عومهر گوڵپی
27/02/2024
261 جار خوێنراوەتەوە
لە بارەی مزگەوتو پەرستگەوە لە کوردستان، ئەمە راستیەکەیە
لە ساڵی (٢٠١٠) تا ساڵی (٢٠٢١) ژمارەی ئەو مزگەوتانەی لە هەرێمی کوردستان دروستکراون بریتین لە (١١٣٦) مزگەوت، لەو ژمارەیە تەنها (٤٩) مزگەوتیان لەسەر بودجەی گشتی دروستکراون کە دەکاتە تەنها (٤%)ی کۆی مزگەوتی دروستکراو ئەوەش لە كابینەی شەشەم و حەوتەم بووەو هیچیان لەسەردەمی كابینەی هەشتەم و نۆیەم نەبوون، (١٠٩٧) مزگەوتەكەی تر كە دەكاتە ڕێژەی (٩٦%)ی كۆی مزگەوتی دروستكراو لەو دە ساڵەدا لەسەر ئەركی خێرخوازان دروستكراون، لە کاتێکدا مزگەوتەکانو ئەوقاف خۆیان داهاتێکی زۆریان هەیە.
لە ساڵی (٢٠١٠ تا ٢٠٢١) دوو کەنیسەو یەک سەنتەری ڕۆشنبیری بۆ مەسیحیەکان دروستکراون، هەر دوو کەنیسەکەو سەنتەری ڕۆشنبرییەکە لەسەر بودجەی گشتی دروستکراون، واتە ڕێژەی (١٠٠%)ی کەنیسەی دروستکراو لەسەر بودجەی گشتی بووە.
لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا لەسەر بودجەی گشتی (١٠) پەرستگەو نیشانەی ئێزیدییەكان نۆژەنكراونەتەوە، واتە لە (١٠٠%)ی ئەو كارانەی بۆ پەرستگەی ئێزیدییەكان كراوە لەسەر بودجەی گشتی بووە.
هاوشێوەی دەرچووانی تری زانكۆ، حكومەت زۆر كەمتەرخەمە بەرانبەر دەرچووانی زانستە شەرعییەكان و زانستە ئیسلامییەكان و كار بۆ دامەزراندنیان ناكات لە كاتێكدا پێویستی هەیە، بەجۆرێك لە كۆی (٣٢٦٧) مزگەوت كە نوێژی هەینیان تیادا ئەنجام دەدرێت نزیكەی (١٣١٢) مزگەوتیان وتاربێژەکانیان خۆبەخشن و حکومەت کاری نەکردووە بۆ دامەزراندندنی وتاربێژ بۆ ئەو مزگەوتانە نە بە هەمیشەیی نە بە گرێبەست.
لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا دەیان وتاربێژی ناسراوو دیارو پەسەندی نوێژخوێنان لە وتاربێژی دوورخراونەتەوە، زۆرینەی لێپێچینەوەو دوورخستنەوەكانیش بەهۆی ڕەخنەی ئەو مامۆستایانە بووە لە حكومەت و لایەنەكانی دەسەڵات.
لە ڕاستیدا كابینەی نۆیەم نەوەك مزگەوتی دروست نەكردووە، بەڵكو نەخۆشخانەو قوتابخانەشی دروست نەكردووە!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عومهر گوڵپی