عومهر گوڵپی
22/09/2019
854 جار خوێنراوەتەوە
ساڵی نوێی خوێندن و کێشەیەکی کۆنی نوێ
عومەر گوڵپی
لەگەڵ کرانەوەی دەرگای خوێندن کێشەیەکی نوێ، کە لە بنەمادا نابێت کێشەبێت یەخەمان دەگرێت، ئەویش کێشەی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و پرسی ڕەخساندنی هەلی چونیەکی خوێندن لە هەموو ئاستەکاندا.
ڕۆژانە دایک و باوک و خانەوادەکانیان پەیوەندی دەکەن و گازندەی ئەوەیان هەیە کە لە فڵانە قوتابخانە منداڵەکانیان وەرناگیرێن، ئەوەش تەنهاو تەنها لەبەرئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتن.
ئەم کێشەیە لە یاسادا نیە، پەیوەندی بە بڕیاری وەزیرو بەڕێوەبەرە گشتیەکانیشەوە نیە، بەڵکو بڕیارێکی تاکلایەنەی هێندێک لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکانە.
ئێمە لە کاتێکدا سوپاس و ڕێزمان هەیە بۆ ئەو بەڕێوەبەرو مامۆستاو قوتابخانانەی کە بە پەرۆشەوە ئەرکی خۆیان بەپێی یاسا جێ بەجێ دەکەن و ئاسانکاری بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەن، لە هەمان کاتدا ڕووی ڕەخنەو گلەیی جیدیشمان لەو بەڕێوەبەرانەیە کە بە پاساوی ناڕەوا دەست بەڕووی منداڵانەوە دەنێن و لەو مافە سەرەتایی و یاساییە بێ بەشیان دەکەن یان بە ناڕەوا دڵی خۆیان و خانەوادەکانیان دەشکێنن.
بە پێی ماددەی نۆیەم لە یاسای ۲۲ی ساڵی ۲۰۱۱، هەر کەسێکی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مافی فێربوونی هەیە، ئەویش بە مسۆگەرکردنی بەدەستهێانی دەرفەتی چونیەک بۆ وەرگرتن لە دەزگاکانی پەروەردەو فێرکردن بە هەموو قۆناغەکانیەوە، لە نێوانیاندا خوێندنی باڵا، نابێت کەمئەندامی ببێتە ڕێگر لەبەردەم وەرگرتنی لەهەر دەزگایەکی پەروەردەیی یان فێرکرنی فەرمی یان تایبەتدا.
ئەوە ڕاستە کە هێندێک لە قوتابخانەکان توانای پێویستیان لەبەردەست نیەو حکومەت ئەو پێداویستیانەی نەڕەخساندوە کە ئاسانکاری بۆ کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت دەکەن، بەڵام نابێت ئەمە ببێتە پاساوێک بۆ بێبەشکردن و پێویستە قوتابخانە سەرجەم تواناکانی بخاتە خزمەت کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بە ژمارە ئەم مافە بەراورد نەکات و نەڵێت ئەم ڕێوشوێنە بگرمە بەر بۆ ئەوەی یەک کەس سودمەندبێت؟ بەڵێ مامۆستای بەڕێز یەک کەس چونکە مافیەتی .
هیوادارم هەر قوتابخانەیەک ڕێگری کرد دایکان و باوکان بەدواداچوون بکەن و ڕێگە نەدەن منداڵانی کەمئەندام بێ بەش ببن لەو مافە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عومهر گوڵپی