دڵشاد ئه‌نوه‌ر 11/06/2023 490 جار خوێنراوەتەوە

پارێزگای ناڕازى!

دوای پەسەند کردنی ئەو بڕگەیەی نێو پرۆژە یاسای بودجە کە ماف دەداتە هەر پارێزگایەکی هەرێم راستەوخۆ داوای شایستە داراییەکانی لە حکومەتی عێراق بکات، گەر هەستی بە نادادی کرد، کێشمەکێشێکی قوڵ لە نێوان یەکێتی و پارتی دروستبووە.

پارتی یەکێتی بە خیانەتی نیشتمانی، یەکێتیش پەسەند کردنی بڕگەکە بە ڕزگاربوون لە نادادی و ستەم کردن لە سلێمابی ليکدەداتەوە.

گەر خوێندنەوەیەکی ورد بۆ بڕگەی ” پارێزگای ناڕازی” بکەین، لەدەرەوەی کێشمە کێشی نێوان یەکێتی و پارتی، ڕاستی مەسەلەکە جیاوازترە لەو کێشمەکيشەی لە ئارادایە، لە خوارەوە دێمە سەری.

مافدان بە سلێمانی بۆ ڕاستەوخۆ بودجە وەرگرتن لە عێراق گرێدراو نییە بە قەوارەی دەستوری هەرێمەوە، چونکە قەوارەی هەرێم لە دەستوردا چەسپێنراوە و یاسایەک کە بۆ سێ ساڵ پەسەند کراوە جێی دەستور ناگرێتەوە.

گەر لەو ڕوانگەشەوە لە بڕگەی “ پارێزگای ناڕازی” بڕوانین کە دەبێتە هۆی لەتکردنی هەرێم، هەرێم ئێستا خۆی دوو لەتە، لەو دیوی دێگەڵەوە پارتی و لەمدیویش یەکێتی حوکمی دەکات، ئەمە ڕاستییەکەو خودی پارتی و یەکێتیش نکۆڵی لێ ناکەن.

پاشان ناوەڕۆکی مادەکە گریمانەی تێدایە، دەڵێ؛ گەر هەر پارێزگایەکی هەرێم هەستی بە نادادی کرد، دەتوانێت راستەوخۆ داوای شایستە داراییەکانی لە عێراق بکات.

واتە لە ئێستادا بودجەی هەرێم لەتنەکراوەو بودجەی هەرێم پێکەوە دێت، جیا کردنەوەی پشکی سلێمانی بۆ حاڵەتێکە کە هەستی بە ناعەدالەتی کرد.

تيناگەم! گەر حکومەتی هەرێم دڵنیایە لە دابەشکردنی بودجە بە عەدالەت بەسەر ناوچەکاندا، ئەمە کەی گرفتە؟

گەر بودجە بە عەدالەت دابەشکرا، بیانوو بەدەست هیچ پارێزگایەکەوە نامێنێت داوای ماڵجیایی لە بودجەدا بکات، یاخود گەر پشکی هەرێم بە عەدالەت دابەشکرایە سەر پارێزگاکاندا، دۆخەکە وەکو ئەوە وایە ئەم بڕگە یاساییە هەر بوونی نەبێت، ئیتر ئەمە کەی گرفتە؟

خۆی ئەسڵی شەڕو ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر بڕگەی پارێزگای ناڕازی، پەیوەندی بەهەرێم و قەوارەوە نییە، مەخسەدەکە شتی ترە. ئەبێ ئەسڵی مەخسەد چی بێ؟

ڕوونە، هەر لایەنێکی سیاسی بودجەی لابێت، ئەو لایەنە لە ڕووی باڵانسی هێزەوە بەهێزتر دەبێت لەویتر، یەکێتی پێیوایە لە ڕابردوودا بودجە لای پارتی بووە، ئەمە وایکردووە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خۆیی پێ بەهێز و ئەمی پێ لاواز بکات.

پارتیش پێیوایە گەر باڵادەست نەبێت بەسەر بودجەدا، ناتوانێت هاوشێوەی جاران قۆڵی لایەنەکان با بدات، چونکە سەربەخۆبوونی دارایی هەر هێز و ناوچەیەک، بەواتای دەرچوون دێت لە ژێر هەژموونی هێز و ناوچەکەی تر.

واتە ئەو کێشمەکێشەی لە ئارادایە گرێدراوە بە داهاتووی ململانێی نێوان ئەم دوو هێزەوەو ترسە لەلاربوون یاخود دروستبوونی پارسەنگی هێز نەک هیچی تر.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی دڵشاد ئه‌نوه‌ر

سەرەتا