دڵشاد ئهنوهر
24/12/2022
214 جار خوێنراوەتەوە
٤٠٠ ملیارەکە
کێشمەکێشێ زۆر ڕویدا لەسەر ئەوەی کام لایەن و کێ هێنەری ٤٠٠ ملیار دینارەکەیە، هەرچەندە تا ئێستا پارەکە نە نێردراوە، بەڵام هاتنی گوژمەیەک پارە گرنگ نییە، گرنگتر ئەوەیە، ئایا هەرێم و بەغدا لەسەر کرۆکی کێشەکانی نێوانیان ڕێکدەکەون یاخود نە؟
ڕەنگە بڕێک پارە یان دوو بڕ پارە ڕەوانەی هەرێم بکرێت یاخود نە، بەڵام گەر ڕێککەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت، داهاتی هەرێم و قەرزی کەڵەبووی کۆمپانیاکان و زۆر کێشەی تر نەکرێ، هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ بەردەوامبوونی ناردنی بودجە.
بێگومان حکومەتەکەی سودانی لەبەردەم ئاستەنگی گەورەدایە، لەلایەک هێزە شیعەکان تەبا نیین، هەندێکیان لێی ڕازی نیین، لەلاکەی تریش قورسە بتوانێت باڵانس ڕابگرێت و وڵاتە نەیارە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان ڕازی بکات، ئەمە جگە لە ئاستەنگە ناوخۆییەکانی بەردەمی.
لەوەش گرنگتر، ناردنی بودجە بۆ هەرێم و بەردەوامیدان بە ناردنی، گرێدراوە بە ئەنجامی گفتووگۆکانی نێوان هەردوولا، بەڵام ئەوەی لە ئێستاوە دەرکەوتووە، ڕێککەوتن قورسە، لە بەر کۆمەڵێک هۆکار.
هەرێم زۆر گرفتی نییە و موچە با دواش بکەوێ ئەیدات. هەرێم متمانەی نییە بە ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوت بە بەغدا. حیزبی باڵادەستی هەرێم زەرەرمەند دەبێت لەهەر جۆرە ڕێکەوتنێک، چونکە ئێستا دۆسیەی نەوت و دارایی بە ڕەهایی لایە و لە حاڵەتی ڕێککەوتن دا، دۆخەکە بە جۆرێکی تر دەشکێتەوە.
دانەوەی قەرزی کەڵەکە بووی کۆمپانیاکان و ئەوەی هەرێم بۆ ڕيککەوتن داوایدەکات، بۆ بەغدا قورسە، هەرچەندە دۆخی دارایی عێراق ئێستا لە هەموو کات باشترە، بۆیە لەبەر ئەم هۆکارانە و زۆر هۆکاری تریش، ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا ئەستەم نییە، بەڵام زۆر قورسە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی دڵشاد ئهنوهر