عومه‌ر گوڵپی 22/09/2022 350 جار خوێنراوەتەوە

بە پڕۆژەیەكی شێواو بانگەشەی پاراستنی (ژنان) دەكەن

لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە، هاوكای دارایی ژنانی بێ هاوسەرو كچانی هەژارو منداڵانی بێ سەرپەرشتیان (بە كچ و كوڕەوە) بڕی، كەچی بە پڕۆژەیەكی شێواو بانگەشەی پاراستنی (ژنان) دەكەن!

هەزاران ژنى بێ هاوسەر و بێ بەخێوکار و بێ کاسبکار و هەژار، لە پێش چاوى حکومەت و دەسەڵات خێرخوازان هاوکارییان دەکەن، هەزاران منداڵى بێسەرپەرشت بە کوڕ و کچەوە ئەگەر خێرخوازان نەبن لە برسا ئەمرن، کەچى حکومەت و دەسەڵات تەنها تەماشاکارن لە ژیانیاندا!

هاوکارییەکى دارایى مانگانە هەبوو بەناوى (مووچەى چاودێرى خێزان) لە چوارچێوەى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى، بە پاساوى (چاکسازى لە ناوەکان و لادانى ناوى ناشایستە) لە ساڵى (٢٠١٥)ەوە ڕایانگرت و هەتا ئێستاش نە چاکسازییەکە کرا و نە مووچە و هاوکارییەکە دەستى پێکردەوە، بڕى هاوکارییەکەش مانگانە تەنها (١٥٠,٠٠٠) دینار بوو نەوەک بە ملیۆنان دینار و دابینکردنى ژیانى شایستە بۆیان!

ئەوەى ئەو هاوکارییەی (چاودێرى خێزان) دەیگرتەوە بریتی بوون لە: (ژنانى بێ هاوسەر و بێوەژنى بێ بەخێوکار و بێ سەرپەرشتیار و هەژار، ئەو ژنانەى هاوسەرەکانیان سزا دراوە یان بێ سەر و شوێنن، منداڵانى بێ سەرپەرشت، کچانى قەیرەى بێکار، بەساڵاچووانى هەژار، نەخۆشانى درێژخایەن وەک شەکرە و شێرپەنجە بە ژن و پیاوەوە)، ئەوە حەوت ساڵە ئەو هەژارانە چاوەڕێى دەستپێکردنەوەى ئەو هاوکارییەن!

بۆ ئەوەى ژنان لە توندوتیژى بپارێزیت پێویست بەهەڵگەڕانەوە لە کلتور و ئاین و بەها بەرزەکان ناکات، پێویستە حکومەت و دەسەڵات سەرچاوەکانى توندوتیژى بنبڕ بکات کە هەژاریى و بێکارى و نەخوێندواریی لە گەورە هۆکارەکانن، لەگەڵ هۆکارە پەروەردەیى و هوشیارییە ئاینى و کۆمەڵایەتیەکان.

حکومەت و دەسەڵاتێک ئامادە نەبێت دینارێک هاوکارى ژنێکى هەژار بکات کە بەخێوكردنی چوار تا پێنج منداڵى بێ سەرپەرشتى کەوتووەتە ئەستۆ، چۆن ئەتوانێت بانگەشەى ئەوە بکات کە ئەیەوێت ژن بپارێزێت؟

ئێمە بۆ دەستێکردنەوەى مووچەى ژنانى هەژار، بەساڵاچووانى هەژار، منداڵانى بێ سەرپەرشت، لە مانگى (٣)ى ئەمساڵەوە پێشنیازە یاسای (هاوکارى دارایى هەژارەکان)مان پێشکەش کردووە، ئەوە شەش مانگە پڕۆژەکە لاى حکومەتە بۆ وەرگرتنى بۆچوونیان و تا ئێستا تەنانەت وەڵامى پەرلەمانیان نەداوەتەوە!

عومەر گوڵپی

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان

٢٢ی ٩ی ٢٠٢٢

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عومه‌ر گوڵپی

سەرەتا