ئیبراهیم محهمهد عهزیز
05/01/2022
320 جار خوێنراوەتەوە
رێگەی کۆشکی سەلام
بەپێی ئەو شێوازە نوێیەی دابەشکردنی دەسەڵات لە دوای 2003وە، سەرۆکایەتیی کۆمار پشکی کوردە، پێدەچێت ئەم پۆستە یەکێک بێت لەو پۆستە باڵایانەی، کە لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا کێشمەکێشی لێبکەوێتەوە، چونکە پۆستی سەرۆککۆمار چوار خولی یەک لەدوای یەکە لای یەکێتییە و دوو خول مام جەلال و خولێک فوئاد مەعسوم و خولێکیش د. بەرهەم، بەڵام ئەمجارەیان پێدەچێت یەکلاکردنەوەی سەرەتا بۆ یەکێتی و پاشان بۆ بەرهەم ساڵح کارێکی ئاسان نەبێت.
گرفتی ئەم پۆستە مێژوویێکی هەیە، بەتایبەت ئەو کاتەی د. بەرهەم ساڵح لە خولی 2014-2018دا بۆ جاری یەکەم لەگەڵ فوئاد مەعسوم وەک دوو کاندیدی یەکێتی چوونە ناو هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی کاندیدی کورد، کە هەڵبژاردنەکە لە نێو پەرلەمانتارانی لایەنە کوردستانییەکان دەنگیان لەسەر درا، چونکە یەکێتی نەیتوانی یەک کاندید پێشکەش بکات و بەناچاری ئەو میکانیزمەیان هەڵبژارد، کە لەئەنجامدا زۆرینەی پەرلەمانتارەکان دەنگیان بە فوئاد مەعسوم دا.
بۆ خولی 2018-2022 دوای گۆڕانکاری لە بارودۆخی سیاسی و سەرنەکەوتنی د.بەرهەم لە هاوپەیمانییەکەی و پڕۆژە سیاسییەکەی و گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی، بەپێی رێککەوتنێک د.بەرهەم بووە تاکە کاندیدی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە، پارتی بەم هەنگاوە و کاندیدکردنی د.بەرهەم رازی نەبوو، بۆیە فوئاد حوسێنی بۆ ئەو پۆستە کاندید کرد و ویستی ئەو پۆستە بۆ یەکێتی نەبێت، بەڵام دواجار د. بەرهەم توانیی یارییەکە بباتەوە و ببێتە سەرۆککۆمار.
پرسیاری ئێستا ئەوەیە ئایا کێ ئەم جارە یارییەکە دەباتەوە و دەچێتە کۆشکی سەلام؟
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 10-10-2021 و جیاوازیی کورسییەکانی نێوان پارتی 31 و یەکێتی 18 و ویستی هەردووکیان بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، یارییەکەی قورس کردووە بۆ هەردوو لایان. پێدەچێت ئەمجارە ئاسان نەبێت بۆ یەکێتی و بەتایبەت بۆ د.بەرهەم، بۆ ئەوەی بچنەوە بۆ کۆشکی سەلام. لەم روانگەیەوە چەند ئەگەرێک دێتەپێش:
یەکەم: هەموو لایەنە کوردستانییەکان لەسەر کاندیدێکی هاوبەشی کوردی بگەنە رێککەوتنێک و د.بەرهەم بکەنە کاندیدی کورد، ئەم سیناریۆیە ئەگەر بتوانرێت جێبەجێ بکرێت، بە یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی هەژمار دەکرێت. بەڵام دابەشبوونی ناوخۆی کوردستان ئەم بابەتەی قورس کردوووە، بەتایبەتی لایەنەکان ئەزموونێکیان هەیە لەگەڵ ئەم جۆرە هەنگاوانە، کە دواتر پەراوێزخستنی لێکەوتووەتەوە. لە دوای 2003وە چەندین جار لایەنە کوردستانییەکان لە کاتی دابەشکردنی پۆستەکاندا لە بەغداد داوای یەکڕیزی و یەکهەڵوێستییان کردووە و چەندین جار ئەوە کراوە، کە بەیەک شاندی هاوبەش و یەک ئەجێنداوە چوونەتە بەغدا، بەڵام ئەنجامەکەی بێمتمانەیی لێکەوتووەتەوە، چونکە پارتی و یەکێتی لەکاتی دابەشکردنی پۆستەکاندا ئەوانی دیکەیان پەراوێز خستووە، بۆیە ئەم سیناریۆیە چانسی پراکتیزەکردنی زۆر کەمە.
