عومه‌ر گوڵپی 06/07/2021 848 جار خوێنراوەتەوە

شارەوانى سلێمانى بۆ زیادەڕەوییەکانى تر شۆفڵەکانى لە کوێن؟

ئەمرۆ یاسایەک لە پەرلەمانەوە پەسەندکرا کە نزیکەی‌ ٣٠٠ هەزار پارچە زەوی‌ و موڵکى تەجاوزو زیادەڕەو تاپۆ دەکات لەسەر هاووڵاتیان، کە بێگومان سودمەندبوونی‌ خەڵکێکى هەژار کە ناچاربووبێت خانوویەک لەسەر زەوییەکى زیادەڕەو دروست بکات دڵخۆشمان دەکات و کاری‌ لە پێشینەمانە، بەم یاسایەى ئەمڕۆ تەنانەت لە هێندێک حاڵەتیشدا خەڵکی‌ ناشایستەش سودی‌ لێ وەردەگرێت و موڵکەکەى بۆ تاپۆ دەبێت، لەهەمانکاتدا شارەوانی‌ سلێمانیش بە شۆفڵەکانی‌ شوێنی‌ مردوو شۆردن و سیاجێکی‌ کاتی‌ مزگەوتی‌ بەهەشتی‌ تێکداوە، گوایە تەجاوزەو موڵکی‌ شارەوانی‌ داگیرکردووە، لەسەر ئەم هەڵس و کەوتەی‌ شارەوانی‌ بەدواداچوونی‌ پێویست دەکەین‌و ڕێکاری‌ پەرلەمانی‌‌و یاسایی‌ دەگرینە بەر، بەڵام لیرەدا دەپرسین:

ـ ئەوە چەندەمین شوێنە شارەوانی‌ سلێمانی‌ جورئەتی‌ ئەوە دەکات بە شۆفڵەکانی‌ بیڕوخێنێت؟

ـ ئایا پێش ئەو مزگەوتە ڕێگەی‌ لە چەند زەوی‌ تری‌ خۆی‌ گرتووە داگیر بکرێت؟

ـ لە پێشچاوی‌ شارەوانی‌ سلێمانى و شارەوانیەکانى دەوروبەرى هەزاران ڤێلا بە نایاسایی‌ دروست کران، ئەو کاتە شۆفڵەکانیان لە کوێ بوون؟

ـ تەنها لە دوو ساڵی‌ ڕابردوودا هەزاران زەوی‌ لە دۆخی‌ ئاڵۆزو تەم و مژاویدا لە سلێمانى تەخشان‌و پەخشانیان پێوە کراوە، شارەوانی‌ ڕۆڵی‌ چی‌ بوو؟

لە هەموو حاڵەتێکدا، گریمان کارەکەی‌ مزگەوتی‌ بەهەشت نایاسایی‌ بووە، ئایا هیچ ڕێگەیەکی‌ تری‌ گونجاو نەبوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مزگەوت (کە ڕێزو شکۆی‌ لە دڵی‌ هەموو خەڵک و مسوڵمانێکدا هەیە)، تەنها ڕووخاندنی‌ بە شۆفڵ نەبێت؟ ئەمە چ هەڵسوکەوتێکە؟ نەدەکرا شارەوانى سلێمانى لەگەڵ ئیدارەی‌ مزگەوت بگەنە ئەنجامێکی‌ گونجاو کە لەگەڵ ڕێزو شکۆی‌ مزگەوت بگونجێت؟

لە وڵاتان شارەوانى حکومەت و خەمخۆرى شارو شوێنە گشتیەکانیەتى، مزگەوتیش شوێنێکى گشتیە، ئایا ئەوەى نەدەهێنا بەڕێزانى سەرۆک و بەرێوەبەرەکانى شارەوانى بچن لە نزیکەوە گفتوگۆ لەگەڵ ئەم شوێنە گشتیە بکەن تا هەڵس و کەوتەکەیان نەبێتە هۆى بێزارى هاووڵاتیان و نوێژخوێنان؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عومه‌ر گوڵپی

سەرەتا