دڵشاد ئهنوهر
20/12/2019
681 جار خوێنراوەتەوە
فەتوا نوێیەکەی سستانی، دۆخی عێراق بۆ کوێ دەبات؟
دڵشاد ئهنوهر
ئەمڕۆ هەینی، نوێنەری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، بێ پێچ و پەنا، داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت و خۆ ئامادەکردنی نوخبەی ڕۆشنبیری عێراق بۆ هاتنە گۆڕەپانی سیاسی و هەڵبــژاردنی فەردی کرد.
فەتواکەی ئەمڕۆی سستانی، زەربەیەکی گەورەبوو لە حیزبە شیعیەکان، کە لەدوور مەودادا کاریگەری لەسەر هەرێمیش دەبێت، هەروەک پشتگیریەکی گەورەی خۆپیشاندەرانیش بوو، زۆربەی لایەنە شیعیەکان دژی هەڵبژاردنی پێشوەختن، چونکە لەگەڵ جەماوەری دەنگدەری عێراقدا تێک ئاڵاون، دەستیان سورە بەخوێنی سەدان خۆپیشاندەر، بۆیە هەڵبژاردنی پێشوەخت، یەکسانە بە وەلانانی لایەنە شیعیەکان و هێنانە پێشەوەی جیلی نوێ، هەرچی حیزبە شیعیەکانە، لەنموونەی خز عەلی و ئەوانیتر، دژی هەڵبژاردنی پێشوەختن و هۆشداری هەڵایسانی جەنگی ناوخۆیی دەدەن، بۆیە لەمەودوا دۆخی عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێ و پڕ لە کێشمەکێشترەوە.
حیزبی خاوەن میلیشیا، لە کۆتایی هاتنی تەمەنی دەترسێت، لە وەدەرنانی لە گۆڕەپانی سیاسی و نەمانی چەک لەدەستی دەتۆقێت، لە هەڵبـژاردنی پێشوەخت و نەزیهو شکستهێنانی جەماوەری دەترسێت، لە هەڵبژاردنی فەردی و لاوازبوونی ڕۆڵی حیزب و خۆ کاندیدکردنی کەسایەتی و ڕۆشنبیر دەترسێت!
لەهەمووشی تۆقێنەرتر بۆ حیزبی خاوەن میلیشیا، گەر فەتواکەی سیستانی جێبەجێ ببێت، هەموو ئەو ئیجرائات و ڕێوشوێنانە لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆک وەزیرانێک دەکرێ، کە شەقام پێی ڕازی بێت نەک بژاردەی لایەن بێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا لایەنە خاوەن چەکدارەکان بەمە ڕازی دەبن؟ ئایا دەوەستن بە دیار مەرگی خۆیانەوە؟ بێگومان رووداوەکانی ڕۆژانی داهاتوو، زۆر هەستیار دەبن و داهاتووی عێراقیان لێوە دەبینرێت.
ئەو بەشەشی کە ئاماژەم پێداوە، دۆخی عێراق کاریگەری لەسەر هەرێم دەبێت لەوێوەیە، یاسای نوێی هەڵبژاردن خواستی حیزبی کوردی لەسەر نیەو مایەی مەترسیە بۆ پێگەی.
نوخبەی سیاسی عێراق گەر لە گۆڕەپانەکە ئاوت بکرێن، کە لەگەڵ هەرێمدا فێری یاری لەگەڵ یەکترن و رێککەوتن و ئاڵۆزکردنن، نەوەیەکی تر بێت، دەسەڵاتی هەرێم ناتوانێت وەکو ئێستا یاریان لەگەڵ بکات، نەوەیەک دێت لە ژێر کاریگەری شەقام و دوور لە کاریگەری ئیقلیمی و شەخسی دەبێ، کە بێگومان مامەڵە لەگەڵ کردنی قورسترە.
دڵشاد ئەنوەر
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی دڵشاد ئهنوهر