دووەم: پارتی و یەکێتی رێککەوتنی دووقۆڵی بکەن و کاندیدێکی هاوبەشیان هەبێت و ئەو کاندیدەیش د. بەرهەم بێت، یەکێتی بەو پێیەی کە بۆ چوار خولە سەرۆکی کۆمار لای ئەوانە و لە هەرێمیش پارتی سەرۆکایەتیی هەرێمی لایە، خۆی بە شایستەتر دەزانێت ئەمجارەش کاندیدی یەکێتی ئەو پۆستە پڕ بکاتەوە و بەرهەم ساڵحیش یەکێکە لەو کەسانەی یەکێتی کە ئارەزووی دووبارە دانانەوەی هەیە. پارتیش بەوپێیەی کە 31 کورسی هێناوە و یەکێتی 18 کورسی هێناوە خۆی بە شایستەتر دەزانێت، کە ئەمجارە پۆستەکە بۆ ئەوان بێت و رۆڵیان لە بەغداد پێچەوانە بکەنەوە لەگەڵ یەکێتی، بەوەی کە یەکێتی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و پۆستە وەزارییەکان ببات، لەبری ئەوەش پارتی سەرۆکایەتیی کۆمار. ئەم دوو بۆچوونە جیاوازە پێدەچێت ئیشەکەیان گرفتی بۆ دروست ببێت، چونکە وا پێدەچیت پارتی حەزی بە د.بەرهەم نەبێت و بیەوێت لەم قۆناخەدا سەرۆک لەلای پارتی بێت، بەپێچەوانەشەوە یەکێتی قورسە بۆی لەم قۆناغەدا دەستبەرداری کۆشکی سەلام ببێت، ئەگەر هەموو پۆستەکانی پشکی کوردی لە بەغدادیشی پێبدرێت.
سێیەم: یەکێتی ئەگەر تاکلایەنە بیەوێت مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکە بکات و تاکلایەنە بچێتە ناو گفتوگۆوە بۆ مسۆگەرکردنی کۆشکی سەلام، ئەوا دەبێت لە پێشدا کێشەی کاندیدەکانی یەکلایی بکاتەوە بۆ ئەو پۆستە. ئەوەی لەناوخۆی یەکێتی دەخوێندرێتەوە ئەوەیە، کە جگە لە د.بەرهەم کەسانی دیکەیش هەن، کە دەیانەوێت ببنە سەرۆککۆمار. لەم حاڵەتەدا یەکێتی رووبەڕووی ئەو کێشەیە دەبێتەوە، کە کاندیدێکی بەهێز دیاری بکات بۆ ئەوەی ململانێکەی لە بەرژەوەندیی خۆی پێ یەکلایی بکاتەوە. بۆیە بەدەر لە ململانێی پارتی، خودی ناوخۆی یەکێتیش ئەم گرفتەی بۆ زیاد دەبێت. لە بارودۆخێکی وەهادا چانسی د.بەرهەم ساڵح بەهێزترە، چونکە هەم لە ئاستی پێکهاتەی سووننە و شیعە کەسایەتێکی دیارە و هەمیش لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی ناسراوترینیانە، بەڵام لە بارودۆخێکی وەهادا ئایا پارتی كێ کاندید دەکات لە بەرامبەر کاندیدەکەی یەکێتی؟ جاری پێشوو فوئاد حوسێنی کاندید کرد، بەڵام سەرنەکەوت، ئەمجارە ئەگەر بیەوێت کۆشکی سەلام مسۆگەر بکات، ئەوا دەبێت بیر لە کاندیدێکی بەهێزتر لە دکتۆر بەرهەم بکاتەوە، بۆ ئەوەی بردنەوەی یارییەکە مسۆگەر بکات ئەگەر هاتوو یەکێتی د.بەرهەم کاندید بکات. لەلایەکی دیکە ئایا سووننە و شیعە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا دەکەن، لەکاتێکدا ئەوانیش پێویستیان بە 31 کورسییەکەی پارتی و 18 کورسییەکەی یەکێتی هەیە.
چوارەم: وەلانانی د.بەهەم و دانانی کاندیدێکی دیکەی یەکێتی بە رێککەوتن لەگەڵ پارتی. ئەم سیناریۆیە بۆ یەکێتی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە. لایەنی ئەرێنی ئەوەیە کەسێکی یەکێتی کە دڵخوازی پارتیش بێت پۆستی سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی مسۆگەر دەکات و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ پارتی دەپارێزێت، بە جۆرێک بتوانێت لەسەر ئاستی ناوخۆی یەکێتی و هەرێم و بەغداد لەگەڵ پارتی بێ كێشەبێت. لایەنی نەرێنی ئەوەیە کە دیار نییە د.بەرهەم هەڵوێستی چی دەبێت لەم بارەوە و کادیر و ئەندامانی ناوخۆی یەکێتی چی دەڵێن لەسەر ئەوەی کە یەکێتی کاندیدی دڵخوازی پارتی هەڵبژیرێت و د.بەرهەم پەرواێزبخات. پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا بەرهەم ساڵح وەک کاندیدی سەربەخۆ دەچێتە ناو پرۆسەکەوە؟ گومانی تێدا نییە کە پەراوێزخستنی بەرهەم ساڵح ئاسان نییە ئەگەر رازی نەکرێت بە پۆستێک، کە پارسەنگی لەدەستدانی سەرۆککۆماری بۆ نەکاتەوە. هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە کە د.بەرهەم وەک کاندیدی سەربەخۆ لە دەرەوەی یەکێتی خۆی کاندید بکات و دوا چانسی خۆی تاقی بکاتەوە.
