گرنگترین ئامانجەکانی ئەم تۆڕە:
۱. خێرایەکی زۆر بۆ گەیاندنی نامە بانکیەکان.
2. پاراستنی نهێنی مامەڵە داراییەکان.
۳. ئاڵوگۆڕی حسابێک بۆ حسابێکی دیکە.
٤. گۆڕینەوەی دراوێک بۆ دراوێکی دیکە.
٥. بڕیاری فەرمانکردن بەکڕین و فرۆشتن.
٦. بەدۆکیۆمێنتکردنی مامەڵە داراییەکان.
ئەنجومەنی کارگێڕیەکەی پێکدێت لە (۲٥) ئەندام و بەرپرسە کارگێریەکانی سەرجەمییان لە کۆمەڵگەی بانکی نێونەتەوەین.

ئامانجی ئەم ئەنجومەنە یان کۆمەڵە (قازانج نەویستە) ئەوەیە ئاسایشی چالاکی تۆڕی پەیوەندیە ئەلکترۆنییەکان بپارێزێت، لە نێوان نوێنەری بازاڕەکانی دراو دا، هەروەها ببێتە ئامرازێکی بەگرەنتی بۆ پاکتاوکردنی مەدفوعات لە رێگەی ستاندەرە بانکییە نێودەوڵەتییەکانەوە.
مێژووی سوێفت: دەگەڕێتەوە بۆ (٥۷) ساڵ لەمەوبەر، بەدیاریکراوی بۆ ساڵی ۱۹۷۳ لە رێگەی (۲۳۹) بانکەوە کەسەر بە (۱٥) وڵاتی جیاوازن، تۆڕەکە دەست بەکار بووە لە ساڵی (۱۹۷۷).

لەساڵی ۱۹۷۷ ئەمیر ئەلبەرتی بەلجیکی یەکەم نامەی لەڕێگەی ئەم تۆڕەوە ئەزموون کرد.
لەساڵی ۱۹۸٠ دوو گەورە بانکی  هۆنگ کۆنگ و سانگافورە هاتنە ناو تۆڕی سوێفتەوە، ژمارەی نامە ئاڵوگۆڕەکانیش ملیۆنانی تێپەڕاند.
لە ساڵی ۱۹۸۳ بانکی نیشتمانی بەلجیکا دێتە ناو تۆڕەکەوە، بەوەش ژمارەی بەشداربووەکان دەگاتە (۱٠٠٠) ئەندام، ژمارەی نامە ئاڵوگۆڕکراوەکان گەیشتە (۱٠٠) ملیۆن نامە.
لە ساڵی ۱۹۹۱ جەزائیر دەچێتە ناو تۆڕەکەوە، ژمارەی نامە ئاڵوگۆڕەکان زیاتر بوو لە (۲۲٥) ملیۆن نامە.
لە ساڵی ۲٠٠٠ سوێفت دەگاتە چڵە پۆپەو ژمارەی نامە ئاڵوگۆڕەکان دەگاتە (یەک) ملیار.
لەساڵی ۲٠٠۳ ژمارەی بەشدار بووەکان گەشتە (۷۳٠٠) دەستەی لە خۆ گرت، کە سەر بە (۱۹۸) وڵات بوون.
لە ساڵی ۲٠٠٦ ژمارەی کەسایەتییە مەعنەوەیەکان، کە چونە ناو تۆڕەکە (۲۲٠٠) تێپەڕاند و (۱۱) ملیۆن سەفقە لە تۆڕەکەدا بەئەنجام گەیشت.
لە ساڵی ۲٠٠٦ دەرکەوت کە وڵاتە یەکگرتووەکان سیخوڕی کردووە بەسەر تۆڕەکەوە و زانیارییەکانی ناو تۆڕەکە بەشێوەیەکی نایاسایی، بۆ ڕاوەدوونانی گومان لێکراو لەبواری سپیکردنەوەی دراودا.
لە ساڵی ۲٠٠۸ سوێفت بانگەوازی پاراستنی تایبەتمەندیە کەسایەتییەکان دەپارێزێت.

لە ساڵی ۲٠۱٠ سوێفت بڕیار دەدات بە دەنگدانی ۳۷۸ دەنگ بۆ هاوبەشیکردنی زانیارییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا، لە بەرانبەر ۱۹٦ دەنگی ناڕازی.
لە هەمان ساڵدا واتە ۲٠۱٠ ژمارەی بەشداربووان دەگاتە (۹٠٠٠) بانک و (۸۳٠٠) دەستەو رێکخراوی دارایی کەسەر بە (۲٠۸) وڵاتن.

