عه‌بدولستار مه‌جید 13/03/2021 1208 جار خوێنراوەتەوە

شکۆی میللەتەکەتان بپارێزن

هێرش و کاردانەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی وڵاتانی دراوسێ لەبەرامبەر نەخشەی کوردستان کە لەسەر (پولێک) دروستکرابوو، ئاماژەی چەند ڕاستییەکە:

- ئەوان دەزانن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان (لە هەردوو زۆنەکە !) وابەستەی بەرژەوەندی و ئەجێندای خۆیانە، بۆیە چاوەڕێیان لێ ناکەن کارێکی لەو جۆرە بکەن یان بیر لە شتێکی وا بکەنەوە!

- سی ساڵە حزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ مانەوەی خۆیان و سڕینەوە یان لاوازکردنی ئەوی دیکە، پەنایان بردۆتە بەر وڵاتێکی دراوسێ و لەو پێناوەشدا سڵیان لە هێنانی لەشکر و سوپای بێگانە بۆسەر خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان و لێدان لەیەکتری، نەکردۆتەوە.

بوونی بارەگای سەربازیی و هەواڵگریی دراوسێکانیش (بە ئاشکرا) لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بەڵگەی ئەو ڕاستیە تاڵەیە!

- لە ئاستی ناوخۆدا ئەوەندە تاکی کورد بێ ئیرادە و بێ ئینتیما کراوە، لە ڕووداوێکی لەم جۆرەدا لەبری پشتیوانیکردنی میللی لە حکومەت و سیستمی سیاسیی هەرێمی کوردستان، زۆرێک لە خەڵک و کۆمەڵگە یان گرنگیی پێنادەن یان ڕەخنە لە حکومەت دەگرن!

- گرێی خۆبەکەمزانین و بێگانەپەرستی لای دەسەڵاتی سیاسیی گەیشتۆتە ئاستێکی خەتەرناکی وا کە پێی شەرمە گرنگی بە ڕەمزەکانی خۆی بدات لە نمونەی (قازی محەمەد و سەڵاحەدینی ئەیوبی.. هتد) ئەگەرنا تۆ لەبری پاپا، بۆچی وێنەی یەکێک لەو سەرکردە مێژووکردانە ناخەیتە سەر پول و بە نوێنەری وڵاتان و شاندە بیانییەکان کە دێنە هەرێم ناڵێی، کورد خاوەنی خاک و مێژوو و زمان و نەتەوەی خۆیەتی و دەبێت وەک خۆمان بمانناسن و ڕێزمان بگرن؟!

- نەخشەی جیۆسیاسیی و ئاڵا و مێژوو و نەتەوە، موڵکی حزبەکان نیە، بەڵکو ناسنامەی میللەتێکی بێ سیادەیە کە لەسایەی بێویژدانی و بەرژەوەندخوازیی زلهێزانەوە، بە زیاتر لە چل ملیۆن ئینسانەوە، قەوارەیەکی سەربەخۆی پێ ڕەوا نابینن.

- کوردستان وەک خاک و کورد وەک نەتەوە، ئێمە دروستمان نەکردووە، بەڵکو شتێکی (خواکرد)ـە و پێویستە وڵاتانی دراوسێ کە خۆیان بە مسوڵمان دەزانن، ئەو حەقیقەتە لەبەرچاو بگرن و ئینکاری بڕیاری خوای گەورە نەکەن، چونکە جیاوازی زمان و نەتەوەکان یەکێکە لە ئایەتەکانی خوای گەورە و هەرکەس نکۆڵی لە وجودی کورد و کوردستان بکات، دژایەتی و ئینکاریی ئایەتێکی خوای گەورەی کردووە.

( يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ ) .




لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عه‌بدولستار مه‌جید

سەرەتا