عهبدولستار مهجید
24/11/2021
412 جار خوێنراوەتەوە
پێشنیازێک بۆ چارەسەری کێشەی قوتابیان
بەرلە هەر شتێک با ئەوە لای هەموان ڕوون بێت کە داهاتی هەرێم ئێجگار زۆرە، ئێمە گرفتی کەمی داهاتمان نیە، بەڵکو کێشەی زۆری گەندەڵیمان هەیە !
جا با دوو پێشنیازی دڵسۆزانە بخەمەڕوو، هەرچەندە دڵنیام ئەم دەسەڵاتە گوێ بۆ قسەی دروست و دڵسۆزانە ناگرێت بەڵام وەک خوای پەروەردگار دەفەرموێت (لِمَ تَعِظُونَ قَوْمًا ۙ ٱللَّهُ مُهْلِكُهُمْ أَوْ مُعَذِّبُهُمْ عَذَابًا شَدِيدًا ۖ قَالُواْ مَعْذِرَةً إِلَىٰ رَبِّكُمْ وَلَعَلَّهُمْ يَتَّقُونَ)
یەکەم: پارتی و یەکێتی بە هەردووکیان سەروی پەنجا هەزار بندیواریان هەیە، بەپێی یاسای چاکسازییەکەی خۆیان دەبوو موچەی ئەو دەیان هەزار بندیوارە ببڕدرایە، بەڵام دەستیان بۆ یەک بندیواریش نەبردووە !
ئەگەر ڕاستگۆن و داهاتتان کەمە دە ئەو بندیوارانە ببڕن و کێشەی دەرماڵەی قوتابیان و چاودێری کۆمەڵایەتی پێ چارەسەر بکەن .
ئاخر مەعقول نیە ئیدیعای قەیرانی دارایی و کەمی داهات بکەیت، بەڵام دەست نەبەیت بۆ بڕینی موچەی حەرامی هەزاران بندیواری خۆتان !
دووەم: ئێستا خاوەنی لەشکرێک "پەرلەمانتار، وەزیر، ڕاوێژکار، پلە تایبەت"ـین لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکە کە موچەکانیان لە چوار ملیۆنەوە دەست پێدەکات تا بیست و پێنج ملیۆن دینار جگە لە نەسریەکانیان کە زۆر لەوە زیاترە .
وەرن موچەی ئەمانە بۆ نیوە کەمبکەنەوە بە هەمیشەیی و بە فەرمیی . ئێ ئێوە کە دەڵێن داهات نیە، ئەی ئەو هەزاران ڕاوێژکار و وەزیر و پلە تایبەتە چیە کردوتانە بە بار بەسەر خەڵکەوە .
بەم دوو ڕێگایە هەم پاساوی کەمی داهاتت نامێنێت "کە ئێمە هەر باوەڕمان بەو قسەیە نیە"، هەم دەبێتە سەنگی مەحەکیشتان بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی .
هیوادارم ئەم دەسەڵاتە ئەگەر بۆ جارێکیش بێت لە لوتکەی غرور بێتە خوارەوە و گوێ بۆ قسە و پێشنیازی دڵسۆزانە بگرێت، ئەگەرنا کەوتنە خوارەوە لە بەرزیەوە ئازاری گەلێک بەسوێیە دیار نیە هەڵدەستیتەوە یان نا !
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عهبدولستار مهجید