عومهر گوڵپی
05/07/2025
29 جار خوێنراوەتەوە
کەی ناچار دەبن بە دابەشکردنی مووچە؟
نزیکەی مانگێک تێپەڕیوە بەسەر قسەکەی وەزیری دارایی حکومەتە ماوە بەسەرچووەکە کە وتی:" ئەگەر ناچار بین دەتوانین بە داهاتی نەوت و ناوخۆ مووچە دابەش بکەین!"، بەڵام تا ئێستاش کە چووینەتە مانگی حەوتەوە، هیچ باسێک لە مووچەی مانگی پێنج و شەش نییەو دیار نییە دەسەڵاتی ستەمکار کەی ناچار دەبێت؟
قسەکەی وەزیری دارایی دروستە، چونکە ئەوان لە ساڵی ٢٠٢٤و شەش مانگی ئەمساڵیش (٢٠٢٥)، یەک دیناری داهاتی ناوخۆیان بۆ مووچە خەرج نەکردووە، پاش لێدەرکردنی خەرجییەکانیش دەبوو (٣ ترلیۆن) و (٣١١ ملیار) دینار لە خەزێنەکەیدا بووایە!
لە داهاتی نەوتیش دەبوو پاش لێدەرکردنی خەرجی کۆمپانیاکان ئەوان نزیکەی (٥ ترلیۆن) و (٦٠٠ ملیار) دینار داهاتیان بدایە بە خەزێنەی گشتی!
سەیرەکە ئەوەیە وەک دەڵێن لە کۆبوونەوەی هەفتەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران وەزیری دارایی وتویەتی تەنها (١٦٠ ملیار) دینارمان لەبەردەستە!
کەواتە نهێنی بوونی داهاتێکی زەبەلاحی نزیکەی (٩ ترلیۆن) دینارو نەبوونی لە خەزێنەکەی وەزیریی داراییدا هەر بۆ قسەکەی خۆی دەگەڕێتەوە کە هێشتا لایەنەکانی دەسەڵات خۆیان ناچار نابینن مووچە دابەش بکەن!
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: خەڵکی کوردستان کەی دەسەڵاتی یاخی و ستەمکار ناچار دەکات بە مووچە دابەش کردن؟ کەی لەسەر مافەکانی خۆی و ئەم برسیکردنە دەنگ هەڵدەبڕێت؟ چونکە دەسەڵات پاش دوو مانگ لە دواکەوتنی مووچە هێشتا پێی وایە نە ناچارە لە داهاتی نەوت و ناوخۆ مووچە دابەش بکات، نە ناچارە بە یاسای بودجە ڕازی بێت لە ڕادەستکردنی نەوت بە بەغدا تا بەغدا مووچە بدات!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عومهر گوڵپی