ئیبراهیم محهمهد عهزیز
30/12/2024
226 جار خوێنراوەتەوە
شۆڕش کۆتایی هات
ئهحمهد ئەلشەرع، سەرۆکی ئیدارەی ئێستای سوریا لە تازەترین دیداریدا لە کاناڵی
ئەلعەرەبیە بڵاوکرایەوە، چەندین تەوەرەی باسکرد، لێرەدا چەند سەرنجێک کورت دەخەینەڕوو:
یەکەم: دیدگایەکی ستراتیجی فراوانی هەبوو، لەو
دیدارەدا بەشێوەیەکی گشتیی ئەوەت بەدیدەکرد، کە چوارچێوەی بیرکردنەوەی فراوانەو
ستراتیجیانە لە گەڵ ڕووداوەکاندا مامەڵە دەکات، لەڕووی سیاسی و ئابووری و پەیوەندییەکان.
دووەم: دەستوور و قانون، خاڵێکی گرنگ بوو لەلای
ئەو بۆ دووبارە بونیادنانەوەی سوریاو داهاتووی سیستمی سیاسی و ئابووری ئەو دەوڵەتە،
قسەی لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوور، یان دانانی دەستوورێکی نوێ بۆ قۆناغی ئایندە دەکرد،
بەهیچ شێوەیەک باسی ئەوەی نەکرد کە هەموارەکە یان دەستوورە تازەکە سیستمێکی سیاسی
چۆن ڕەنگڕێژ دەکەن ئایا ئیسلامی دەبێت؟ یان مەدەنی؟
سێیەم: عەقڵیەتی دەوڵەتداری لای ئەو جیاوازبوو
لە عەقڵیەتی ئیدارەدانی گروپێک یان تەوژمێکی دیاریکراو، وەک باسی کرد ئەو کاتەیشی
لە ئیدلیب بوون، گفتوگۆی دەوڵەتداری لە نێوانیاندا هەبووە و رایگەیاندووە: کە ئەو
شێوازەی بۆ ئیدارەی ئیدلیب گونجاوە بۆ تەواوی سوریایەکی فرەپێکهاتە گونجاو نییە.
هەروەها ئەو تەنانەت باسی لە فرەچەشنی سەرچاوەکانی
داهاتی سوریای دەکرد، لە هەمانکاتدا چاودێری پلانی سعوودیە بوو لەوەی کەتەنها نابێت
پشت ببەسترێت بە نەوت.
چوارەم: زۆر بەڕوونی ڕایگەیاند: شۆڕش و سەردەمی
شۆڕش کۆتایی هاتووە وتەواوبووە، ئەوەش وەک دوابزمارە بۆ کۆتایی سەردەمی شاخ و دەستپێکی
سەردەمی شار و مەدەنیەت، ئەو زۆر بە وریاییەوە چوارچێوەی سوریای باس دەکرد لە قۆناغی
ڕاگوزەری و بەستنی کۆنگرەی نیشتمانی و ئاوارەکان و سەرژمێری وهەڵبژاردن و سەر لە نوێ
دروستکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت.
پێنجەم: ئەو پێیوابوو گونجاوی لە نێوتیمی حکومەتەکەی
لە ئێستادا ئەولەویەتە، چونکە دابەشکردنی پۆستەکان هاوشێوەی دەوڵەتانی تری ناوچەکە،
کە مەبەست لێی لوبنان وعێراقە کە لەسەر بنەمای محاصصە پۆستە وەزارییەکان دابەش دەکرێت
خزمەت بە سوریا و قۆناغەکە ناکات، چونکە دەبێتە هۆی پەکخستنی دامەزراوەکان، ئەم بیرۆکەیە
بۆ پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی دوای ئەسەدە کە دەیەوێت دڵنیا بێتەوە لە هەنگاوەکانی
ئێستای و لەدەست نەدانی ئەوەی بەدەست هاتووە.
شەشەم: نەتەوەیەکگرتووەکان لە ماوەی دەساڵی ڕابردودا
نەیانتوانی بڕیاری ٢٢٥٤ جێ بەجێ بکەن، بۆ نموونە ئاوارەکان بگێڕنەوە و گیراوەکان
ئازاد بکەن و دەسەڵات بەشێوەی ئاشتیانە دەستا ودەستی پێ بکرێت بەڵام ئێمە جەوهەری
ئەو بڕیارەمان جێ بەجێ کردوە وتەواو بووە. چونکە دەساڵ بەر لەئێستا دەرچووە ئێستا
ئێمە لە قۆناغێکی نوێداین و پێداویستی قۆناغەکە شتێکی تر دەخوازێت، ئەمە ئەوە دەگەینێت
کە پەیوەست نییە بەو بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵکو هەنگاو پلانی خۆیان هەیە
بۆ ئایندەی سوریا.
