عومه‌ر گوڵپی 02/03/2021 704 جار خوێنراوەتەوە

نرخی دینار بەرانبەر دۆلار گۆڕانکاریی بەسەردا دێت؟

ناو بەناو هەواڵ و زانیاریی لەسەر گۆڕانکاریی لە بەهای نرخی دینار بەرانبەر دۆلار بڵاو دەبێتەوە، بەشێکی ئەم زانیاریی و هەواڵانەش بەهۆی لێدوانی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوەیە.

نرخی دینار بەرانبەر بە دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقییەوە بە ڕاوێژ لەگەڵ حکومەت و پەرلەمان لە ١٢٠٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک دابەزێنرا بۆ ١٤٥٠ دینار، ئەمەش لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەیەک کە حکومەتی عێراقی بەناوی وەرەقەی سپی(ورقة البيضاء) لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی کرد کە تیایدا کۆمەڵێک ڕێوشوێن بۆ چاکسازی و بە هاناوەچوونی دۆخی خراپی دارلیی و ئابوری عێراق و چەند سێکتەرێک وەک پلان و بەرنامەی حکومەت خرابوونە ڕوو، کە یەکێکیان پیاچوونەوەبوو بە بەهای دینار بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی، کە دواجار بانکی ناوەندی بڕیارەکەی داو بەهای دراوی عێراقی دابەزاند.

بڕیاری بانکی ناوەندی بۆ گۆڕینی بەهای دینار ستراتیجیەو تاکتیکی نییە، هەروەها بەتەنها وابەستە نییە بە بەرزی و نزمی نرخی نەوتەوە بەڵکو وابەستەیە بە کۆمەڵێک لایەنی تری ئابورییەوە.

هەربۆیە بە تێگەیشتنی من لە مەودای نزیکی چەند ساڵێکدا ئەو گۆڕانکارییە ڕوو نادات و بانکی ناوەندی نرخ وەک خۆی دەهێڵێتەوە، چونکە هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە بەرزی و نزمی بەهای دینار لە ماوەیەکی کەمدا، بێمتمانەییەکی گەورە بۆ دراوی عێراقی دروست دەکات و ناجێگیریی دۆخی دارایی بەدوادا دێت و دواجار بە زیانی گەورە بۆ سەر دۆخی دارایی و ئابوری عێراق دەشکێتەوە، بانکی ناوەندیش هەڵەی لەمجۆرە ناکات.

هەربۆیە ئەو جۆرە هەواڵ و زانیارییانە تەنها لێدوانی سیاسی پەرلەمانتارانی بەغدان و وەک موزایەدەی سیاسی دەخوێنرێنەوە، چونکە لە بنەمادا نە لە دەسەڵات نە لەپسپۆڕی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نییە دەستکاری بەهای دینار بکات.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عومه‌ر گوڵپی

سەرەتا