ئیبراهیم محهمهد عهزیز
26/03/2023
192 جار خوێنراوەتەوە
بڕیارەکەی پاریس قۆناغێکی نوێ و ئاییندەیەکی نادیار
دەستەبژێری سیاسی هەرێم،
هەڵەکانیان لە ژماردن نایەن، لە ماوەی ۳۲ ساڵی رابردوودا، بەتایبەتی
لە دوای ۲٠٠۳ و ئامادەبوونیان لە بەغداد،
زۆرهەلی زێڕینیان لە دەستدا، کە دەکرا ئێستای هەرێم و ئاییندەکەی پارێزراو گەشاوە بووایە.
ئەم بڕیارەی پاریس، کە لە بەرژەوەندی بەغداد یەکلاییکراوەتەوە،
واقیعێکی نوێی لە گەڵ خۆیداهێناوە، کە فرۆشتن و ناردنەدەرەوەی نەوت بەو بۆرییەی
تورکیا بەسەربەخۆیی لەلایەن هەرێمەوە، پێویستی بەرەزامەندی بەغدادە، کەواتە بەغداد
بووەتە سەنتەر بۆ هەرێم و دەبێت لەوێوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، سەرەکیترین رێگاش
بۆ ئەم بابەتە دەرکردنی یاسای نەوت وغازە، ئەم پرۆژە یاسایە ئەگەر دوێنی هیوایەکی
بووبێت بۆ هەرێم، ئەوا ئەمڕۆ گەورەترینی تەحەدییە، چونکە لە بەغداد دۆستەکانی هەرێم
کەمن و نەیارەکانی زۆر زیاترن، خاڵێکی لاوازی دۆستەکانی هەرێم لە بەغداد ئەوەیە
چاویان لە ئیران و ترسیان لە شەقامی ناوەڕاست و خوارووە، بۆ یە نزیکە لە ئەستەم کە پرۆژەیاسای نەوت وغاز
لە پەرلەمانی عێراق بەدڵی هەرێم بێت، گرفتەکە لەوەدایە لەو کاتەی هەرێم نەوت سەربەخۆ
هەناردە دەکات، یەک هێزی سیاسی عێراقی نییە پشتگیری هەرێمی کردبێت، لەو بابەتەدا هەمیشە
یان بێدەنگ بوون، یان دژایەتیەکی تەواویان کردووە، هەر لە مالیکی تاوەکو سوودانی،
هەمیشە ئەوەیان دووپات کردووەتەوە کە داهاتی فرۆشی نەوت، دەبێت لە دەستی بەغداد بێت
و شتێکی نوێیشیان لەوبارەوە نییە هەرێم دڵی پێخۆش بکات.
پارتە شیعەو سووننەکان لە کاتی قەیران و گرفتەکانیان، کە
پێویستیان بەهەرێمە دێنە هەولێر و ئامانجەکانی خۆیان بەدەست دەهێنن و دەگەڕێنەوە بەغدا،
بەڵام کاتێک هەرێم دەچێتە بەغداد، دوای گفتووگۆیەکی دوورودرێژ، بە دوو دەستی بەتاڵ
دەگەڕێنەوە، بەتایبەتی لە بواری نەوت و بەشە بوودجەدا.
هەرێم ناوەندی رێککەوتنی
کابینەی دووەمی مالیکی بوو لە ۲٠۱۱ دا هاوبەشی حکومەتەکەی
عەبادی بوو لە ۲٠۱٤دا پاڵپشتی کرد لەشەڕی
دژی داعش، بۆ عادل عەبدولمەهدی لە ۲٠۱۸ دا هاوکارێکی باش بوو،
لە گەڵ کازمی پەیوەندییەکانیان بەهێز بوو، بۆ پێکهێنانی کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی
وازی لە سەدرهێناو چووە پاڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، لە پاش هەموو هەوڵەکانی بوونی لەو
هاوکێشانەدا، هەێم بەتەنهایەو نەیتوانیوە دۆستەکانیشی لە بەغداد وا لێبکات لەژێر لێوەوە
پشگیری هەرێم بکەن بۆ سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت، بۆیە لە ئەمڕۆوە تەنهاهەرێم نییە هەڵوێستی
لاوازە لە بەغداد، بەڵکو دۆستەکانیشی ناتوانن پشگیری هەرێم بن لە گفتوگۆی پرۆژە یاسای
نەوت وغاز، ئەگەر ئەو جورئەتەیان هەبێت ئەوا لەبەردەم ناڕەزایی نەیارەکانیان لە
ناوەڕاست و خوار ولەلایەک و ئێران لەلایەکی ترەوە دەبنەوە.
