سۆران عومه‌ر 21/03/2022 403 جار خوێنراوەتەوە

دەزانن ناڕازییەکان و ئۆپۆزسیۆن بۆ بێدەنگن؟

یەکێک لەخراپترینەکانی ئەم جۆرە لە حوکمڕانی دەوربەرە لاوازەکەی کەسی یەکەم و دوەمی یەکێتی و پارتییە، کە ناتوانن وێنە راستەقینەکەیان بۆ بگوازنەوە، هیچ لەو نزیکانەیان ناتوانن راستیە تاڵەکانیان پێبڵێن، تەنانەت ئێستە مەکتەبی سیاسیەکانیش هێندە بەلاوازی لەو پۆستانەدان، کاتێک ئەوانە دەبینن ناتوانن پێیان بڵێن: حوکمڕانی پاش ۳٠ ساڵ بەمجۆرە سەرەنجامی تیاچونە!

هیچیان جورئەتی ئەوەیان نییە پێیان بڵێن: با کۆتاییتان هێندە ناشیرین نەبێت، ئێوە نزیکن لە لێواری لەناوچون و هیچ کات ئەو هێزو پارە نامەشروعە ناتانپارێزێ!

ناوێرن بڵێن: بڕیارەکانتان هەڵەیە، ئیدی تێر نەبوون بە بردنی داهات و سەرانەو قاچاخ؟

بڕوا بکەن هەندێک لەو نزیکانەیان پێیان خۆشە زوو لێیان بشێوێ، چونکە شوێنی پارەکانیان پێدەزانن تا دەستی بەسەردا بگرن.

کەسێ نییە پێیان بڵێت: میلەتی وا لە دونیا دەست ناکەوێ کە تائێستە لێتان ڕانەپەڕیوە بەهۆش وەرنەوە؟ 

دەزانن ئەو پارە براوانەی بانکەکانی دەرەوە نابن بەخاوەنی؟ وادەزانن سبەی بەو جەوازانەی پێیانە دەرباز دەبن و دەتوانن بە ئاسودەیی لە دەرەوە بژین؟ 

ئەرێ برادەران پێیان بڵێن: ئەمجارە توڕەیی برسیەکان پیرو گەنج و ژن و منداڵ دێنێتە سەر ماڵەکانتان، ژیانی خەڵک وەک ژیانی حاشیە مشەخۆرەکانتان نییە، وەک شەوە سورو رابواردنەکانی خۆتان نییە، خەڵک برسییە برسی، برسێتیەک کە سەرەنجام سەرتان دەخواو لێی تێناگەن! 

هەرچەند دەسەڵاتی ستەمکار نابێ سەرەنجامی جوان بێت، مومکین نییە کۆتاییەکەی کەوتنە ژێرپێی خەڵک نەبێ! 

دەزانن ناڕازییەکان و ئۆپۆزسیۆن بۆ بێدەنگن؟ سەرەڕای ئەوەی لاوازن، بەڵام هیوایەک بەخەباتی مەدەنی و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان نەماوە، بژاردەی دی بەدیلی ئەوەیە کە ۳٠ ساڵە میلەت لەپێ دەکەن و گیرفانتان هەر پڕ نابێ!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی سۆران عومه‌ر

سەرەتا