حەوتەم: زۆر بە دبلۆماسیانە باسی پەیوەندی
داهاتووی کرد لەگەڵ هەریەک لە سعودیە، تورکیا، ئێران، ڕوسیا و ئۆکرانیا و ئەمریکا،
ئەو ڕایگەیاند لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لەسەروەری دەوڵەتان و تدخل نەکردن و…هتد، مامەڵە
دەکات لەگەڵ هەموو لایەکدا.
هەشتەم: هەسەدە و فیدڕاڵی، زۆر بەڕوونی ڕایگەیاند
کە قسەیان کردوە لە گەڵ هەموو لایەکدا کە مەبەست لێی ئەمریکا و هەسە دەبوو کە ئەوان
لەگەڵ دابەش کردنی سوریادا نین و نایانەوێت فیداڕاڵیش بێت، چونکە کۆمەڵگاکەیان بەهەڵە
لە فیدڕاڵی تێدەگەن وەک دابەش کردن، بەڵام کورد ستەمیان لێکراوە و گەڕانەوەیان
واجبە لەسەرمان، بۆ چەکدارەکان جیاوازی کرد لە نێوان پەکەکە لە ڕۆژئاوا کە ڕێگەیان
پێنادەن خاکی سوریا بەکار بهێنن بۆ لێدانی تورکیا هەروەها بۆ هەسەدەیش لە گفتوگۆدان
بۆ چارەسەرێک و چەکدارەکانیش ئەوانەی شیاون دەتوانن لەوەزارەتی بەرگری بن.
پێموایە ئەمەی ئەحمەد ئەلشەرع هاوتایی هەموو دەوڵەتانە
بەنەتەوەیەکگرتووەکانیشەوە کە دەیانەوێت سوریا یەکگرتوو بێت و بەردەوامیش جەختی لێدەکەنەوە،
بەڵام ئەوەی گرنگە کێشەی کورد دەبێت لە هەمواری دەستور یان دەستوری نوێدا جێگربکرێت
و لە ماددە دەستوەریەکاندا مافەکان بەرجەستە بکرێت، چونکە لەو سیستمە نوێیەدا بەبێ
بەشداری کورد (کە هیوادارم کورد خۆی یەکدەنگ و یەک تیم بن) ئەوکات دەتوانن چیان بوێت
بەدەستی بهێنن، هیچ نەبێت پێداچوونەوەیەک بکەن بە گووتار و هەڵوێستەکانیان بۆ ئەوەی
لەگەڵ ئەنەکەسە لە قۆناغی یەکەمدا ڕێکبکەون ئەو جا لەگەڵ ئەوانی تر لە شام کار بکەن
بۆ هاوبەشی دەستەڵات و پێشکەشکردنی دەستپێشخەری بۆ پێگەی کورد لە سوریایی نوێدا.
شێوازی هاوبەشی دەسەڵات فۆرمی جیاوازی هەیە، کورد
لە سوریای نوێدا دەتوانێت جەخت بکاتەوە لەو فۆرمەی کە خۆی پێی باشە بۆ بەدەستهێنانی
مافەکانی، بەڵام ئەگەر بێتو بەم پەرتەوازییەوە مامەڵە بکات و هەموو شتێک لەڕوانگەی
بوونی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا بینا بکەن دەکەونە هەڵەیەکی گەورەوە، چونکە ئەمریکا هاوپەیمانی
ئەوانی ترە و تەنها پەیوەندی لە گەڵ کوردا نییە، دەبێت ئەوەش لەبەرچاوبگرن بێ بەڵێنی
ئەمریکا لەگەڵ کوردیشدا مێژوویەکی دیاری هەیە، هیچ نەبێت سەیرێکی دوای ڕووخانی سەدام
بکەن، تا ئێستا چەندین جار ئەمریکا بێ بەڵێنی کردووە بەرامبەر بەکورد لە باشوور و زۆر
بێباکیشە.
لە کۆی ئەوەی ئەحمە ئەلشەرع خستیەڕوو جێ بەجێ
کردن گرنگە وەک و تراوە عیبەرەت لەجێ بەجێ کردندایە، دەبێت چاودێری ئەوە بین لە داهاتوودا
ئەوەی لەئەرزی واقیعدا دەگوزەرێ چییە و چۆنە، چونکە هێشتا سوریا لە خاڵی سفردایە و
پرۆسەکە دەستی پێنەکردووە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی ئیبراهیم محهمهد عهزیز