ئیبراهیم محه‌مه‌د عه‌زیز 23/12/2021 406 جار خوێنراوەتەوە

لە نێوان حکومەتە زۆرینەکەی سەدر و سازانەکەی ئەوانی تردا

یەكێک لەو گووتارانەی کە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ٢٠٢١ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاتەکایەوە، حکومەتی زۆرینەی سەدرە، سەدر کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەبوو بە ٧٣ کورسی داکۆکی لەسەر ئەوە دەکردەوە، کە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی تەوفقیدا نییە و داوای حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکرد (حکومە اغلبیە وط نییه‌) ئەمەش لە بەیاننامەکانی سەدردا بەڕوونی بانگەشەی بۆ دەکات و لە بەرواری (٥/١١/، ٢١/١١/، ٢٣/١١/ ، ٢٥/١١ /٢٠٢١) بەڕوونی ئەو خواستەی ئاراستەی هەموو لایەک کرد، هەروەها لە دیداری لەگەڵ کۆمەڵێک دەرچووی سەربەخۆ لەژێر ناوی (تحالف العراق المستقل) سەدر ڕایگەیاند:" کە بەشداری حکومەتی تەوافقی ناکەم و یان ئەوان حکومەت پێک بێنن ومن دەبم بە ئۆپۆزسیۆن یان من حکومەتی زۆرینە پێکدەهێنم وئەوان ببن بە ئۆپۆزسیۆن بەڵام ئەوەی بەناوی ئیئتیلاف وتەوافق وئەوشتانەوە بێت من بەشداری تێدا ناکەم و حکومەتی تەوافقی بەتەواوەتی رەفزدەکەم"، ئەم دیسکۆرسە لە لایەن سەدرەوە بەگرنگیەوە دەخرێتە ڕوو بۆ ئەوەی بەهەموو لایەک بڵێت بەتایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی کە هاوبەشی دەستەڵاتیان لەگەڵ ناکات.

هەرچەندە هەردوو لای شیعە سەدر وگروپی چوار چیوەی هەماهەنگی(کە پێکهاتووە لە زۆرینەی هێزە شیعیەکانی تر کە سەرکردە دیارەکانیان بریتین لە هادی عامری، مالکی، عەمار حەکیم، حەیدەر عەبادی و ئەوانی تر) لە بەرواری ٢/١٢/٢٠٢١ لە ماڵی هادی عامری کۆبوونەوەیەکیان کرد بەئامانجی تاوتوێ کردنی حکومەتی داهاتوو ودەست پێکردنی گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت. بەڵام دوای کۆبوونەوەکە هەرلایەک بەجۆرێک باسی کۆبوونەوەکەیان دەکرد لایەنی چوارچێوەی هەماهەنگی باسیان لەوەدەکرد کە گفتوگۆ کراوە لەسەر پێکهێنانی حکومەت بە سازان بەڵام هەر زوولەهەمان رۆژ دوای کۆبوونەوەکە سەدر لە تویتەری خۆی نوسی (لاشرقیە ولاغربیە، حکومە-اغلبیە-وط نییه‌) بە مەش سەدر توانی داکۆکی لە گووتارەکەی خۆی بکات و سووربوونی خۆی نیسانی هەموو لایەک بدات کەلەگەڵ سازاندا نییه‌.

بۆیە دەتوانین بڵێین: ئەم هەنگاوەی سەدر دووپات کردنەوەی ئەو داواکارییەی خۆی بوو کە حکومەتی زۆرینەی دەوێت، بەڵام هێشتا سەرەتایە دیار نییه‌ لە کاتی گفتوگۆکاندا چۆن ئەو بابەتە گەڵاڵە دەبێت و یەکلای دەکرێتەوە، کە ئایا حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی سەدر سەدر سەردەگرێت یان نا؟

 گرنگە ئەو بزانرێت مەبەست لەحکومەتی زۆرینە چییە؟ ئەگەر زۆرینەی پەرلەمانی مەبەستە ئەی چۆن کورد وسوننە مامەڵەی لەگەڵ دەکات؟ گریمان شیعەکان رازی بوون سەدر حکومەتەکە پێکبهێنێت وەک لایەنی زۆرینەی شیعە، بەڵام ئەی چی دەکات بۆ بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمانی بۆحکومەتەکەی کە ٧٣ کورسی بەس نییه‌ بۆ متمانەدان بەکابینەکە؟ گریمان لە باشترین حاڵەتدا کوردو سوونە لەگەڵی رێککەوتن، خۆ دواجار دەبێت بەشیان هەبێت لە وحکومەتەدا وهاوبەشییان قبوڵ بکات لەبەرامبەر پشتگیریان بۆ حکومەتی زۆرینە، کە کورد وسوونەش پشکدار بوون لە وحکومەتەی سەدر ئەوا ئەوکاتە هەمان ئەو سازانەیە کە سەدر لێی رادەکات. گریمانەی تر ئەوەی ئەگەر حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکهێنا ئەی چی دەکات لە سەرۆکایەتی پەرلەمان وسەرۆکایەتی کۆمار؟ خۆ ناتوانێت ئەوانێش ئەو یەکلایی بکاتەوە بۆیە هەردەبێت کوردێک وسوونەیەک ئەو پۆستانە وەربگرین ئەوەش یەکێکی ترە لە پرنسیپەکانی ئەو سازانەی کە لەعێراقی دوای ٢٠٠٣ وە کاری لەسەر دەکرێت، کەواتە گرفتەکە یەک خاڵ نییه‌ بەڵکو زنجیرەیەکی پێکەوە بەستراوی ئاڵۆزە، ئەگەر یەک ئاستی گۆرانکاری تێدا بکرێت دەبێت هەمووی بگۆرێت. بۆیە ئەستەمە سەدر بتوانێت ئەو سیستمەی دوای ٢٠٠٣ تێک بدات یان بەواتایەکی تر پێی تێکنادرێت.

