عومه‌ر گوڵپی 08/06/2023 2337 جار خوێنراوەتەوە

خەمی‌ ئاو..

بەردەوام پڕۆژەی‌ نوێ‌ و باڵەخانەی‌ (٢٠ تا ٣٠) نهۆمی‌ لە شاری‌ هەولێر دروست دەکرێن، هەڵکەندنی‌ بیر بۆ ئاوی‌ ئەم پڕۆژانە بووەتە هۆی‌ ئەوەی‌ ئاوی‌ ژێر زەوی‌ لە هێندێک شوێن بچێتە سەروو قوڵایی‌ (٧٠٠) مەتر، ئەمەش بوویە هۆی‌ ئەوەی‌ ئەو ماڵانەی‌ لە گەڕەکە ئاساییەکاندا لە ڕێگەی‌ بیرەوە ئاویان پێدەدرا بێ ئاو ببن‌ و بیرەکانیان ئاوی پێویستیان پێ نەدات چونکە ئەو بیرانەی‌ پێشتر لەلایەن فەرمانگەی‌ ئاوەوە هەڵکەنراون‌ لە ئێستەدا زۆر دەمێکە قووڵاییەکەیان لە ئاستی‌ ئاودا نەماوە.

کێشەی‌ ئاو، بەهۆی‌ نەبوونی‌ سیاسەتی‌ ڕوون، پلانی‌ ستراتیجی‌ بۆ گلدانەوە و پاراستنی‌ ئاو لەسەر زەوی‌‌ و ژێرزەوی‌ ڕۆژ بە ڕۆژ لە کوردستان گەورەتر دەبێت، ئەم کێشەیەش لە ساڵانی‌ ئایندەدا لێکەوتەی‌ زیاتری‌ دەبێت ئەگەر هەوڵی‌ چارەسەری‌ نەدرێت.

لە سیتەک‌ و مێرگەپانی‌ شاری‌ سلێمانی‌، زۆرینەی‌ باخ‌ و ڤێلاکان کە تەنها یەک خێزان سودی‌ لێ وەردەگرێت، بیری‌ تایبەتیان هەیە کە ئاوی‌ (٢٤) سەعاتیان بۆ دابین دەکات، هەروەها لە دەوروبەری‌ شاری‌ هەولێر سەدان ڤێلای‌ تایبەتی‌ بەرپرسان‌ و دەوڵەمەندان بە هەمان شێوە، ئەمە بووە هۆی‌ ئەوەی‌ ئێستە لەو دوو گەورە شارەدا کێشەی‌ گەورەی‌ ئاو دروست ببێت، بەهۆی‌ دابەزینی‌ بەردەوامی‌ ئاستی‌ ئاوەوە، هەروەها دروستنەکردنی‌ بەنداو و هیچ پڕۆژەیەکی‌ نوێ بۆ گەیاندنی‌ ئاو بە شارەکان.

لەناو شاری‌ هەولێر، دەیان پڕۆژە هەن کە زۆرینەی دانیشتوانەکەیان خەڵکی‌ بێگانەن، ئاوی‌ ٢٤ کاتژمێرییان هەیە، لە کاتێکدا لە هێندێک گەڕەک بە هاویندا بە چەند ڕۆژێک تەنها یەک کاتژمێر ئاو دەدرێتە هاووڵاتیان، ئەمە لوتکەی‌ نادادگەریی‌‌ و سیاسەتی‌ چەوت‌ و بێپلانی‌ ساڵانی‌ ڕابردووە کە ئێستە خەڵک باجەکەی‌ دەدات.

بۆ چارەسەری‌ ئەم کێشەیە، پێویستە دەستبەجێ پێدانی‌ مۆڵەت‌ و دروستکردنی‌ بینا و باڵەخانە و شوقەی‌ نوێ ڕابگیرێت کە بەهۆی‌ بەرزی‌ نرخیانەوە زۆرینەیان تەنها بێگان سودیان لێ وەردەگرێت و نەبوونەتە هۆی‌ کەمبوونەوەی‌ کرێچییەتی‌، هەروەها بیر لە چارەسەر بکرێتەوە بە ڕاکیشانی‌ هێڵی‌ تری‌ ئاو بۆ زیادکردنی‌ پشکی‌ ئاوی‌ هەولێر و سلێمانی‌‌ و دروستکردنی‌ بەنداو بۆ بەرزبوونەوەی‌ ئاستی‌ ئاوی‌ ژێر زەوی‌‌ و گلدانەوە ئاوی‌ باران.

کێشەی‌ ئاو کێشەیەکی‌ گەورەیە، بەهۆی‌ گۆڕانی‌ کەشوهەواوە ساڵ بە ساڵ کێشەکە ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیە پێویستی‌ بە پلان‌ و بەرنامەی‌ ستراتیجی‌ هەیە، هەروەها بەڕێوەبردنێکى باشترى ئەو ئاوەى ئێستە لەسەر زەوی و ژێر زەوی كوردستان هەیە لە دابەشکردن و پاراستنى، ئەگەرنا لە ساڵانی‌ ئایندەدا هەموو کوردستان وەک هەولێر ڕووبەڕووی‌ کیشەی‌ ئاو دەبنەوە.

عومەر گوڵپی‌
٨ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢٣

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عومه‌ر گوڵپی

سەرەتا