عهبدولستار مهجید
07/03/2023
210 جار خوێنراوەتەوە
عەلی عەونی و هێزەکەی لە کوێ بوون؟
لە ساڵی 1986وە تا راپەرین بە شاهیدی هەموو ئەو هێزانەی لە شاخ بوون ئێمە پێشمەرگەیەكی دڵسوز و دانەبڕاو بووین بەشدار بووین لە یەكەم ساتی راپەرینەوە بەڵام عەلی عەونی و هێزەکەیمان نەبینی لە كاتی راپەڕین لە ناوچە ئازاد كراوەكان وەكوو سماقوڵی و مەلەكان و دؤڵی خۆشناوەتی و جافایەتی.
خۆ ئەگەر بونیشیان هەبووبێت ئەوا وەكو بنكەیەكی بچوك بووە گەرنا رۆڵیان وەكوو هێزی پێشمەرگە بەرچاو نەكەوتوون !
نازانم لە شەڕی بەنەباوی لە ساڵی 1987 لە كوێ بوون كە ئەوان باسی دەكەن بەشدار بوون، با پێمان بڵێن بزانین هێزەكانیان لەكوێ بوون؟
كە حكومەتی بەعس هەر چی جاش و جەیش هەبوو هێنایەوە سەر هێزی پێشمەرگە لە دۆڵی سماقوڵی، ئەی لە شەڕی دەرەشیری 1988 كە خۆم پێشمەرگە بووم و لەوێ بووم هەرچی جاش و جەیشی بەعس بوو هێنرایە بۆ مەلەكان و بۆ شیرێ و دەرە شیر كێ لەوێ شەڕی كرد، با هێزەكانی یەكێتی نیشتمانی بڵێن كێ لەوێ شەڕی دژی بەعس كرد؟
ئەی باشە شەڕی قەڵاتوكان لە 1988 كە حكومەت هێرشیكی بەرفراوانی كرد بۆ كۆنترۆڵی بناری قەندیل، بۆ مەگەر مامۆستا عەلی باپیر و هێزی حەمزە نەبوون بەرگریان كرد و چەند شەهید و برینداریان بەخشی؟
ئادەی با بێ زەحمەت بەو برادەرە بڵێن ئەوان لەكوێ بوون؟
لە پێش راپەرین ئیمە چەند مەفرەزەیەكی پارتیزانمان هەبوو، بەراستی با بزانین ئەو برادەرانە چەند مەفرەزەی پارتیزانیان هەبووە و بۆ كوێ رۆشتوون؟
لە ساڵی 1987 و 1988 كە خۆم بەشداربووم تێدا چەند جار بۆ ناو شاری هەولێر دابەزین بۆ چالاكی و چەند چالاكیەكی باشیشمان كردوە كەچی بە ئیمە دەڵێن دژی بەعس نەبووین!
لە راپەرین لە دۆڵی قاسمە رەش هێزەكانی یەكیتی شاهیدن كە ئەو كاتەی كاك حەسن كوێستانی و كاك نەوشیروان موستەفا و خەڵكی دیکەیان لەوێ بوون، بزانن ئیمە هێزمان هەبووە یان نا؟
ئەو جەماوەرەی كە لە رانیە راپەڕی و دوای راپەرین لیژنەیەكیش پێكهات زۆرینەی ئەو خەڵكە هی كێ بووە و كێ بەشدار راپەرینی كردووە؟
لە راپەرین كە ئیمە هاتین لە دۆڵی قاسمە رەشەوە هاتینە خوارەوە هەنگاو بە هەنگاو لە 5ی 3 و 7 ی 3 لە قەمتەران و هەیبە سۆڵتان و دێگەڵە و مەفرەقی كۆیە و تەق تەق و مەفرەقی گۆمەسپان شەڕ بوو هەتا هاتینە هەورازە نەفتە و بەردەباز و كەسنەزان و نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر ومونەزەمەی شیمالی و مەعسكەری رەشكین هەموو شەڕ كرا و روو بە كەركوك رۆشتین، با بزانین یەك مەفرەزەی ئەو برادەرانە لەكوێ بوون؟
من خۆم شاهیدم یەك پێشمەرگەشیان لەوێ نەبوو!
ئێمە باسی دوژمنایەتی و ڕقی بەعس دژی مامۆستا عەلی باپیر ناكەین كە چۆن لە خوێندن رایكردووە و لە كوردستانیش جێگەی نەدەبوویەوە و بریاری لە سێدارەدان و گرتنی بۆ دەرچووە، ئەوە تەنانەت براكەی بە هۆی دەس تێكەڵ كردن لە گەڵ بەعس فەرمانی كوشتنی لەسەر درا و مامۆستاش پێی رازی بووە.
بۆ مەگەر ئەو برادەرانە چەندنجار دەستیان لەگەڵ بەعس تێكەڵ كردوە نەك براكانیان، ئەوانەی كە بوونەتە جاسوسی بەعس و بەعسیان هینایە سەر خەڵك و ئێستا هەندێكیان پۆستی گەورە و بەرزیان هەیە لە هەرێمی كوردستان و پێشمەرگەیان شەهید كردووە و گوندیان سوتاندووە و تاڵانی خەڵیان كردووە ، كەچی ئێستا هاتوون ئەوەمان پێ دەفرۆشتنەوە كە ئێمە دژی بەعس نەبووین؟
بۆ مەگەر كێ خائین بووە بەرامبەر خاك و خەڵكەكەی؟
ئەوە ئێمەین کە داکۆکی لە بوونی حوکمی ڕەشید و دامەزراوەی بەهێز و یاسایی دەکەین، ئەوە ئێوەن هەموو شتێکتان کردوەتە کارتۆنی !
ئێمە دژی هەبونی حکومەت و پەرلەمان نین، ئێمە دژی ئەو دزی و گەندەڵیی و چەتەییەین کە بەناوی حکومەتەوە دەیکەن!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عهبدولستار مهجید