عومهر گوڵپی
26/09/2022
278 جار خوێنراوەتەوە
بەڕاست، ئەمە بڕیاری وەزارەتی ئەوقافە
بەڕاست، ئەمە بڕیاری وەزارەتی ئەوقافە؟! وەزارەتى ئەوقاف دەبوو لە بیرى کۆنترۆڵکردنى چیدابێت!
بە پێی بڕگەی (یەکەم) لە ماددەی (دووەم)ی یاسای وەزارەتی ئەوقاف، یەکێک لە ئامانجەکانی وەزارەتەکە، گەشەپێدانی هۆشیاری ئیسلامیو بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری ئیسلامی و پرەنسیپە شکۆمەندەکانیەتی، کەچی بە پێچەوانەی ئەم ئامانجەوە، وەزیری ئەوقاف بە نووسراوی ژمارە (٢٧٣٩) لە (١٨ی ٧ی ٢٠٢٢) داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە کە چالاکیە ئاینیەکانو خولەکانی فێربوونو لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز کۆنترۆڵ بکاتو بەبێ ڕەزامەندی ئەوان ڕێگەیان پێنەدا!
لە چەند ساڵی ڕابردوودا، وەزارەتی ئەوقاف چەندین مامۆستای ئاینی ناوداری لە کاری وتاربێژی دوو خستووەتەوە، زۆرینەی هۆکارەکانیش تەنها ئەوە بووە کە ئەو مامۆستایانە بەدڵی دەسەڵاتو حکومەت قسەیان نەکردووە!
پێویستە وەزیری ئەوقافو وەزارەتەکەی ئاگاداری ئەو ڕاستیە بن کە ئاینو چالاکیە ئاینیەکان موڵکی وەزارەتەکەی ئەو نین تا کەی ویستیو بەو جۆرەی ویستی کۆنترۆڵیان بکاتو بە دڵی ئەوان وتار بخوێنرێتەوەو قورئان لەبەر بکرێت، ئاین موڵکی خەڵکی کوردستانەو ئەم ئەرکەش بۆ هیچ دامەزراوەیەک بەجێناهێڵرێت.
دەبوو لەم دۆخەدا کە کوردستان ڕووبەڕووی شاڵاوێک لە شوێنی پیس و نامۆ بووەتەوە کە کاریان دوورخستنەوەی گەنجانە لە پەروەردەی دروستو ئادابە جوانو بەها باڵاکان و دواجار سەریان لە ئالودەبوون دەردەچێت، کەچی ئەم وەزارەتە نەوەک لەم بوارە قسەی نیەو کارو بەرنامەو پلانی نیە، داواش دەکات وەزارەتی ناوخۆ کۆنترۆڵی قورئان خوێندنو لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز بکات!
ئەگەر ئەم نووسراوە، وەزارەتێکی تر بیکردایە، دەبوو وەزارەتی ئەوقاف ببێتە پارێزەری وانەو چالاکییە ئاینیەکانو ڕێگە نەدات، کەچی سەیرە خۆیان لە هەوڵی لەمجۆرەدان!
کام شوێنانە زیانن بۆ کۆمەڵگە؟ ئەوانەی قورئانیان تیا لەبەر دەکرێتو وانەی ئاینیان تیا دەخوێنرێت یان ئەو شوێنانەی دەیانو سەدان کچیان لە وڵاتی ئێرانو لوبنانەوە هێناوەو لەژێر ناونیشانی "گەشتو گوزار"دا لەشفرۆشیو بازرگانی بە مرۆڤیان تێدا دەکرێت؟
لێرەوە داوا دەکەین وەزارەتی ئەوقاف مەبەستەکانی لەم نووسراوە ڕوون بکاتەوەو بە ڕوونی لەم هەنگاوەی پاشگەز ببێتەوە کە پێچەوانەی ئەرکە یاساییەکانی وەزارەتەکەیەتی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عومهر گوڵپی