دڵشاد ئه‌نوه‌ر 17/01/2024 178 جار خوێنراوەتەوە

هەولێر بۆ؟

دوێنێ لە وتارێکی کورت دا، ئاماژەم بەوەکرد بە ئامانج کردنی هەولێر و هاویشتنی پێنج موشەکی بالیستی بۆ ماڵی سەرمایەدارێک زیاتر پەیامە وەک لە گورز وەشاندن، ئەگینا گەر ئەو ماڵە ئامانج بێت یەک موشەکی بالیستی بەسەو پێویستی بە پێنج نەدەکرد، ئەمڕۆش بی بی سی لە شیکردنەوەی دیوی پشت بۆردومانەکەی هەولێردا هەمان ڕای ئاماژەپێکرد..

موشەکەکان و دواتر بەفەرمی بەرپرسیارێتی ڕاگەیاندنەکەی ئێران دڵنیایی کردینەوە لەوەی پەیامە، گەرنا ئێران دەیتوانی لە ڕێگەی هێزە نزیکەکانییەوە لە عێراق ئەوکارە بکات، بەڵام کاتێک خۆی هاتە گۆڕەپانەکەوە دەیەوێت پەیامەکەی باش بگات. خۆ گەر خۆی نەکردایەتە خاوەنی پەیامەکە قورسایی ئێستای نەدەبوو.هەروەکچۆن بەئامانج کردنی بنکەی هێزە ئیسلامییەکان لەناو دەوڵەتێکی زلهێزی وەکو پاکستان دیسانەوە پیشاندانی هێز و گەیاندنی پەیامبوو.

ئێران ئەو پەیامەی گەیاند کە خاوەنی موشەکی دوور مەوداو پێشکەوتوو و وردپێکەرە، بۆیە گەر بیر لەدەست بۆ بردنی بکرێتەوە لە دوای حوسییەکان و گروپەکانی نزیک لێی، ئەوا توانای تێکدانی ئارامی ناوچەکەی هەیە.

ئەمە ی سەرەوە ئاماژەم پێکرد وێنە گشتییەکەیە، بەڵام لە بن وێنە گشتییەکەوە هۆکاری تریش هەن، ئێران هەمیشە بەگومانەو پێیوایە لە ڕێگەی وڵاتانی دەوروبەرییەوە هەمیشە پلان لە دژی دەگێڕدرێ. پێیوایە هەمیشە هەوڵی گەشتنە ناو وڵاتەکەی و تێکدان و وروژاندنی ناوەوەی لە دژ دەدرێ، چونکە ئێران باش لە دۆخی وڵاتەکەی تێگەشتووە، گەر بشڵەژێ کۆنترۆڵکردنی ئاسان نییە، تەقینەوەکەی ئەمدواییەی کرمانی زۆر بە پەیامێکی جدی و مەترسیدار وەرگرتووە.

لە نێو وڵاتانی دەوروبەردا، ئێران زۆر گومانی لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان و هەولێری پایتەختی هەرێم هەیە، هەمیشە بە گومانەوە لێیان دەڕوانێت.لە مانگی ١٢ ی ساڵی ڕابردوو، ئێران پەیامی بۆ هەولێر ناردووە.

گومانەکانی ئێران دروست بن یان نادروست، یاخود موشەکەکان لەسەر بنەمای زانیاری هەڵەبن، کە ڕەنگە خەڵکانێکیش هەبن لەم نێوەندەدا ڕۆڵی خراپ بگێڕن، بەڵام پێویستە ئەوە بزانین پێش بۆردومانەکەی ماڵی سەرمایەدارەکەی هەولێر، بۆردومانی پیرمام و نزیک شوێنی مانەوەی بارزانی کرا.

پەیامی پشت بۆردومانی پیرمام و نزیک شوێنی مانەوەی بارزانی قوڵتربوو، بەڵام خۆی ئەوەی نەکردو بە هێزە نزیکەکانی سپارد، بۆیە ئەو هێرشە هاوشێوەی ئەمەی دوایی دەنگدانەوەو ليکەوتەی نەبوو کە ئێران خۆی پێیهەستا.

لەکاتێکدا ئێران بەردەوام هەولێر بە هەبوونی بنکەی نهێنی هێزی دەرەکی تۆمەتبار دەکات و بەرپرسانی حکومەتیش ڕەتیدەکەنەوە، خۆ دەبوو حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئێراندا گفتووگۆی کردبا، بۆی ڕوونبکاتەوە گومانەکانت هەڵەو لەسەر بنەمای زانیاری نادروستن.
ئەمە ڕێگە دروستەکەیە بۆ دوورخستنەوەی مەترسی و ليکەوتەکانی شەڕی غەزە لەسەر هەرێم. هەرچەندە وەک زانیارییەکان ئاماژەشی پێدەکەن گرفتی متمانە لە نێوان ئێران و پارتی دا هەیە، بەڵام سەرباری ئەمەش هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی مەترسی شەڕ لەسەر هەرێم ڕێگە تەنها ڕێگەیە.

هێرشەکان هەرچۆن بن و بەهەر بیانوویەکەوە بن، ژن و منداڵی دوور لە سیاسەت ناکرێت باجی ململانێ گەورەکان بن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی دڵشاد ئه‌نوه‌ر

سەرەتا