عومه‌ر گوڵپی 21/03/2022 355 جار خوێنراوەتەوە

چارەنووسی‌ قەرزی‌ هاووڵاتیان‌

 

لە ساڵی‌ (٢٠١٥)ەوە تا ئێستا، بەهۆی‌ خەرج نەکردنی‌ ژمارەیەک لە مووچەی‌ مانگەکان‌و پاشەکەوت‌و لێبڕینی‌ مووچە لە هێندێکی‌ تریان، حکومەت نزیکەی‌ دوو ساڵی‌ تەواوی‌ پارەی‌ مووچەخۆران قەرزارە کە بڕەکەی‌ نزیکەی‌ (21,600,000,000,000 - بیست و یەک ترلیۆن‌و شەش سەد ملیار ) دینارە، لەو بڕەیە نزیکەی (هەشت ترلیۆن دینار)ی لە کابینەی نۆیەم بووە، ئەم بێجگە لە ڕاگرتنی‌ لە بەرزکردنەوەی‌ فەرمانبەران بۆ ماوەی‌ شەش ساڵ، دیار نیە حکومەت کەی‌ ئەو پابەندییەی‌ لەسەریەتی‌ بۆ هاووڵاتیانی‌ دەگێڕێتەوە؟

بە پێی‌ بڕگەکانی‌ (یەکەم و دووەم) لە ماددەی‌ (١٣)ی‌ یاسای‌ ژمارە (٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢٠)ی‌ چاکسازی‌ لە مووچەو دەرماڵەو ئیمتیازاتەکان، پێویستە وەزارەتی‌ دارایی‌ ئەژمێرێکی‌ بانکی‌ بۆ مووچەخۆرو سودمەندان لە دارایی‌ گشتی‌ بکاتەوە لە پێناو زامنکردنی‌ شایستە داراییەکان و شایستە داراییە خەرجنەکراوەکان، هەروەها رێنماییەک دەربکات بۆ چۆنیەتی‌ مامەڵە لەگەڵ ئەژمێرەکە، تا مووچەخۆران بتوانن سود لەو پارانە وەرگرن لانیکەم بۆ دانەوەی‌ قەرزی‌ ڕسومات‌و قەرزە جۆراوجۆرەکانی‌ تری‌ هاووڵاتیان وەک قەرزی‌ هاوسەرگیریی‌‌و نیشتەجێکردن، بەڵام پاش (٢٠) مانگ لە وادەی‌ جیبەجێکردنی‌ یاساکە، تا ئێستا دیار نییە حکومەت کەی‌ ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکات؟ تەنانەت ئەمەیان پارەشی‌ تێناچێت‌و کەمترین مافە بۆ مووچەخۆران‌و فەرمانبەرو مامۆستایان‌و خانەنشینان.

ئەمە لە کاتێکدایە حکومەت بە هاندانی‌ داشکاندنی‌ لە (١٥%)، بەردەوامە لە وەرگرتنەوەی‌ پارەو قەرزەکانی‌ خۆی‌ لە هاووڵاتیان، بەڵام هیچ میکانیزمێک بۆ دانەوەی‌ قەرزی‌ هاووڵاتیان ناگرێتە بەر!

بەمەبەستی‌ زانینی‌ هۆکاری‌ دواکەوتنی‌ ئەم میکانیزمەی‌ سودوەرگرتنی‌ هاووڵاتیان لەو قەرزو پارانەی‌ هاووڵاتیان لای‌ حکومەت هەیانەو کاتی‌ تەواوبوونی‌ ئەژمای‌ بانکی‌ بۆ سودوەرگرتن لە قەرزەکانیان، هەروەها وادەی‌ گەڕاندنەوەی‌ پارەی‌ پاشەکەوتکراوو لێبڕاوی‌ مووچەی‌ فەرمانبەران‌و مووچەخۆران، هەورەها خستنەڕووی‌ پلان‌و بەرنامەیان بۆ جێبەجێکردنی‌ ئەم پابەندییە داراییە، بە ژمارە (١٩٤) لە (٢٠ی‌ ٢ی‌ ٢٠٢٢) داوای‌ ڕوونکردنەوەو زانیاریمان لە حکومەت کرد، بەردەوامیش دەبین لەم داوا ڕەوایە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عومه‌ر گوڵپی

سەرەتا