چەند خاڵێک پشتگیری ئەم سیناریۆیە دەکەن، کە وادەکات یەکێتی بۆ لەدەستنەدانی کۆشکی سەلام کاندیدێکی دیکەی هەبێت:
1. پێداگیریی پارتی لەسەر کاندید نەکردنەوەی د.بەرهەم، کە پێدەچێت وابکات، بەتایبەتی دوای لەدەستدانی دوو کورسی بە پیلانی ئەو دەزانێت و ئەوەش بەئاشکرا پارتی تووڕە کردووە.
2. پێویستی بوونی بەرەی شیعە و سووننە بە پارتی و بەهێزبوونەوەی پەیوەندییەکانیان، وادەکات هەڵوێستی یەکێتی لاوازبکات.
3. گرفتی ناوخۆی یەکێتی و ناسەقامگیری جەمسەرەکانی یەکێتی پێدەچێت گرفت بۆ پشتگیری د.بەهەم دروست بکات.
رۆڵی دەرەکی بەتایبەتی ئێران و ئەمریکا لەم ململانێیەدا یەکلاکەرەوە نییە و بێ کاریگەریش نییە. ئەڵبەتە کاراکتەرەکان بۆ ئەو دوو دەوڵەتەش گرنگن، بەڵام ئەوان سیاسەتی خۆیان لەسەر کەسێک داناڕێژن، گرنگ بۆ ئەوان پاراستنی بەرژەوەندییەکانیانە، جا ئەو کەسە هۆشیار زێباری بێت، یان بەرهەم ساڵح کێشەی ئەوان نییە. بۆیە ئەوەی ئەم کێشەیە یەکلایی دەکاتەوە ئێران و ئەمریکییەکان نین، بەڵکو گفتوگۆ و یەکلاییکردنەوەی ناوخۆی کورد و هەڵوێستی شیعە و سووننەیە، چونکە دەنگدان لەسەر کابینەکە و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش پێویستی بە دەنگ و رێککەوتنی لایەنەکان هەیە، ئەوانەی ژمارەی کورسییان زۆرە. لە قۆناخەکانی رابردوویش تەنانەت بۆ خولی دووەمی مام جەلال ئەمریکییەکان ویستی ئەوەیان هەبوو، ئاڵوگۆرێک بکەن لە نێوان سەرۆکی پەرلەمان بۆ کورد و سەرۆککۆمار بۆ سووننە، چونکە سووننە داوای ئەو ئاڵوگۆڕییەی دەکرد، بەڵام سەری نەگرت لەبەر ئەوەی کورد رازی نەبوو. بەهەمان شێوە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستەکە لەنێوان د.بەرهەم و فوئاد مەعسومدا لەوە دەچێت ئێرانییەکان و ئەمریکاش حەزیان دەکرد بەرهەم ساڵح بێت، بەڵام کە بینییان کورد خۆی دەنگی بە فوئاد مەعسوم دا، ئەوان بێدەنگییان لێ کرد و گرفتیان دروست نەکرد.
دەنگۆی ئەوەی ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان خواستی مانەوەی هەر سێ سەرۆکەکەیان هەیە، ئەمە شتێکی فەرمی نییە، ئەو دەنگۆیانەش لە کاتی گفتوگۆی کابینەی نوێدا شتێکی سرووشتییە، چونکە هەردوو دەوڵەت کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکان هەیە. گریمان ئەو دەنگۆیە راست بێت، خۆ ئەوە مسۆگەری پۆستەکەیان بۆ ناکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە لە بارودۆخی ئێستادا کە دژایەتیی چوونەدەرەوەی ئەمریکا دەکرێت، سێ سەرۆکەکە (بەرهەم، کازمی، حەلبووسی) قازانجی لێناکەن، بەڵکو زیانی لێدەکەن و هەڵوێستیان لاواز دەکات، چونکە هێزە دژە ئەمریکییەکان دوور نییە بەپێچەوانە کار نەکەن.
ئەوەی تا ئێستا دیارە، د.بەرهەم بووەتە چەقی ململانێ و سیناریۆکان، کە ئایا لە کۆشکی سەلام دەمێنێتەوە، یان نا. بۆ ئەمەش هەنگاو و هەڵوێست و گفتوگۆکانی داهاتوو دەریدەخات، کام لەم سیناریۆیانە چانسی سەرکەوتنی هەیە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی ئیبراهیم محهمهد عهزیز