کورد وسوونە دوو پێکهاتەی سەرەکی عێراقن و هاوبەشن لە پرۆسەی سیاسی دوای ٢٠٠٣ کەلەسەر بنەمای سازان ویستراوە پێکبهێنرێت. سوونەکان لەنێوخۆیاندا گرفتیان هەیە لە نیوان دوو جەمسەری جیاواز هەریەکەیان بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی، کە کێبرکێیانە لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوینەران و بەشداری لەکابینەی نوێدا، واتا ئامادەکاری دەکەن بۆ بەشداری کردن لە وکابینەی کە سەدر بەنیازە بەناوی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دروستی بکات. کەواتە سوونە دەبێت لە بازنەکەدا بێت وناکرێت لەدەرەوەبێت و بەڵکو هەوڵی بەدەستهێنانی زیاترن نەک کەمتر.

کوردیش وادەردەکەیت کەلەگەڵ سازاندابێت وداکۆکیشی لێدەکات بەوەی کەلەڕابردوودا بەباشی سازان وهاوبەشی راستەقینە جی بەجێ نەکراوە. ئەمەش زۆر بەڕوونی لە بەیاننامەی کۆبوونەوەی پارتی ویەکێتی ( ١٩/١٢/٢٠٢١) دا کە ئەوان هەوڵیان بۆ ئەوەیە کە "گەڵاڵەی کۆتایی کارنامەیەکی هاوبەشی کوردستانی لەسەر بنچینەی شەراکەتی راستەقینە وتەوافق و تەوازنی دەستووری، وەک لە عێراقی نوێدا لەسەری پیکهاتبوون." بکەن، ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە کە سەدر بانگەشەی بۆ دەکات و دەیەوێت سیستمی زۆرینەو کەمینە پراکتیزەبکات. هەروەها دوای سەردانی کردنی مالکی و شاندی چوار چێوەی هەماهەنگی بۆ کوردستان وکۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانیدا، راگەیەندراوی دوای کۆبوونەوەکە بەڕوونی ئەوەی نوسیوە کەدەبێت رەچاوەی ''پڕەنسیپەکانی شەراکەت و سازان و ھاوسەنگی لە پڕۆسەی حوکمڕانیدا'' بکرێت، ئەم شەراکەت وسازان وهاوسەنگی یە سێ ڕەهەندن کە سەدر بە داواکردنی حکومەتی زۆرینە پێچەوانەی دەوەستێتەوە. ئەمەش ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە کە لەم مەیدانەدا سەدر خۆی بەتەنها دەمێنێتەوە ئەگەر ئاراستەکانی ئەوانی تر بەو شیوەیە بەردەوام بێت بۆ داکۆکی کردن لە سازان وهاوبەشی کردن لەحکومەتی داهاتوودا. ئەی ئەگەر بەکرداری پرۆسەکە بەئاراستەی خواستی سەدر نەبوو چی دەبێت؟

پێموایە لەخاڵی کۆتاییدا ئەوەی سەدر دەتوانێت بەدەستی بهێنێت بریتی دەبێت لە یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەیزران وکاریگەری راستەوخۆیشی دەبێت لە پێکهێنانی کابینەکەداو ئەو کەسایەتیانەی کەدادەنرێت بەتایبەتی لەبەشی شیعەکاندا یەگەر بێتو بتوانێت پشتگیری کوردو سوونە بکات، هەروەها ئاراستەی گفتوگۆکانی نێوان پێکهاتەن لەنێوان خۆیاندا گرفتێکی ترە لەبەردەم سەدر وئەو پرۆسەیەی کە بەنیازە بیگرێتەبەر، چونکە هەموو پێکهاتەکان دابەشبوونی قوڵ لە نێویاندا هەیە، بەڵام وادەردەکەوێت سەدر زیاتر جەختکرنەوەی لەحکومەتی زۆرینە لەنێوخودی شیعەکان بێت ولێدانی سەرکردە شیعەکان بێت بەتایبەتی مالکی، ئەم پرۆسەیەیش هێشتا لەسەرتادایەو پیدەچیت جەند مانگی داهاتوو لە گفتوگۆ وململانێدابن.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی ئیبراهیم محه‌مه‌د عه‌زیز

سەرەتا