عومهر گوڵپی
17/02/2022
427 جار خوێنراوەتەوە
کەس هەیە فریای کەرتی تەندروستی بکەوێت؟
کەس هاواری نەخۆشە هەژارەکان دەبیستێت؟
بە تایبەتکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی (بەتایبەت نەشتەرگەریی) بەناوی ( سیستمی نیمچە تایبەت)ەوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا مەترسی گەورە بۆ ژیانی هەزاران لەو نەخۆشانە دروست دەکات کە هەژارن یان داهاتیان سنوردارە.
دیقەت لەم نرخانە بدەن وەک نمونەی یەک نەخۆشخانەی حکومی:( نەشتەرگەری دڵ ٣,٢٥٠,٠٠٠، قەستەرەی دەستنیشانکردن ٣٠٠,٠٠٠ دینار، قەستەرە+ باڵۆن و شەبەکە ٨٥٠,٠٠٠ دینار، دانانی پاتری هەمیشەیی ١,٢٠٠,٠٠٠ دینار، دانانی پاتری کاتی ٢٠٠,٠٠٠ دینار، نەشتەرگەری زمانەی دڵ ١,٣٠٠,٠٠٠ دینار، crt ٣,٢٥٠,٠٠٠ دینار، ئیکۆی دڵ لەڕێگەی سورێنچک بە بەنج ١٢٠,٠٠٠ دینار، سۆنار ١٠,٠٠٠ دینار، ئیکۆی دڵ ١٢,٠٠٠ دینار، مانەوەی نەخۆش لە پێشوازی و قاوش ٦٠,٠٠٠ دینار، ....)، ئەمانە بەشێکن لە نرخی نەخۆشخانەی حکومی بوژانەوەی دڵ لە کاتی بەیانیان و بەنرخی حکومەت! ئایا ئەم چارەسەرانە بەم نرخانە لە توانای زۆرینەی هاووڵاتیاندا هەیە؟ ئایا ئەتوانین بڵێین ئەمانە خزمەتگوزاریی حکومی بێ بەرانبەرن وەک ئەوەی لە یاساو دەستوردا هاتووە؟
لەلایەکی ترەوە، خەرجنەکردنی پارەو شایستەی تەندەری کۆمپانیاکانی دەرمان بووەتە گرفتێکی گەورە، بە ئاستێک ئەگەر ئەو ڕێژە دەرمانانەی کە پشکی هەرێمن و لە بەغداوە دێن کێشەیان بۆ دروست بێت و نەیەن، ئەوە دوور نیە نەخۆشخانەکانمان بگەنە ئاستی شەلەل.
بەپێی بڕگەی (١٣) لە ماددەی (دووەم)ی یاسای وەزارەتی تەندروستی، ژمارە(١٥)ی ساڵی(٢٠٠٧) دەبوو گۆڕینی سیستمی تەندروستی ئێستا بە سیستمێکی هاوچەرخ لە ئەرک و ئامانجەکانی وەزارەتی تەندروستی بێت، هەروەها بە پێی بڕگەی (٢٢)ی هەمان ماددەو یاسا دەبوو حکومەت و دەسەڵات کار بکەن بۆ دابینکردنی بیمەی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان، بەڵام حکومەت و دەسەڵات پاش چواردە ساڵ لە دەرچوونی ئەو یاسایە لە بری جێبەجێکردنی، سەرقاڵی ململانێی پۆست و پلەو بەرژەوەندی حزبەکانیانن لە وەزارەتی تەندروستی و بیریان لای ژیانی هاووڵاتیان نییە.
پاش بەدواداچوون، کێشەی کەمی دەرمان و کەمبوونەوەی خزمەتگوزاریی تەندروستی و بە تایبەتکردنی کەرتی گشتی تەندروستی بەناوی (سیستمی نیمچە تایبەت)م گەیاند، هیوام وایە بەڕێزان لە لیژنەی تەندروستی زۆر بە جیدی کاربکەن بۆ ناچارکردنی حکومەت بە پشتیوانی دارایی کەرتی تەندروستی و ئەنجامدانی چاکسازی و جیاکردنەوەی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی و گەڕاندنەوەی ڕسوماتی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ئەو ئاستەی هەژارەکان بتوانن بە کەرامەتەوە سودی لێ وەرگرن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عومهر گوڵپی