ئیبراهیم محهمهد عهزیز
18/06/2022
303 جار خوێنراوەتەوە
فەشەلی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی
هەوڵەکەی سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی، نەک هەر هەرەسی هێنا، بەڵکو بوو بەهۆی کشانەوەی لە پەرلەمان و بێهیوابوون لە پرۆسەی سیاسی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی جیاوازی نوێ.
سەدر وەک براوەی هەڵبژاردن و یەکەمی سەر ئاستی عێراق، دەستیبرد بۆ گۆڕانکارییەک کە لە دوای ۲٠٠۳ وە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی لە سەری دەڕوات، کە بریتییە لە سازان، هەرچەندە سەرکەوتنی ئەو سازانە تا ئێستا بەدینەهاتووە لە هەمانکاتدا بەردەوام جێگەی رەخنەو نارەزایەتی پێکهێنەرەکانی بووە، سازان لە سەرەتادا ئەمریکا وەک پرۆژەیەک هێنای بۆ عێراقی دابەش بوو، تاوەکو هەر پێکهاتەیەک خۆی ببینێتەوە تێیدا، ئەم پرۆژەی ئەمریکا لە لای ئیرانیەکانیش قبوڵ کراو بوو، چونکە شیعە وەک زۆرینە باڵادەست دەبوون بەهەمان شێوە پێکهاتەکانیش خۆشحاڵ بوون بەهەنگاوێکی وەها، جگە لە سووننە، کە لەسەرەتاوە رەفزی هەموو شتێکیان دەکرد، کەواتە دامەزراندنی سازان وەک بنەمای عێراقی پۆست ۲٠٠۳ بەتەنها رەهەندی ناوخۆی نەبوو، بەڵکو رەهەندی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی پشتگیری بوون، بە نوێنەری ئەو کاتی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە عێراقدا.
ئەوەی زیاتر سەدر کاری لەسەر کرد کە ئەوە بوو بنەمای سازانە بگۆرێت، تەنها لە رێگەی رەهەندی ناوخۆیی، کە ئەوەش بۆ هەنگاوێکی وەها کافی نییە، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا خۆشحاڵە بەو گۆڕانکارییە، بەڵام نەیتوانیوە بارودۆخێک دروست بکات کە حکومەتی زۆرینە بکاتە ئەمری واقیع، بەدڵنیاییەوە ئێرانیەکان زۆر دژی پرۆژەکەی سەدر بوون، بەجۆرێک بەدژی سازان و بە هۆکاری تێکدانی ماڵی شیعەیان دەزانی و پێیان وابوو کە دەبێت ماڵی شیعە یەکگرتووبێت و سازانیش بەرقەرار بێت، هەرچەندە دەوڵەتێکی وەک ئێران حەقی نیبە ئەو دەستێوەردانە بکات، بەڵام ئەوە واقیعی نەخوازراوی عێراقە و گەلەکەی پێوەی گیرۆدە بووە.
بەڵێ سەدر بەدەر لەوەی پرۆژەکەی دژایەتی کرا لەلایەن ئێران و پشتگیری راستەوخۆی ئەمریکایشی نەبوو، هێزە ناوخۆییەکانیش بەتایبەت هەموو گروپەشیعیەکان و یەکێتی لەگەڵی نەبوون، هەرچی سەربەخۆکانیشە گرنگ نەبووە بۆ ئەوان کە شێوازی حکومەت و سیستمی داهاتووە چۆن دەبێت، چونکە بەگشتیی وەک ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەکەن و لەسەر بنەمای رەخنە کار دەکەن.
لە بارودۆخی لەم شێوەیەدا، سەدر شکستی هێناوە و دەرکەوت کە تەنها خۆی بووە لەسەر ئەو پرۆژەو تەنها ئەو بوو داوای دەکرد (#حکومة - أغلبیة - وطنیة)، دوای ئەویش کەس ئەو هاش تاگەی بەلاوە مەترسی نییە.
لەبەر ئەوە ئەو پرۆژەو هەوڵەی سەدر، لەکاتێکدا چانسی گەورەی دەبوو کە ئەمریکا راستەوخۆ پشتگیر بوایە و هێزەشیعیەکانیش نزیک بوونایە لە یەکترەوە.
ئەو پرسیارەی کە چاوەرێی وەڵامەکەی دەکەین ئەوەیە: ئایا دوای کشانەوەی سەدر تۆ بڵێی کەس هەبێت هەڵگری هەمان پرۆژە بێت، بەبێ پاڵپشتی دەرەکی بەهێزو یەکڕیزی ناوخۆیی؟
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی ئیبراهیم محهمهد عهزیز