عومه‌ر گوڵپی 09/06/2022 322 جار خوێنراوەتەوە

دەردو بەڵاى بێکارى گەنجان

بە پێى بەدواداچوون و کۆکردنەوەى زانیاریى و هەڵهێنجان لە ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی‌ (٦٠٠,٠٠٠) هاووڵاتی‌ لە هەرێمی‌ کوردستان بێکارن، لەو ژمارەیە نزیکەی‌ (٤٠٠,٠٠٠)یان گەنجانی‌ تەمەن (١٦ بۆ ٢٤) ساڵن!

زیاتر لە هەشت ساڵە دامەزراندن لە کەرتى گشتى ڕاگیراوە(ژمارەیەکى زۆر کەم نەبێت)، هەر لەو ماوەیە نزیکەی‌ (٣,٥٠٠) پرۆژە وەستاون کە بەهۆی‌ وەستانی‌ ئەو پڕۆژانەوە هەزاران هاووڵاتی‌ بێکارن بوون، بەهۆی‌ خراپ دابەشکردنی‌ مووچەو بەردەوامی‌ قۆرخکاریی‌‌و دەستگرتن بەسەر بازرگانی‌‌و بازاڕدا لەلایەن کۆمپانیاکانی‌ حزبەکانی‌ دەسەڵات و زیادکردنى باج و ڕسوماتیشەوە جوڵەی‌ بازاڕ بە ئاستێکی‌ زۆر خراپ دابەزیوە، هەموو ئەمانەش بێکاری‌ زیاتر بەدوای‌ خۆیاندا دەهێنن.

پاڵپشت بە ماددەی‌ (٦٦) لە پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ پەرلەمان، بە واژۆی‌ (٣٥) ئەندامی‌ پەرلەمان بە نووسراوی‌ ژمارە(١٧٣) لە ڕۆژی‌ (٦ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢٢)، داوامان کرد پەرلەمان دانیشتنێکی‌ تایبەت ئەنجامبدات بۆ گفتوگۆی‌ کێشەی‌ بێکاری‌ بەتایبەت بێکارى گەنجان‌و وەڵامدانەوەی‌ داواى ڕەواى گەنجان بۆ (دامەزراندن) یان ڕەخساندنى (هەلى کار) لە کەرتى تایبەت، بە ئامادەبوونی‌ وەزیرانی‌ (پلاندانان، ڕۆشنبیری‌‌و لاوان، کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌).

ڕەخساندنى هەلى کارى شایستە، بێجگە لەوەى مافى هەر هاووڵاتیەکە لە تەمەنى "کار"دا، لە هەمانکاتدا لێکەوتەو دەرهاویشتەکانى بێکارى تەنها بۆ بێکارەکان ناگەڕێتەوەو بەڵاى بێکارى تەنها گیرفانى خاڵى کەسى بێکار بەدواى خۆیدا ناهێنێت، بەڵکو زۆرێک لە گرفت و نەخۆشییە کۆمەڵایەتیەکان، پاڵنەرو هۆکارەکەیان بێکارییە، بۆیە هەتا ڕۆژێک زووتر بە سەروەت و سامانى ئەم وڵاتە کاربکرێت بۆ کەمکردنەوەى کاریگەریى ئەم بەڵا مەترسیدارە، باشترە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عومه‌ر گوڵپی

سەرەتا