عومهر گوڵپی
12/08/2019
854 جار خوێنراوەتەوە
جەژن و بۆنەکان دەزووی پێکەوە گرێدانی گەلن، با ئەو دەزووە بەهێز بکەین
زۆر هۆکار هەن کە بوونەتە هۆی ئەوەی وەک پێویست گەلی کوردستان وەک یەک گەل و یەک نەتەوەو خاوەن یەک بەرژەوەندی دەر نەکەوێت و زۆرتر جیاوازو پارچە پارچە خۆی نمایش بکات، لەسەروو هەموو هۆکارەکانەوە نەبوونی دەوڵەت و کیان، ئەمە لە کاتێکدا جەژن و بۆنە ئاینی و نیشتیمانییەکان یەکێکن لەو دەزووانەی کە جەستەی کۆمەڵایەتی گەلەکەمان باشتر پێکەوە گرێدەدەن لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە لە دەرئەنجامیشدا لە ڕووی نیشتیمانیەوە، هەربۆیە گرنگە هەموو بەو هەستەوە مامەڵە بکەین و جەژن بە جەژنی هەمووان بزانین، چ ئاینی یان نەتەوەیی، تا بەشێک بێت لەوەی کوردستان و گەلەکەی پێکەوە گرێبداتەوە، چونکە سروشتی مرۆڤ وایە، کێ لە شایی و شیوەن لەگەڵی بەشدار بێت، لەو کەسە نزیکتر دەبێت، بە پێچەوانەشەوە.
تێبینیەک زیاد دەکەم، ئەویش ئەوەیە کە ڕاستە هەم جەژنە ئاینیەکان و هەم هێندێک جەژن و بۆنەی نەتەوەییشمان (وەک نەورۆز) گەلانی تریش بەهی خۆیانی دەزانن و لە ڕاستیشدا هی ئەوانیشە، بەڵام هەر گەلێک تام و بۆنی خۆی بۆ ئەو جەژن و بۆنانە زیاد کردوون، بۆ نمونە: باوەڕ ناکەم هیچ گەلێکی مسوڵمانی دونیا بەیانیانی جەژن قەیسی و فاسۆلیایان هەبێت! ئەمە بێجگە لە بۆن و تامی تریش کە هی کوردن.. . جەژنتان پیرۆزبێت و قەیسی و فاسۆلیا نۆشی هەمووان بیت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عومهر گوڵپی