چالاکییەکانی تۆڕی سوێفت:
ساڵانە لەڕێگای تۆڕی سوێفتەوە نزیکەی (٤) ملیار مامەڵەی دارایی  تێدا  ئەنجام دەدرێت، کە بە چەند ترلیۆن دۆلارێک دەخەمڵێنێت، کە لەژێر  رێساو کارە ژمێریاریەکانی بانکەکاندا تێدەپەڕێت، بۆیە دەکرێت بڵێین: سەرجەم مامەڵەکانی جیهان بە تۆڕی سوێفتدا تێدەپەڕن و لەژێر کۆنترۆڵی ئەم تۆڕەدان، لە ناو ئەو تۆرەدا گرنگترین هاوبەشەکان ناسروان بەگروپی (G6)، کە هەریەک لە بانکە ناوەندییەکانی (وڵاتە یەکگرتوەکان، بانکی ناوەندی ئەوروپا، بانکی ناوەندی بەلجیکا، بانکی ژاپۆنی، بانکی سویسری، بانکی کەنەدی).
لە ۹۱.۷٪ ئاڵوگۆڕەکان بەو شەش دراوە دەکرێت لە تۆڕی سوێفتدا، کە ناسراون بە (G6)، لەگەڵ ئەوەی ئەم سیستەمە رێگە دەدات بە (۲٠) دراوی جیهانی کە بەو تۆڕەدا تێپەڕن، ئەو (۱٤) دراوەی کە دەمێنێتەوە ڕێژەی ۹.۳٪ پێکدەهێنن، لە ناو ئەو وڵاتانەدا عیملاقی ئابووری کە چینە لە ساڵی ۲٠۱۷ دا تەنها ۱.٦٪ دراوی چینی کەیوانە بەکار هاتووە لەتۆڕی سوێفتدا، بۆیە تا ئێستا ڕێژەی ئەو بازرگانییەی کە چین دەیکات ۹۷.۸٪ بەدۆلارە، ئەوەش وایکردوە کە رێژەی دۆلار و یۆرۆ لە بەکارهێناندا بگاتە ۸٠.۷٪ لەساڵی ۲٠۱۷ دا.

سوێفت و کۆماری ئیسلامی 
لە ساڵی ۲٠۱۲ سوێفت ئیرانی دوورخستەوە لەبەکارهێنانی، بەهۆی سزاکانی  یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، لەم ماوەیەی دواییشدا سوێفت بڕیاری دا بەشێک لە بانکە ئێرانییەکان دووربخرێنەوە، دوای سەپاندنی بەشی دووەم لە سزاکان لە ساڵی ۲٠۱۸، لە دوا بڕیاریشدا مایک  پۆمپیۆ ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای لە سوێفت کرد کەسەرجەم ئەو دامەزراوە داراییانەی کۆماری ئیسلامی دووربخرێنەوە، کە لە لایەن ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، لە ئەنجامدا تۆڕی سوێفت بەدەم داواکارییەکەی ئەمریکاوە ڕۆیشت، پۆزشی هێنایەوە کە ئەوە هەرچەندە کارێکی شیاو نییە، بەڵام لەبەر سەقامگیری سیستەمی دارایی جیهان پابەند دەبن پێوەی
.
عێراق و تۆڕی سوێفت
هەرچەندە دەوڵەتە عەرەبیەکان لەم بابەتەدا دواکەوتوبوون، لە چونە ناو تۆڕەکان بە بەهانەی ئەوەی کە ئەم تۆڕە جولەکە سەرپەرشتی دەکات، بۆیە کاتێک جەزائیر داوای کرد لە ساڵی ۱۹۷۷ بچنە ناو تۆڕەکە، عەرەبستانی سعودی نەیهێشت، بەڵام لە ئێستادا زۆربەی دەوڵەتە عەرەبییەکان لە ناو تۆڕەکەدا هەن و عێراقیش بەتایبە کە خاوەنی نزیکەی (۸٦) بانکی حکومی و ئەهلییە، لە ئێستادا (۷٦) بانکی عێراقی، یان ئەو بانکانە کە فەرعیان لە عێراق هەیە، لەم تۆڕەدا کار دەکەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا