دڵشاد ئهنوهر
25/08/2019
800 جار خوێنراوەتەوە
بهزمی پله
تەقریب ساڵی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ دەنگۆیەک دروست بوو، گوایە حکومەتی عێراق هێزی سەربازی بۆ
گەنجانی کورد دروست دەکات، عادەتەن ئەم دەنگۆیانە لەلایەن خەڵکانی قۆڵبرەوە
دەقۆزرێنەوە، ئەوەبوو ئەوکاتیش ئەو دەنگۆیە قۆزرایەوە و چەند کەسێک هەستان بە
ناونوسکردنی گەنجان، هەر کەسێکیش ناونوس کرابا، ١٠٠ دۆلاری لێ وەرگیرابوو.
وەلحاسڵ ناوێ زۆر نوسرابوو ١٠٠ دۆلاریە زۆریش وەرگیرابوو، جا خۆشیەکەی ئەوەبوو،
زۆربەی ئەوانەی ناویان نوسرابوو، وەعدیان پێدرابوو بکرێنە راید و نەقیب، بەشێوەیەک
لە هەر سەد کەسێکدا کە ناویان نوسرابوو، جوندی و موفەوەزی تیا نەبوو، هەمووی راید
و نەقیب بوون.
رەسم و موستەمسەکاتیان لێ وەرگیرابوو، دەڕۆیشتن بە کۆمپیوتەری هەویەیان بۆ دروست
دەکردن، داڵێک یان سێ نەجمەیان دەخستە سەر شانیان و خێرا هەویەکەیان بۆ دەهێنانەوە.
جا نوکتەکە لەوێدابوو، هەموو ئەوانەشی کرابوونە پلەدار، لای خۆیانەوە کەشێکی نەفسی
وایان بۆ خۆیان خوڵقاندبوو، خەیاڵیان چووبوو بۆ لای سەیارە و حیمایە، هەویەکانیان
دەخستە بەر گیرفانیان و نوکەکەیان دەردەکرد، تا خەڵک بیبینێ.
رۆژێک، دوانیان رۆیشتبوون بۆ سلێمانی، برادەر بوون، یەکیان نەقیب و ئەویتریان
راید، رایدەکە بە نەقیبەکەی وتبوو: دابەزە ئاو بێنە.
نەقیبەکە وتبووی: معقول نیە، بە سێ نەجمەوە ئاو بێنم ، وەڵاهی دانابەزم.
رایدەکە وتبووی: ناپیاو دابەزە، من نەجمەیەکم لە تۆ زیاترە.
ئەوەبوو هێزە ئەمنیەکان بە کڵاوات و مەسەلەکەیان زانیبوو، کەوتبوونە ڕاوەدوونان و
دەستگیرکردنی نەقیب و راید، لەو نێوەندەدا، نەقیب و رایدە تەزویرەکە دیسانەوە
رۆیشتبوونەوە بۆ سلێمانی، رایدەکە زانیبووی شتەکە کڵاوات دەرچووە، هەویەی
فرێدابوو، بەڵام نەقیبەکە نەیزانیبوو، هەویەکە هەر لە گیرفانیدابوو.
لە بازگە، داوای هویە لە نەقیب کرابوو، ئەویش بە
پۆزێکەوە ، ناسنامەی پیشاندابوو، چەند مەترێک دوور کەوتبوونەوە، کابرای راید
وتبووی: ئیمامەکە زوو هەویەکە فرێدە، مەسەلەکە کڵاوات دەرچووە، بةخوا لەم
بازگەشەوە نایەمەوە، ئەمانگرن.
- هەر لەو ماوەیەدا، دراوسێیەکمان بوو، داماوێکی جەستە ماندوو، ئیش نەمابوو نەیکات،
رۆژێکی هاوین لە دوکانێکی سەر جادەی لیوای کەلار دانیشتبووم، بینیم, دراوسێکەمان
سێ نەجمە لەسەر شانیەتی و چووە سەر جادەکە و سواری جیبێک بووو، ئەوکات جیب بۆ
نەفەرات بەکار دەهێنرا، سەرم سورما، ئەم لە کوێ و نەجمە لەکوێ؟
دوای چەند رۆژێک بینیومەوە، فەقیرە وەکو جاری جاران عەرەبانە پاڵ دەنێ، تمەز
نەجمەکەی ئەمیش لەوەی راید و نەقیبەکە بووە!
لەچەند ساڵی رابردوودا، دیسانەوە گەنج ناونوسکرا بۆ هێزێکی عێراقی و هەم
دەرئەنجامەکەی، دەرئەنجامی ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧ بوو.
ئێستاش هەم مقۆ مقۆیە تر پەیدا بووەتەوە، وابزانم
خەڵکیشی لەسەر گیراوە.
بۆیە گەر وەک کابرا:
کورێک خۆی کردبووە کچ لێی و مانگێ دڵداری لەگەڵ کردبوو، دواتر زانیبووی کوڕە،
وتبووی: سپاس ، مانگێک دڵت خۆشکردم.
بۆیە، هەرکەس حەزی لە نەقیبی و رایدی کاتیە بۆ خۆ دڵخۆشکردن شتێ ترە، بە
پێچەوانەوە وریابن و فریو نەدرێن.Top of Form
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی دڵشاد ئهنوهر