بۆ یە کاتێک بڕیارەکە لە پاریسەوە دەردەچێت، دووکەڵەکەی
لە هەرێمەو دامرکاندنەوەیشی لە دەستی بەغدادیە، هیوا هەڵچنین لەسەر سودانی بۆ
دامرکاندنەوەی ئەم شڵەژانەی هەرێم، جۆرێکە لە ساویلکەیی، چونکە سودانی مەحکومی بڕیارەکان
و هەڵوێستەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، چوارچێوەی هەماهەنگیش مالیکی وخەزعەلی
وعامری و حەکیم لەخۆ دەگرێت، لە کاتی بڕیارەکانیان چاویان لە ئێرانە.
گرفتی ئەم بڕیارەی پاریس ئەوەیە تورکیا پەیوەستە پێوەی و
ناتوانێت پێچەوانەی مامەڵەبکات و لەو چوارچێوەیە دەرچێت کە دادگاکە پێیگەیشتوە،
تورکیا ئێستا لە بەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدایە و باس و خواسی کەوتنی ئەردۆگان
گەرمە، لەبەرامبەر نەیارەکەیدا لە ناوەڕاستی مانگی پێنجی ئەمساڵ، لە ئەگەری دۆڕانی
ئەردۆگان لە هەڵبژاردندا، بارودۆخی سیاسی تورکیاش گۆڕانکاریی بە خۆیەوە دەبینێت و کاریگەریشی
دەبێت لەسەر مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەرێم و پرسەکانی.
بۆیە گرنگە دەسەڵات ئەوە بەباشی تێبگات هیواخواستن بۆ
چاکبوونی بارودۆخەکە لاوازییەکی گەورەیە پێویستە هەنگاوی کردی و واقیعی کە قۆناغە
نوێ یەدەیخوازێت بگرێتەبەر و لەوە تێبگات ئەگەر تا دوێنێ جۆرێک مامەڵەی لەگەڵ بەغداد
کردوە ئەوا ئەمرۆ دەبێت لەگەڵ ئەو راستییە مامەڵە بگات کە بەغداد چەقە و لەوێوە ڕێگاکان
دەست پێدەکات.
بەداخەوە هەرێم بەم مامەڵە ناتەندروستەی ئەمرۆی دروست
کرد کە ئێستا هاووڵاتیەکانی تووشی گرفتێکی نوێدەکاتەوە لە نەبوونی بوودجەی پێویست
بۆ مووچەو بژێوی خەڵکی وخۆیشیان بێ باکانە مامەڵە دەکەن وکاریگەرییەکەی زیاتر لەسەر
خەڵکی هەژار ونەدار دروست دەبێت. دەستە بژێری سیاسی لەهەرێم لە دابڕانێکی گەورەدان
لەگەڵ هاووڵاتیان بەجۆرێک لەبارودۆخێکی لەم جۆرە تەنها پشتگیریان ئەندامەکانی حزب
وسوودمەندانی پارە و نەوتن. گرنگە دەستەڵات بەهۆش خۆیدا بێتەوە و بزانێت کە پێداچوونەوەی
جددی پێویستە ئەم قۆناغەو بەرپرسیارێتی جددی قۆناغەکە هەڵبگرن بە کۆتایی هێنان بە
پەیڕەو کردنی سیاسەتی هەڵە وناشەفافیەت لە هەموو بوارەکان بەجۆرێک هاووڵاتیان سوود
مەند بن لەبری کۆمپانیایی حزب.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی ئیبراهیم محهمهد عهزیز