عومهر گوڵپی
04/11/2021
408 جار خوێنراوەتەوە
لەبارەی قەرزەکانی حکومەتەوە
حکومەت خەریکی دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت و غازە بە نهێنی، لەم ڕۆژانەدا هەموو قەرزی ساڵانی (٢٠١٩) و (٢٠٢٠)ی کۆمپانیای دانەغازی دایەوە، بەڵام تا ئێستا بیری لە دانەوەی یەک دینار قەرزی مووچەخۆرانی خۆی نەکردووەتەوە!
ئێمە لەگەڵ دانەوەی هەموو قەرزەکانین، بەڵام بە شەفافیەت و بە ڕوونی و لە چوارچێوەی کاری حکومی نەوەک بە نهێنی و ژێر بەژێر، بەجۆرێک بەنهێنی ئەم کارە بەڕێوەدەچێت کە لەبری ئەوەی ئێمە و هاووڵاتیانی کوردستان لە سەرۆکی حکومەت و وتەبێژ و وەزیری داراییەکەیەوە بیزانین، کەچی لە بەیاننامەی کۆمپانیا نەوتییەکانەوە زانیارییمان دەست دەکەوێت.
دانەوەی قەرزەکان لە کاتێکدایە کە دیار نیە ئەم قەرزانە بۆ کران؟ کێ کردی؟ بۆچی؟ بە چ پێوەرێک؟ بە چ یاسایەک؟ بە چ شێوازێک؟ بۆ چەند؟ چەند سوی ئەچێتە سەر؟ پاشان چەند ملیارن؟ هی چەند کۆمپانیا؟ لە بەرانبەر چی؟ هیچ یەکێک لەمانە دیار نیە، زیاتر لە ساڵێکە حکومەت بەڵێنی داوە لیستی هەموو قەرزەکان بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام تا ئێستا نەیناردووە و دیاریش نیە کەی دەینێرێت!
حکومەت لە پێنج ساڵی ڕابردوو، بەناوی پاشەکەوت، لێبڕین، دابەش نەکردنی مووچە و چەندین ڕێگەی تر پابەندی دارایی بەرانبەر مووچەخۆرانی خۆی جێبەجی نەکردووە، ئیتر قەرز بۆچی کراوە؟ ئەمە بێجگە لە ڕاگرتنی دەیان پڕۆژە و هەموو سولفە و عەقارەکان!
باشە ناکرێت حکومەت هاوشێوەی کۆمپانیاکان شێواز و سیستمێک دانێت بۆ دانەوەی قەرزی هاووڵاتیان؟ ئەوە پێنج ساڵی ڕێک تێپەڕی، ئیتر کەی قەرزی کەمئەندام، کەسوکاری شەهید، مامۆستا، پزیشک، پێشمەرگە ئەداتەوە؟ زۆرێک لە خانەنشینان کۆچی دواییان کرد، کەی حکومەت ئەم پابەندییە جێبەجێ دەکات؟
نزیکەی شەش ساڵە پلە بەرزکردنەوە ڕاگیراوە، بۆ حکومەت پارەی بۆ کۆمپانیاکان هەیە، بەڵام ناتوانێت پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی دەست پێبکاتەوە؟
پاشان خۆیان بەڵێنیان دا پاشەکەوت بگێڕنەوە، یان حساب بانکیەک دروست کەن لانی کەم لە بری پارەی ئاوو کارەبا بەکاربهێنرێت، تا ئێستا نەیانکردوە و وادەی ئەنجامدانیشی دیار نیە، ئەمە لە کاتێکدا لە یاسای چاکسازیدا کە زیاتر لە ساڵێکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەم بابەتە کراوەتە ئەرکی حکومەت.
ئێمە لەسەر ئەم بابەتانە و هەموو مافە یاساییەکانی تری هاووڵاتیانمان بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون و فشار.
عومەر گوڵپی
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان
٣ی ١١ی ٢٠٢١
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عومهر گوڵپی