ئیبراهیم محه‌مه‌د عه‌زیز 12/06/2025 140 جار خوێنراوەتەوە

ڕووسیا دوژمنە سەرسەختەکەی ناتۆ وئەوروپا

ڕووسیا وەک زلهێزێک ئامانجی لەجەنگی ئۆکرانیا سنووردارنیە لەچوارچێوەی سەرکەوتن یان ڕووخانی ئەو دەوڵەتەدا بەڵکو لەوە گەورەتر وستراتیجیتر مامەڵەدەکات.
ڕووسیا لەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت سیاسەتەکانی دەرەوەی بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕیووە ( پەرگیری ، هاوبەشیکردن، دەستێوەردانی تاک لایەنە) تاگەیشتۆتە ئێستای کە هەوڵی گۆڕینی سیستمی جیهانی دەدات لەڕێگەی جەنگی ئۆکرانیاوە و لەوپێناوەشدا توانیوێتی کە جەنگ بگەڕێنێتەوە بۆ ناو ئەوروپا وهەموو دەوڵەتانی ئەوروپا بەئەمریکاو کەنەدایشەوە تێوەبگلێنێت.
پەرەسەندنەکانی جەنگەکە و بەردەوامی زۆر سەرنج ولێکدانەوەی سیاسی وستراتیجی لەخۆ دەگرێت.
ئەوەش لای نەیارەکانی ڕوونە کە ئامانجی گەورەی ڕووسیا گۆڕینی ڕژێمی ئۆکرانیا نیە بەڵکو ئەو دەیەوێ هاوکێشەکانی جیهان کە لەسەر بنەمای سیستمی نوێی جیهانی داڕێژراوە تێپەڕێنێت ،ئەگینا ڕووخانی خودی ئۆکرانیا بۆ ڕووسیا یان گۆڕینی ڕژێمەکەی کارێکی هێندە سەخت نەبوو تا ئێستا درێژە بکێشێت.
چونکە ئۆکرانیا بۆ خۆی زۆر لەوە لاوزترە بتوانێت لەبەرامبەر تواناکانی ڕووسیا خۆی بگرێت. نەک ئۆکرانیا بەڵکو زۆربەی دەوڵەتانی ئەوروپا ئەگەر پارێزگاری ئەمریکایان نەبێت هەزوو زۆربەیان هەرەس دەهێنن لەبەرامبەر ڕووسیادا هەر لەبەرە مەترسی ڕووسیایە لەدوای جەنگی جیهانیەوە ئەمریکا ئاسایشی ئەوروپا دابین دەکات. ڕووسیا بەتەنها خۆی لەماوەی سی مانگدا هێندەی یەک ساڵی هەموو ئەوروپا بەرهەمی سەربازی هەیە، ڕووسیا بەتەنها چوارهێندەی هەموو ئەوروپا کەرەستەی سەربازی بەرهەمدەهێنێت. خۆیان دەڵێن لەسەدا چوارسەد پێویستە بواریببەرگری ئاسمانی وموشەکی زیاد بکەین تاوەکو توانای بەرپەرچدانەوەمان بەهێزکەین.
هەرمەش وای لە ئەوروپیەکان کرد بڵێن لەخەوی غەفڵەت بەخەبەر هاتین چونکە ترەمپ پێی ووتن من ئاسایشتان ناپارێزم و پێویستە خۆتان ئەوکارە بکەن ، لێرەوە بڕیاری بەپەلەیانداوە بۆ خەرجکردنی پارەی زیاتر بۆ بواری سەربازی وبەردەوامیش ئاستەکە بەرزدەکەنەوە، ئەگەر ئەمە حاڵی دەوڵەتانی ناتۆ بێت ئەی ئۆکرانیا بۆخۆی بەتەنها دەبێت چۆن بتوانێت بەرامبەری ڕووسیا ڕاوەستێت؟!
