دڵشاد ئه‌نوه‌ر 16/04/2021 688 جار خوێنراوەتەوە

!موشەک بارانکردنی هەولێرو دۆخی ئاڵۆزی عێراق

لە هەر لایەکەوە لە دۆخی عێراق دەڕوانیت ئاڵۆزە، تا لە هەڵبژاردنیش نزیک بینەوە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت، بەڵام داهاتووی عێراق پەیوەستە بە ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتووەوە.
هەولێر دوێنێ شەو بە درۆن لێیدرا، میدیا بێ ئاگایە، ئەگینا دوو سێ جاری تریش هەوڵی لێدانی هەولێر هەبووە بە درۆن، بەڵام هەوڵەکانی پێشوو شکستیان پێ هێنرا.
بۆ هەولێر؟
ئەوەی ڕوو دەدا ڕێک سیناریۆی یەمەنە، ڕێک سیناریۆی حوسیەکانە، ئەمەریکا گەر لە عێراق بکشێتەوە هەولێر دەبێتە پێگەی، شیعەکان لە ئێستاوە پەیام دەنێرن، گەر بیشچنە هەولێر سەلامەت نابن و دەستمان دەگات.

شیعەکان چیان دەوێ؟
فشاری شیعەکان فشاری ئێرانە، دەیانەوێ ئەمەریکا ناچار بکەن لە ناوچەکەدا بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، ئەمەریکاش لەسەردەمی ترەمپ دا و لە فشارەکانی بۆ سەر ئێران، کۆمەڵێک دەستکەوتی بەدەست هێناوە، نایەوێ بگەڕێتەوە دواوە.
ئێرانیش نایەوێ بگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو، ڕێککەوتنی تازەی دەوێ، چونکە لە پیتاندنی یۆرانیۆم چووەتە پێشەوە، بەڵام ئێران لەبەر ڕوسیاو ئیسرائیل ڕەنگە ئامادە بێ لە سوریا پاشەکشە بکات، بەڵام ئامادە نیە لە عێراق و لوبنان و یەمەن بڕواتە دواوە.
ئەوروپیەکان ڕۆڵی ناوبژیوان دەگێڕن، بەڵام ئیسرائیل هەوڵەکانی بۆ بردنی دۆخەکەیە بە ئاقاری توندتر بەرامبەر بە ئێران.

پرسیار؟
ئەی بۆ دراوە لە بنکەی تورکیا لە عێراق؟
چەند نێوان تورکیا و ئەمەریکا خراپ بێت، دواجار هێزە شیعیەکان ئەو دوو وڵاتە وەکو هاوپەیمانی دوور مەودا سەیر دەکەن، وا دەبینن لە داهاتوودا ئەمەریکا سود لەو بنکانە وەردەگرێت، بۆیە لە ئێستاوە دژی دەجوڵێن.
ئەم هەموو ئەجێندا دەرەکیە دۆخی عێراقی ئاڵۆز کردووە، تا لە هەڵبژاردنیش نزیک دەبینەوە دۆخەکە پڕ لە کێشمەکێش ترو ئاڵۆزتر دەبێت، بەتایبەت سەدر بە نیازی دەست گرتنە بەسەر عێراقدا لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، لایەنە شیعەکانی لایەنگری ئێرانیش نایانەوێ هەڵبژاردن دەسەڵاتیان لێ وەربگرێ، هەندێ لایەنی تریش بە نیازی گۆرانکارین.

وەلحاڵ، گەر لایەنە شیعەکان بزانن هەڵبژاردن دەسەڵاتیان لێ وەردەگرێ، بەهیچ شێوەیەک قەبوڵی ناکەن و هەنگاوی مەترسیدار دەگرنە بەر.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی دڵشاد ئه‌نوه‌ر

سەرەتا