عومهر گوڵپی
29/11/2025
54 جار خوێنراوەتەوە
دوو هەڕەشەو مەترسی فەرامۆشکراو
بەپێی کۆتا ئاماری ئەنجامدراو لەلایەن هەردوو وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ و دەستەی ئاماری هەرێم، ڕێژەی بێکاریی لە هەرێمی کوردستان (١٤،٧٩٪) یە، هەروەها ڕێژەی هەژاریش بریتییە لە (٨،٦٪)، بە زانینی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە (٦،٣٧٠،٦٦٨) کەسە، ئەوا:
یەک/ ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی بێکارن لە هەرێمی کوردستان بریتین لە (٩٤٢،٢٢١) هاووڵاتی، خۆ ئەگەر تەنها رەچاوی ژمارەی ئەو هاووڵاتیانە بکەین کە لە تەمەنی کاردان کە نزیکەی (٦٠٪)ی کۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانن، ئەوە ژمارەی هاووڵاتیانی بێکار بریتین لە (٥٦٥،٨٩٤) هاووڵاتی!
دوو/ ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی لە خوار هێڵی هەژارییەوەن بریتین لە (٥٤٧،٨٧٧) کەس!
ئەگەرچی تیرۆرو درۆن و گەندەڵی هەڕەشەی جیدین لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، بەڵام لە ڕاستیدا هەرەشەی (بێکاریی) و (هەژاریی) هیچی کەمتر نییە لە هەڕەشەی درۆن و تیرۆرو ماددەی هۆشبەرو گەندەڵی!
ئەمڕۆ کوردستان لە خراپترین دۆخی خۆیدا دەژی، نەوەک هیچ پلان و بەرنامەیەک نییە بۆ وەڵامدانەوەی کێشەی گەورەی بێکاریی و هەژاریی، بەڵکو خاوەنی حکومەتێکی شەرعی و یاساییش نییە تا ڕووبەڕووی ئەرکێکی لەمجۆرە بکرێتەوە، ئەمە بێجگە لە پەکخستنی پەرلەمان وەک سەرچاوەی سەرەکی شەرعییەت و چاودێریی دەسەڵاتەکان و پارەو داهات و خەرجییەکان!
کاتێک درۆنێک ڕوو دەکاتە هەرێم و کێڵگەیەکی غاز یان نەوت بە ئامانج دەگرێت، بە زوویی هەموومان هەست بە مەترسییەکەی دەکەین، بەڵام بەداخەوە مەترسی و هەڕەشەی بێکاریی و هەژاریی بەو ژمارە زۆرە تەنانەت لای هەژارو بێکارەکان خۆشیان لە بیر کراوە!
تێبینی: هاووڵاتی خوار هێڵی هەژاریی واتە: ئەو هاووڵاتییەی بڕی پێویست لە خواردن و جل و بەرگ و شوێنی مانەوەو پێداویستی بنەڕەتی بۆ تەندروستی و پەروەردەی دەست ناکەوێت!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عومهر گوڵپی