ترەمپ سەرەڕای ئەوەی خۆی گۆڕانکاری جددی هێناوەتەکایەوە بەهەمان شێوە هەوڵی جددیدا بۆ ئەوەی جەنگی ئۆکرانیا وڕووسیاش بوەستێنێت وکۆتایی پێبهێنێت، بۆ ئەمەش پۆتین لاری نەبوو بەو هەنگاوانەی کەڕێکەوتنەکەی لەسەر دەکرێت وهەنگاوی باشی بڕی نزیک لەگەیشتن بەئەنجامێک. بەڵام ئەوەی هاوکێشەکەی تێکدا ئەوروپیەکان بوو بەتایبەت بەریتانیا وفەرەنسا چونکە ئەوان بوون بەبەشێک لەجەنگەکە لەهەموو بوارەکاندا چ وەک پاڵپشتی لۆجستی وماددی وهاوکاری سەربازیی و سەپاندنی سزاو…هتد. بۆیە کاتێک بینیان کەترەمپ دەیەوێت ئەمە بکات بەبێ ئەوان بەمەترسیان زانی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وپێگەی ناتۆ ویەکێتی ئەوروپا، لەبەرامبەردا هەوڵی هاوپەیمانی نوێیان دا وهەوڵی خۆڕێکخستنەوەیان بویە ئەولەویتی قۆناغەکە. لێرەوە سەرۆکی ئۆکرانیا هاندرا کە بە ڕێکەوتنی کانزا دەگمەنەکان لەگەڵ ئەمریکا وئاگربەست لەڕووسیا ڕازی نەبێت وبەربەستیان بۆدروست کرد ، بەمەش بەریتانیا وفەرەنسا بەپلەی یەکەم ئامانجی خۆیان بەدیهێنا کە شکست پێهێنانی هەوڵەکانی ترەمپ بوو، ئەم بارودۆخە دروستکردنی هاوپەیمانی نوێی ئەوروپیەکانی کردە زەرورەت لەژێر چاودێر بەریتانیا بەپلەی یەکەم پاشان فەرەنسا.
ئێستای لەم جەنگەدا ڕووسیا ڕۆژئاوای دابەشی دووبەرە کردوە ئەوانیش ئەمریکا لەلایەک و ئەوروپا وکەندا لەلایەکی تر ، ئەمریکا نایەوێت ئەم جەنگە بەردەوام بێت وپارەداری بکات ویارمەتی بدات لەبەرامبەردا بەرەی ئەوروپی-کەنەدی هەموو هاوکارییەکی ئۆکرانیا دەکەن بۆ بەردەوامی جەنگ وخۆیان واتەنی هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی پۆتین براوە نەبێت( بۆردومانی فرۆکەکانی ڕووسیا لەقوڵایی ودووره سەدان کیلۆمەتر لەخاکی ڕووسیا نموونەی ئەوانەیە) ئۆکرانیاش قوربانی ئەم ململانێ یەدەبێت و سەرۆکە لێنەزانەکەیان کەوتۆتە داوی ئەوروپی -کەندی بەڵام ناشتوانێت بێ نیاز بێت لەترەمپ چونکە هەموو دەوڵەتانی ئەوروپا بە قەد ئەمریکا هاوکاره ئۆکرانیای نەکردوە.
لێرەوە دەتوانین بڵێین:
یەکەم: گۆرانکاری نوێ لەهاوپەیمانیەکاندا لەلایەک وبێنیازی ترەمپ لەئەوروپا وکەندا.
دووم: ئەنجامنەدانی گۆڕانکاری لەسیستمی نوێی جیهانیدا ، سەرەڕای دواهەناسەکانی قۆناغی هەرەسهێنانی .
سێ یەم: تێکدانی هەوڵەکانی ترەمپ لەلایەن بەرەی ئەوروپی وکەنەدییەوە و دروست کردنی بەربەست بۆی.
ئاماژەی دیارن کەجەنگ بەردەوامی دەبێت تائەوکاتەی کە ئەوروپیەکان دڵنیادەبنەوە لەغیابی بوونی هاوکاری سەربازی ئەمریکادا ڕووسیا نابێتە مەترسی بۆیان و بەشدار دەبن لەپرۆسەی ئاشتی ،چونکە ئێستا ئەوان لەخۆ ئامادەکردندان بۆ جەنگ لەپێناوئاشتیدا، لەڕێگەی سەرلەنوێ بنیات نانەوەی سێکتەری سەربازیانەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی ئیبراهیم محه‌مه‌د عه‌زیز

سەرەتا