عومه‌ر گوڵپی 01/02/2025 339 جار خوێنراوەتەوە

دەرگای قوتابخانەکان مامۆستایان دایان نەخستووە

دەرگای قوتابخانەکان مامۆستایان دایان نەخستووە، ئەو بەرپرسانەی دەسەڵات دایانخستووە، کە بە گەندەڵی دامەزراوەکانی حکومەت بەڕيوەدەبەن و منداڵەکانی خۆیان لە قوتابخانەی تایبەتن.

بۆ ساڵی نۆیەمی خوێندنە قوتابخانە حکومییەکان لە دۆخێکی زۆر نائاساییدان بەهۆی خەرج نەکردنی مووچەو ستەمی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران وەک مافێکی سەرەتایی هەر کەسێک کە کار بۆ دامەزراوەیەک بکات.

لە ڕاستیدا تەنها منداڵی ئەو قوتابخانانە زیانیان نەکردووە کە بایکۆت دەکەن و دەرگای قوتابخانەکان دادەخەن، بەڵکو ئەو قوتابخانانەشی کە بە ناچاریی یان بەهەر هۆکارێک دەوام دەکەن ئەوانیش لە زیاندان و خوێندنێکی نائاساییان تێدا هەیەو پڕۆسەیەکی پەروەردەیی شایستەیان تێدا نییە، واتە هیچ مامۆستایەک نییە بە دڵ و دەروونی ئارام و بێکێشەوە بچێتە پۆلێکی قوتابخانە بۆ وانە وتنەوە لە مانگی دوو لە کاتێکدا مووچەی مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردووی وەرنەگرتبێت! مووچە کە سەرەتاییترین مافە!

بەداخەوە بەرپرسانی دوو حزبی سیاسی گەندەڵ کە خێروبێری ئەم وڵاتە بۆ خۆیان دەبەن متمانەیان بە قوتابخانەی حکومی نییەو منداڵەکانی خۆیان لە قوتابخانەی تایبەتن، ئەم دۆخەش تەنها منداڵی میللەت دە ساڵە باجەکەی دەدات!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عومه‌ر گوڵپی

سەرەتا