ئیبراهیم محه‌مه‌د عه‌زیز 17/09/2022 389 جار خوێنراوەتەوە

!​شینی دوای چلەی ئيمام حسێن

‎عێراق لە ئاستێکدایە ئاسان نییە چاوەڕوانی پێشهاتێکی دیاری کراو بکەیت.
‎بەردەوام قەیرانەکان قوڵتردەبنەوە و کلیلی چارەسەرەکان لە دەستی سەدرییەکاندا ماوەتەوەو ئەوانیش ئاسان نییە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، تا ئێستا هەر پێشنیار و پرۆژەیەک ئەگەر بەلای سەدردا نەڕوات، سەرکەوتوو نابێت.

ئیتاریەکان و ئەوانیتریش، باش ئەمە دەزانن بە ئەمریکاو ئێرانیشەوە.
‎جموجوڵی چەند رۆژی رابردوو بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان وهەڵبژاردنی جێگری یەکەمی حەلبوسی، گەرم وگوڕ بووە و پێدەچێت ئیتارییەکان سازش لەسەر محەمەد شیاع سودانی بکەن، بەڵام بەهیچ شێوازێک بە کازمی ڕازی نابن، بۆیە ئیتارییەکان چاویان لە ئۆکەیەکی سەدرە تا سودانی بگۆڕن بەدڵخوازێکی سەدر، کە لە هەمان کاتدا ئیتاریش بێت، بۆ ئەمەش دوای چلەی ماتەمینی هەوڵی سەردانی سەدر لەئارادایەو ملی ڕێی حەنانە دەگرنەبەر، ئەگەر سەدر ڕازی بێت بە وسەردانە.
‎پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر ئەو پۆستانە بەوشێوازە قسەوباسی لێوە بکرێت، ئەی چی لە سەرکۆمار دەکرێت؟

‎هەوڵەکانی پارتی و یەکێتی بۆ گەیشتن بە بەدیلی دکتۆر بەرهەم مومکینە، بەڵام بێ باجدان نابێت بۆ سەر ئاستی ناوخۆ و قوڵبوونەوەی گرفتەکان. بوونی دکتۆر لەتیف ڕەشید و مانەوەی وەک کاندید بۆ دکتۆر بەرهەم وەک گورگەکەی هەیاسی خاسە و بۆ یەکێتیش پیاڵە ژەهرەکەی ئیمام خومەینیە.
 بۆیە یارییەکە ئێستا گەرمتردەبێت و یەکلاییکردنەوەی ململانێکان نزیکتر دەبێتەوە.
‎ئەگەری دەرکەوتنی ئاسۆی چارەسەری کێشەی شیعەکان پاڵنەری سەرەکیە بۆ گەرم و گوڕ بوونی ململانێی ڕێگای کۆشکی سەلام، چونکە ئەوان چاوەرێی کورد ناکەن بۆ بەردەوامی دانیان بەوکێشەیەو بۆ کوردیش ناکرێت وەک شیعە پرۆسەی سیاسی پەک بخات، بۆیە بەناچاری دەبێت ڕێگایەک بەڕێکەوتن یان بێ ڕێکەوتن لەسەر کۆشکی سەلام بگیرێتەبەر، لەهەر حاڵەتێکدا بێت بێ دوکەڵ نابێت.
‎بۆیە چاوەروانین بزانین لە دوای چلەی ئیمام حسێن شینی کێ گەرم دەبێت!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی ئیبراهیم محه‌مه‌د عه‌زیز

سەرەتا