عومه‌ر گوڵپی 16/09/2025 15 جار خوێنراوەتەوە

بۆچی وا لە نەخۆشخانەی حکومی دەکەن؟

لە ماوەی (١٠ ساڵ)دا، نزیکەی (٧٠) نەخۆشخانەو کۆمەڵگەی پزیشکی تایبەت و ئەهلی دروستکراون، ئەمە سوتفەو پێویستی و خواستی خەڵک نییە، بەڵکو دوو کابینەیە کار دەکرێت بۆ ئەوەی نەخۆشخانەی حکومی نەمێنێت یان نزیک بێتەوە لە نەمان، ئەوان کەرتی تەندروستی گشتی بە بارگرانی دەزانن لەسەر حکومەتەکەیان!

دەسەڵاتی هەردوو حزب و حکومەتەکەیان، ئامادە نین لە کۆی (٣٥٠ ملیار) دینار، مانگانە تەنها (٣٠ ملیار) دیناری بۆ کەرتی تەندروستی خەرج بکەن، ئەمەش وایکردووە بەردەوام نەخۆشخانەکان لە پاشەکشەی بەرچاودابن و نەتوانن ئەو ئەرکەی لێیان چاوەڕێ دەکرێت ڕایپەڕینن! ئەمە بێجگە لە کێشەی بەردەوامی مووچە بۆ کارمەندانی تەندروستی کە کۆڵەکەی ڕاگرتنی نەخۆشخانەکانن.

ئەوان پێیان وایە زەوی بەلاش بە شەریکایەتی حزبەکانیان بدەن بە کۆمپانیاو بیناو هۆتێل و یەکەی نیشتەجێبوونی پێ دروست بکەن بۆ خەڵەتاندنی ڕایگشتی باشترە کە وەک نیشانەی پێشکەوتن بە خەڵکی ناوخۆو بیانی بفرۆشنەوە تا ئەوەی نەخۆشخانەیان هەبێت و خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشبکەوێت و هاووڵاتی نەخۆش ناچاری نەخۆشخانەی تایبەت نەبێت.
نەخۆشێک بچێتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، دەبێت بە قەرەوێڵەکەیەوەو بە ئەمبوڵانس چەند جارێک ببرێتە دەرەوەی نەخۆشخانە بۆ ئەوەی هێندێک پشکنین بکات، بۆ؟ لەبەر ئەوەی ئەم ئامێرەیان دوو مانگە شکاوەو پارە نییە چاک بکرێتەوە، فڵان پشکنینی تر پێداویستی نەماوە!

بۆ هێندێک نەخۆشی خێرا، هێندێک چارەسەریی خێراو بە پەلە ئامادەیە، بەڵام تۆ نەشتەرگەرییەکت بوێت لە نەخۆشخانەیەکی حکومی دوو بژاردەت هەیە: یان بە ئێش و ئازارەوە بتلێرەوە تا نۆرەت دێت لە ساڵی داهاتوو، یان فەرموو بچۆرە ئەهلی و چارەسەریی خۆت بە پارە وەرگرە!

کەسێک داهاتی مانگانەی کەمتر لە ملیۆنێک بێت، تەنها یەک نەخۆشی بەسە بیکاتە سواڵکەر لەبەردەم نەخۆشخانەیەکی ئەهلی و نۆڕینگەی پزیشک و تاقیگەو دەرمانخانەکاندا.

نەخۆشخانەی ئەهلی لە هەموو دونیا وەک بژاردەیەک هەیە بۆ کوالێتی و هێندێک تایبەتمەندی، ئەمە ئاساییەو تەنانەت شتێکی باشە، بەڵام نەوەک بە بەرنامە پاشەکشە لە خزمەتگوزاریی تەندروستی حکومی بکرێت و خەڵک ناچار بکرێت ڕوو بکاتە نەخۆشخانەی ئەهلی.
ماوەی دە ساڵە سێ کەس لە هەردوو دەڤەر بڕیار بەدەستی یەکەم و کۆتایین، چ لە حکومەتەکەیان، چ لە حزبەکانیان، بەڕاستی ئەو سیانە سەلماندوویانە بێجگە بزنس و بازرگانی شتێکیتریان نییە.
عومەر گوڵپی

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عومه‌ر گوڵپی

سەرەتا