عهبدولستار مهجید
13/01/2022
783 جار خوێنراوەتەوە
بۆ کاک مەلا بەختیار: حوکمڕانیی عەلمانییەکانی هەرێم، هی چاخی بەردینە
لە راستیدا چاو و ڕوویەکی عەجیبی دەوێت، ئەوە حاڵی حزب و حکومەتت بێت و هێشتا پەلاماری ئیسلام بدەیت و پێتوابێت، بۆیە نەبوون بە مەدەنی و پێشنەکەتوون، چونکە دینیان لە دەوڵەت جیانەکردووەتەوە!
ئەرێ:
٣٠ ساڵە دین نەیهێشتووە ئێوە دەسەڵات و حوکمڕانییەکی پێشکەوتووتان هەبێت؟
تێکەڵبوونی دین و دەوڵەت، ڕێگربووە لەوەی حزبە عەلمانییەکان چەکدار و دەزگای ئەمنی و زیندانی نهێنییان هەبێت؟
ئەرێ ئیسلام هۆکاری چەقینی تا بینەقاقای ئەم دەسەڵات و حکومەتەی ئێوە بووە، لە دزی و گەندەڵیدا؟
سەیرێکی ئەو دونیا مۆدێرن و مەدەنیی و دیموکراسییە بکە، بزانە لە کامیاندا کۆپی حزب و حکومەتی وەک ئەوانەی ئێوە دەدۆزیتەوە و لە کوێ باویان ماوە؟
هەر بەجدی ئێوە چی پێگەو رێزێکتان بۆ ئیسلام و دروشمە ئاینییەکانمان هێشتووەتەوە، تا خەتای دواکەوتوویی و گەندەڵیی و میلیشیاگەریی ٣٠ ساڵی ڕابردووتان بە ئێستاشەوە، بخەنە ملی ئاین!
کاکی برا، کێ دەستی گرتوون حوکمڕانییەکی تەندروستی مەدەنیی، دوور لە میلیشیای حزب و شەخس و بنەماڵە دابمەزرێنن، کە هەر تاکێکی کورد هەست بە پارێزراوی شکۆ و کەرامەتی بکات؟ ئایین بوو یان رێچکەی نامۆی عەلمانیەت، کە خەریکە پایەکانی خێزانیش بەتەواوی ھەڵوەشێنێنێتەوە.
بەبڕوای من، دەبوو لە بری ئەمە داوای جیاکردنەوەی "دز و دەوڵەتداری" بکردایە، تا لەم مۆدیلە دواکەوتووەی حکومڕانی ڕزگارمان بوایە، کە ئەقڵیەتی سەدەکانی ناوەڕاستە و تا ئەم عەقڵیەتەش مابێت، کوردستان "دیموکراسیی و مەدەنییەت" بەخۆیەوە نابینێت!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی عهبدولستار مهجید