دڵشاد ئه‌نوه‌ر 23/07/2022 224 جار خوێنراوەتەوە

تۆمارە دەنگییەکانی مالیکی و ئاماژەکانی پشتەوەی

هەرچەندە بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکانی نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا لەناوخۆی عێراق مشومڕی دروستکردووە، بەڵام پێویستە لەوە تێبگەین هیچ لایەنێک چی لە عێراق و چی لە هەرێم متمانەی بەیەک نیە، سەرجەمیان ئەو قسانەی لە تۆمارە دەنگییەکەدا بڵاوبووەتەوە، لە پشت پەردە بەرامبەر یەکتری دەیکەن.

بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکە لە کاتيکدابوو مالیکی پێداگیری لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران دەکرد، لەناوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگیش نیگەرانی و ناڕەزایەتی هەبوو، لەهەمانکاتیشدا ناکۆکی لە نێوان مالیکی و بەرەی سەدردا بوو، کە ئەم بەرەیە بە نزیکایەتی ئیمارات و وڵاتانی نەیاری ئێران تۆمەتبار دەکرێن.

بۆیە دوو گومان بۆ هۆکاری بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکان لە ئارادایە، گومانی یەکەم، لایەنە ڕکابەرەکانی مالیکی لە نێو چوارچێوەی هەمانگی، سەرباری ئەوەی هاوپەیمانی مالیکین، بەڵام نایانەوێت جارێکی تر دەسەڵات بگرێتەوە دەست، چونکە تێگەیشتوون لەوەی مالیکی گەر بەهێز ببێت، حساب بۆ ئەوانیش ناکات، بۆیە ویستیان لەم ڕێگەیەوە کارتەکەی بسوتێنن.

گومانی دووەم، دزە کردنی دەزگا هەواڵگیرییەکانی کەنداوە بۆ نێوچوارچێوەی هەماهەنگی، دوای کشانەوەی سەدر و هەوڵەکانی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت، ویستیان یارییەکە لەوانیش تێکبدەن.
بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکان و قسەکانی مالیکی، ئەو بۆچوونەی سەلماند، گەر مالیکی دەسەڵات بگرێتەوە دەست تەنها مەترسی نییە لەسەر سەدر و نەیارەکانی لەدەرەوەی ئیجماعی شیعی، بەڵکو مەترسییە لەسەر لایەنە هاوپەیمانەکانیشی لەناو ئیجماعی شیعی، چونکە بەڕاست و چەپدا هێرشی کردووەتە سەر هەمووان و بەر لایەنەی بەشتێک تۆمەتبار کردووە.

لەسەردەمی دەسەڵاتی مالیکی دا، ناکۆکی نێوان شیعەوسونە، هەرێم و حکومەتی عێراق گەیشتە ترۆپک، هەر ڕۆژەو سەرکردەیەکی سونە تۆمەتی بۆ دادەتاشراو دەستگیردەکرا یاخود وڵاتی پێ جێدەهێڵرا، ناکۆکی نێوانی لەگەڵ سەدر لە لوتکەدابوو، بۆیە دواجار دۆخی عێراق بەو شێوەیە ئاڵۆزبوو، داعش هێنرا، وڵات تەدمیرکرا، مالیکیش لابرا.
قسەکانی مالیکی لە تۆمارە دەنگییەکەدا دەریخست، ئەم پیاوە چەند دەسەڵاتخوازە، چەندەش مەترسیدارە گەر دەسەڵاتی لابێت، دەرخەری ئەوەش بوو هێشتا پەندی لە ڕابردوو وەرنەگرتووە، کە هەڵەکانی ڕابردووی، هێنانی داعش و داگرتنی لەسەر کورسی دەسەڵات لێکەوتەوە.
بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکانی، هیچ متمانەیەکی لای هاوپەیمانەکانیشی نەهێشت، با ئێستاش قسە نەکەن، ناکۆکی نێوانی لەگەڵ سەدر قوڵتر کردەوە، کورد و سونەشی بەئاگاتر هێنایەوە گەرچی ئەم دووانە بەدوای بەرژەوەندییەوەن، بەڵام قسە لەسەر ئەوەیە، ئایا بەیەکجاری کارتی مالیکی سوتا؟
بێگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە قورسە، چونکە سەرباری زیان لێکەوتنی، مالیکی هێشتا ژمارەیەکی قورسی نێو شیعەکانە، بۆیە مەسەلەکە ڕوون نییە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی دڵشاد ئه‌نوه‌ر

سەرەتا