سۆران عومهر
17/02/2022
321 جار خوێنراوەتەوە
چۆن ھەڵەکان ڕاست بکرێتەوە؟
دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای ئیتحادی،
چۆن ھەڵەکان ڕاست بکرێتەوە؟
ھەرێم پێویستە بۆ دوای بڕیارەکە خۆی ئامادە بکات و بەزویی بۆ ئەم بابەتە بێنەوە بەغدا، ئێستە سەرەتای پێکھێنانی حکومەتی عێراقە، دەبێ گفتوگۆو ھاوپەیمانێتییەکانیان ببێتە شایستەی دارایی و مافی دەستوری خەڵک، ببێتە چۆنیەتی مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و زامنکردنی بەشە بودجەی تەواوەتی ھەرێم، نەک شەڕی پۆست، ئەم بڕیارە سەلماندی شەڕی پۆست بەم پەرتەوازەیی و ناکۆکییە ھەرێمی لاوازتر کرد.
ئەگەر بەیەکگرتوویی نەیەنەوە بەغدا، نەچنە ژێر باری چارەسەرو رێککەوتن بۆ مافەکانی خەڵکی ھەرێم، بڕیاری دیکە لەسەر داھاتە ئیتحادیەکانیش دەرەچێ.
ئەی کورد بۆچی لەسەر جێبەجێ نەکردنی چەندین مادەی دەستوری پەیوەست بەھەرێم و مادەی ١٤٠، سکاڵایەکی لە دادگای ئیتحادی نییە؟
پێویستە پارتی و یەکێتی کە ئێستە لە بەغدا دابەشبوون بەسەر ماڵی لێکترازاوی شیعەدا و بەرامبەر یەک وەستاون، لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بەخۆیاندا بچنەوەو وەرەقەیەکی نوێ بۆ گفتووگۆی پێکھێنانی حکومەت پێشکەش بکەن، بەتایبەت دوای بڕیارەکەی دادگای ئیتحادی، ناچارن خەمێک لەوە بخۆن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پێشھاتە نوێیەدا بکەن، دەبێ نەوت تەسلیم بکەن و بەشەبودجەی تەواوەتی ھەرێم وەرگرن و لەیاسای نەوت و گازی عێراق، مافەکانی ھەرێم داکۆکی لێ بکرێ کە ئەگەر ھەیە ئەم خولە یاساکە دەربچێت، ئەگەر نا ھەرێم توشی قەیرانی گەورە دەبێ!
واز لە تەخوینی یەکدی بێنن، مەگەر دادگای باڵای ئیتحادی دوو دادوەری مەحسوب لەسەر یەکێتی و پارتی لێ نییە؟
ئەو دوو دادوەرە پێیاننەوتون کەیسێکی ١٠ ساڵە لەسەر ھەرێمە و وەک بۆمبێکی تەوقیت کراو ئامادەیە؟ لەو سێ کابینەی پێشوو بۆ چارەسەرتان نەکردوە؟
خۆ ئێمە گرێبەستی نەوتیمان نەکردوە! خۆ ئێمە لەگەڵ صەدریەکان و سوننەو ئیتار رێکەوتنمان نییە، وەرن ھەڵەکان چاک بکەنەوە خەڵک لەتوانایدا نەماوە توشی لەمە خراپتر ببێت.
خەڵک ئەگەر لەفرۆشی نەوت بەھرەمەندبوایە، ئێستە ھەموو کوردستان دژی بڕیارەکەی دادگا دەڕژایە سەرشەقام، بەڵام ببینن خەڵک خۆشحاڵە بەئەمەلی ئەوەی ژیان و گوزەرانی باش ببێ.
خەڵک ئێستە موچەی دەوێ بازاڕو کاری دەوێ، لای گرنگ نییە کێ سەرۆک کۆمارە لەعێراق، بەڵام بۆی گرنگە بەشە بودجەی لەبەغداوە بۆ بێت و لەوادەی خۆیدا موچە وەرگرێ.
ئێستە لای خەڵک گرنگ نییە کێ نەوت دەفرۆشێ لای مەبەستە سودمەند بێ لەداھات و بەرھەمەکەی، نەوتی سپی وەرگرێ، بەنزین و غازو نەوت وەک عێراقی لێ بێت، لەعێراق نرخی بەنزین ٤٥٠ دینارە -ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت ھەرچەند بێ- خەڵک پرۆژەو ئاوەدانی دەوێ، بۆچییەتی ھەرێم نەوت بفرۆشێ بەڵام موچە لەوادەی خۆی نەدات؟ سوتەمەنی ھێندە گران بێ وەک ئەوەی ھەرێم نەوت بکڕێ نەک بیفرۆشێ.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی سۆران عومهر