دڵشاد ئهنوهر
12/03/2026
35 جار خوێنراوەتەوە
درۆن و هەرێم و گرفت
سلێمانی و هەولێر تەنها رووبەڕووی هێرشی موشەکی نەبوونەتەوە، بەڵکو رووبەڕووی بێسەرووبەری ئەو لایەنانەش بوونەتەوە کە هێرشەکان ئەنجام دەدەن.
بەشی زۆری هێرشەکان میلیشیاکان پێیهەڵدەستن، ئەمانە دەیانەوێ لەرێگەی هێرشی سەر هەرێم ئێران لە خۆیان رازی بکەن، بەتایبەت لەجەنگی دوازدە رۆژەدا هەڵوێستی روونیان نەبوو، ئێران لێیان نیگەران بوو، دەیانەوێ ئەمجارە بە تێکدانی سەقامگیریی هەرێم ئێران لەخۆیان رازی بکەن.
بەشێکی تری پەیوەندی بە کۆنە رقی ئەو میلیشیایانەوە هەیە لەهەرێم یان دروستتر بەشێکی هەرێم، بەمپێیە ئەوان بۆ رازیکردنی وڵاتێکی تر، دێن پارچەیەک لە وڵاتەکەی خۆیان تێکدەدەن
بەشەکەی تری ئەوەیە میلیشیاکان ئەم شەڕە بە چارەنوسساز بۆ خۆیان دەبینن، بەوەی گەر ئێران شکست بهێنێت ئەمە بە واتای کۆتایی هاتنی خۆیان لێکدەدەنەوە، گەر ئێرانیش بمێنێتەوە بەدەرفەتی دەزانن بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆیان، گەرچی ئەمە دەوەستێتەوە سەر مامەڵەی داهاتووی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق لەبارەی چارەنوسی ئەوانەوە.
بەشەکەی تری موشەک و درۆنەکان لە ئێرانەوەن، گرفتە گەورەکە ئەوەیە ئەو وڵاتە لەدۆخی شەڕدایە، سیاسی و فەرماندەکانی لە دۆخێکدا نین، گفتووگۆیان لەگەڵ بکرێت بۆ راگرتنی هێرشەکان.
لەوەش گرفتتر ئەوەیە، فەرماندەکانی هەر ناوچەیەک بە حوکمی دابڕانی پەیوەندی نێوانیان لەگەڵ ناوەندی قەراردا، دەسەڵاتی شەڕ و هێرشیان پێدراوە.
بەمپێیە بەشێک لەو فەرماندانە دەتوانن وەکو کەنداو مامەڵە لەگەڵ هەرێمیشدا بکەن، چۆن بیانەوێت و بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرووی خۆیان، دەست لەهەرێمیش بوەشێنن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی دڵشاد ئهنوهر