عه‌بدولستار مه‌جید 03/11/2019 817 جار خوێنراوەتەوە

فریای خۆتان بکەون بەرلەوەی ئاگرەکە بگات !

گومانی تێدا نیە ئەوەی ئێستا لە عێراق ڕوودەدات، جگە لە کاریگەری وڵاتانی ئیقلیمی و هەندێ وڵاتی زلهێزی نێودەوڵەتی، تەقینەوەی توڕەیی خەڵکە لەو دەسەڵاتەی لە دوای ٢٠٠٣ وە دەستی بەسەر عێراقدا گرتووە و دەرەنجامەکەی تاڵانکردنی سامانی گشتیی لەلایەن حزبەکان و بێکاری و برسێتی و هەژاری و دواکەوتوویی و کاولبوونی وڵاتەکەیە .

سیستمی سیاسیی دوای ٢٠٠٣ دۆخێکی لە عێراق خوڵقاندووە، سەرەڕای ئەو هەموو سامان و پارە و داهاتەی لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک عێراقدا هەیە، کەچی خەڵکی عێراق هەژار و سەرزەمینی وڵات وێرانە و ژێرخانی ئابوری وڵات داتەپیوە و لەولاشەوە کەمینەیەکی دەسەڵاتدار کە هەریەکەیان ئەجێندای وڵاتێک لە عێراق جێبەجێدەکەن، لەوپەڕی ڕەفاهیەت و دەوڵەمەندیدان .

بەردەوامیی ئەو دۆخەی لە عێراقدا هەیە، ئەمڕۆ یان سبەی کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە ئێمە بەشێکین لەو وڵاتە و هەردۆخێک لەوێ دروست ببێ، ئێرەشی لێ بەدەر نابێ .

ئەو هۆکارانەی وایکردووە توڕەیی خەڵک بگاتە لوتکە و بتەقێتەوە، لە هەرێمی کوردستانیش هەیە، عێراق و هەرێمی کوردستان لە گەندەڵیی و قۆرخکاریی و بێکاری و هەژارییدا هاوبەشن، جا با هەندێ کەس بڵێن ئەوە نیە لە هەرێمی کوردستان مۆڵی گەورە و باڵەخانەی بەرزهەن!

جا خەڵک چی لەو مۆڵو باڵەخانانە بکات، بەشێکی زۆری ئەواتەش دیسان بەرهەمی ئەو گەندەڵیی و قۆرخکارییەیە کە کەمینەیەکی دەسەڵاتدار بە قوت و داهات و سامان و موقەدەراتی ئەم میللەتەوە دەیکەن !

ئاراستەی شەقامی عێراقیی و بڕیاری سیاسیی لە بەغدا ڕەنگە چیتر بە بەرژەوەندی هەرێم نەبێت و ببێتە هۆی بڕینی ئەو بەشە بودجەیەی کە تا ئێستا لەبەرامبەر هیچدا، بەغدا وەک موچەی فەرمانبەران ناردویەتی .

خۆ ئەگەر ئەمە ڕوویدا دیار نیە خەڵک کاردانەوەی چی دەبێت و چارەنوسی قەوارەی سیاسیی هەرێم وەک خۆی دەمێنێنێتەوە یان نا!

بۆیە پێویستە دەسەڵاتداران ژیرانە و قوڵتر بیر لەم دۆخە بکەنەوە، ناکرێ و ناگونجێ تۆ هەموو داهاتی هەرێمت له‌به‌ر ده‌ست بێ و بڵێی بەشی موچە ناکات و چاوەڕێش بکەی بەغدا پارە و بودجەت بۆ بنێرێت، ئەگەر تا كو ئێستا ئەمەتان بۆ چوبێتەسەر، دڵنیابن چیتر ناچێتەسەر!

تەنها ڕێگە لەبەردەماندا چاکسازیی جدی و گۆڕانکاری ڕیشەییە لە سیتمی سیاسیی و کارگێڕیی و داراییدا، بەدەر لەمە و خۆدزینەوە لێی، بارودۆخێک ڕوودەدات ڕەنگە بە بیری کەسماندا نەهاتبێ، چونکە هەتاسەر دروشمی کوردایەتی و قەوارەی هەرێم و ئابوری سەربەخۆ خەڵک تێر ناکات و جگە لە کەمینەیەک، گەدە و گیرفانی کەسی پڕ نەکردووە !!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عه‌بدولستار مه‌جید

سەرەتا