عه‌بدولستار مه‌جید 20/08/2019 690 جار خوێنراوەتەوە

کۆمەڵگەی ئێمە کەوتۆتە چ زەلکاوێکەوە!

تا دێت حاڵەتەکانی کوشتن لە هەرێمی کوردستان زیاتر و دیاردەی خەتەرناکتریش سەرهەڵدەدات>

تەشەنە سەندنی هەر دیاردەیەکی نامۆ و هەر جۆرە تاوانێک لە کۆمەڵگەدا، پاڵنەر و فاکتەری خۆی هەیە کە ژینگەی ئەو دیاردە نامۆیانە و ئەو تاوانە جۆراوجۆرانە دەڕەخسێنێت . ئەوەی پەیوەندی بە کۆمەڵگەی ئێمەوە هەیە چەند هۆکارێک هەیە :

یەکەم: بەرپرسی یەکەم و کۆتایی لە تەشەنە سەندنی ئەو تاوانانە، حکومەتی هەرێمی کوردستانە . لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا حکومەت لەبری ئەوەی ئامرازی خزمەتکردنی خەڵک بێت، بۆتە هۆی دەوڵەمەندکردنی کەمینەیەکی گیرفانزلی تێرنەخۆر. کە ئەمەش ڕوویدا، زۆرینەی کۆمەڵگە هەست بە ستەم دەکات و دیاردەکانی بێکاری و بەتاڵە زۆر دەبێت کە سەردەکێشێ بۆ ئەنجامدانی تاوان لە پێناو دەستخستنی بڕێک پارە .

دووەم: مناڵ و گەنج کە سەرمایەکی مرۆیی و گەورەترین و بەنرخترین گەنجینەن، لە سیاسەت و ستراتیژ و یاساکانی هەرێمی کوردستاندا هیچ بایەخێکیان نیە، بۆیە گەنج هیچ خەون و دواڕۆژێکی خۆی لە دەسەڵاتێکی سیاسیی وادا نابینێتەوە !

سێهەم: پەروەردە لە وڵاتی ئێمەدا بوونی نیە، ئەوەی هەیە تەنها فێرکردن و خوێندن و تەواوکردنی چەند پرۆگرامێکی خوێندنە ئەویش لە پێناو بەدەستهێنانی پارچە کاغەزێک کە پێیدەوترێت (بڕوانامە). لە هەر وڵاتێکدا پەروەردە پێش فێرکردن نەخرا، نەوەیەک دروست دەبێت کە نە فێر دەبێت، نە سڵ لە هیچ تاوانێک دەکاتەوە!

چوارەم: دەیان کەناڵی تەلەفزیۆنی هەن، دەبێ ئیتر بە دەنگی بەرز بڵێین ئەوانە پەروەردە و ئەخلاقی کۆمەڵگەیان تێکداوە، لە ڕێی چەندین بەرنامە و فیلم و دراماوە، کار لەسەر تێکدانی ڕەوشتی کۆمەڵگە و بەتایبەتیش گەنجان دەکەن، ئەوەش نەتیجەکەیەتی کە هەمووان دەیبینین چەند بە ئازارە !

کوشتنی مێردمناڵێک بەدەستی مێردمناڵێکی دیکەی ١٨ ساڵ، دەبێ هەموو دانەزراوە سیاسیی و یاساییەکانی هەرێم بەئاگا بهێنێتەوە، دەبێ ئیتر هەمووان ڕێگە بگرین لەو زەلکاوەی کە بۆ کۆمەڵگە گیراوەتەوە و ئاگامان لێ نەبێ مناڵ و نەوەی هەموومان تیایدا دەخنکێندرێت !

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عه‌بدولستار مه‌جید

سەرەتا